رووداو دیجیتاڵ
فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، سەردانەکەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، بە مەبەستی دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی واشنتن بووە بە "پەیوەندییەکی درێژخایەن و هاوسەنگ" لەگەڵ عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵ و خاوەن سەروەری.
بە گوتەی یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمریکا پشتیوانی لە حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی دەکات و خوازیارە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا "باش بن و هەموو لایەک کار بۆ سەقامگیری بکەن." ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی ئابووری و زەوینەخۆشکردن بۆ هاتنی کۆمپانیای زیاتری ئەمریکی بۆ ئەمریکا گرنگە.
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی سەردانەکەی باراک، پرسی چەک بووە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت. فەلاح مستەفا گوتی: "ئەمریکا وڵاتێکی پراکتیکییە و ئەوان دەیانەوێت لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کاربکەن بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت." گوتیشی ئەمریکا تێدەگات ئەم پرۆسەیە "ئاڵۆزە و کاتی دەوێت."
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە گوایە تۆم باراک کار بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان دەکات، فەلاح مستەفا ئەو خوێندنەوانەی بە "ناواقیعی" ناوبرد و گوتی: "بەپێچەوانەوە، ئەو چەند دیدارەی کە لە هەرێمی کوردستان کردوویەتی، زۆر جێگەی خۆشحاڵی بوون، چونکە تێگەیشتنێکی زۆر واقیعبینانەی هەبوو لەبارەی بارودۆخەکەوە." گوتیشی، ئەمریکا "هەرێمی کوردستان وەک دۆست و هاوپەیمان دەبینێت" و چاوەڕوانی رۆڵێکی زیاتری لێدەکات لە عێراق و ناوچەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەدا لە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیدا لەنێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و تۆم باراک، باسی دۆخی سووریا و پرۆسەی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان کراوە. بە گوتەی فەلاح مستەفا، تۆم باراک ئەو ئاستەنگانەی تۆمارکردووە کە لەبەردەم رێککەوتنەکاندان بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکات.
فەلاح مستەفا رایگەیاند، تۆم باراک وەک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا، "سڵاو و رێزی ترەمپی گەیاندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان" و خۆشحاڵیی ئەوی نیشانداوە کە "هەرێمی کوردستان وەکو دۆستی خۆیان دەبینن."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: تۆم باراک بۆچی هاتبوو؟
فەلاح مستەفا: دوای راسپاردنی بە ئەرکی نوێی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، ئەم سەردانەی کرد. بێگومان پێشتر سەردانی عێراقی کردووە، بەغدا و هەولێر، بەڵام بە مەبەستی جیاواز بۆ بەرنامەی تایبەت، بەڵام ئەمجارە دوای ئەم دەستنیشانکردنە یەکەم سەردانی بوو کە بێت و گرنگیش بوو سەردانی بەغدا و هەولێر بکات، وەک دوو وێستگەی گرنگ بۆ سەقامگیری و ئەو رۆڵەی کە دەبینرێت لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ئەو پەیوەندییە درێژخایەنەی، کە لەگەڵ ئەمریکا هەیە و ئایندەی ئەو پەیوەندییانە.
رووداو: شتێکی دیاریکراو هەبوو بۆی هاتبێت؟
فەلاح مستەفا: گومان لەوەدا نییە دوای پێشهاتەکانی ناوچەکە و دوای ئەو تێگەیشتنە هاوبەشە یان ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان ئەمریکا و ئێران پێیگەیشتن، دۆخی ناوچەکە دەخوازێت کە لایەنە سیاسییەکان پێکەوە لە گفتوگۆی بەردەوامدابن. یەکەمیان، مەبەستی ئەوە بوو هەر لە بەغداوەش روونیکردەوە کە ئێمە پابەندین بە پەیوەندییەکی درێژخایەن یان شێوازی پەیوەندییەکان لە عێراق بگۆڕین کە چەشنێک بێت پەیوەندییەکی درێژخایەن و هاوسەنگ بێت، لە بواری سیاسی، ئابووری و وزە. گرنگ ئەوە بوو کە پابەندبوونی ئەوان بە کارکردن لەگەڵ عێراق بۆ عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵی خاوەن سەروەری، کە پێکەوە کاربکەن.
رووداو: عێراق وڵاتێکی دیموکراتی، فیدراڵی و خاوەن سەروەرییە؟
فەلاح مستەفا: دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت کە عێراق وەک وڵاتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەری و وڵاتێکی گرنگ لە ناوچەکە رۆڵی خۆی بگێڕێت، بۆیە ئەمریکاش ئەو چاوەڕوانییەی هەیە. خاڵێکی سەرەکی لەم هاوکێشەیە، بوونی پەیوەندییەکی دروستە لە نێوان هەولێر و بەغدا.
رووداو: پەیوەندی هەولێر و بەغدا چۆنە ئێستا؟
فەلاح مستەفا: ئێستا پەیوەندییەکی باشە و ئومێدەوارین لەسەر ئەو متمانەیەی هەیە شتی دیکە بنیادبنرێت بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکەوە کاربکەین. هەر لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەی تۆم باراک و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، باس لەوە کراوە دامەزراوە دەستوورییەکان و ئەو عێراقەی کە دەیانەوێت دروستی بکەن، ئەو سەقامگیری و ئارامییە بە پابەندبوون بە دەستووری عێراق جێبەجێ دەکرێت. ئێمەش پابەندبوونی خۆمان بەوە دووپاتکردەوە. ئەوان دەیانویست پەیامێکی ئاشکرا بنێرن کە پشتیوانی لە حکومەتی بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی تازەی عێراق دەکەن، کە بە هەمانشێوە هەرێمی کوردستانیش ئەو پەیامەی ناردووە کە ئێمە پشتیوانی لە حکومەتی بەڕێز زەیدی دەکەین و ئامادەین بەیەکەوە کاربکەین بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان.
رووداو: تۆم باراک هیچ داوایەکی هەبوو لە هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە؟
فەلاح مستەفا: داواکاری ئەوە بوو کە ئەوان خوازیارن پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا باش بێت و هەروەها هەموو لایەک کار بۆ سەقامگیری بکەن، کار بۆ زەوینەخۆشکردن بکەن بۆ هاتنی کۆمپانیای زیاتری ئەمریکی، چونکە لایەنی ئابووری بۆ ئەوان لایەنێکی گرنگە. عێراقێک خاڵی بێت لە تیرۆر و چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، ئەوە کۆمەڵێک بوون لەو بەرنامانەی کە خودی سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدیش ئاماژەی پێکردووە.
رووداو: لە کۆبوونەوەی ئێوەدا، باسی ئەوە کرا ئەمریکا چی لە عێراق دەوێت؟ ئایا رازی دەبێت چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بمێنێتەوە؟
فەلاح مستەفا: ئەمریکا وڵاتێکی زلهێزە، ئەمریکا وڵاتێکی پراکتیکییە و ئەوان ئەو پێشبینییەیان هەیە کە لایەنە سیاسییە عێراقییەکان، ئەوانەی کە دەیانەوێت پەیوەندی و هاوبەشییەکی درێژخایەنیان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت، کاربکەن بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت. بۆیە ئەوان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بە بڕیاری هەندێک لەو لایەنە سیاسیانەی کە ئامادەن و چەکی خۆیان رادەستی حکومەت کردووە، بەڵام ئەوانیش ساویلکە نین، دەزانن ئەو پرۆسەیە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، کاتی دەوێت، بەدواداچوونی دەوێت،
رووداو: وادەیەک دیاریکراوە بۆ ئەوە؟
فەلاح مستەفا: ئەوانیش ئەو خشتە کاتییەیان داناوە، بەڵام تێشیدەگەن لەوەی ئەگەر ئاڵۆزی بێتە پێش، شتەکان دوابخرێت. بێگومان بڕیاری ئاشکرا و دیاریکراوی ئەوان ئەوەیە کە چەک تەنیا دەبێت لە دەستی دەوڵەتدا بێت بۆ ئەوەی بتوانرێت سەقامگیری و ئارامی لەو وڵاتە هەبێت، لەبەر ئەوەی سەقامگیری و ئارامی بەندە بە راکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی و بەرەوپێشبردنی باری ئابووری و پەرەپێدانی کۆمەڵگا.
رووداو: ئەو خشتە زەمەنییە کەیە کە ئەوان دیارییان کردووە؟
فەلاح مستەفا: ئەوە زیاتر لەگەڵ لایەنی عێراقی کاری لەسەر دەکەن. ئەوان خۆشحاڵ بوون بەو هەنگاوانەی تاوەکو ئێستا نراون. راستە حەزدەکەن زیاتریش بێت، بەڵام دۆخی عێراق ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە. ئەوەی تاوەکو ئێستا کراوە.
رووداو: ئەمریکا رازییە لەوەی تاوەکو ئێستا کراوە؟
فەلاح مستەفا: ئەوەی ئێمە لێیان تێگەیشتین، پێیانخۆشە و حەزدەکەن بەردەوام بێت و زیاتریش بێت.
رووداو: هەمیشە کە تۆم باراک دێتە عێراق و هەرێمی کوردستان، قسەیەک دروستبووە کە پیاوێکە رەنگە لەگەڵ مەرکەزییەت بێت لە عێراق و مەترسی لەسەر فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات و کار بۆ لاوازکردنی بکات، ئەو قسانە راستن؟
فەلاح مستەفا: بۆ باش ناسینی کەسێک، ناتوانیت بڕیار لەسەر ئەوە بدەیت بە خوێندنەوەی یەک گوتار یان گوێگرتن لە یەک دیدار یان نیو دیدار یان لە شوێنێک کە کۆتێکی لێ وەرگیرابێت. هەر کەسێک لە باگراوندێکی جیاوازەوە دێت، سیاسی بێت، لە بواری بازرگانی کاری کردبێت، لە بواری وەبەرهێنان کاری کردبێت، چاوکراوەن و دەزانن چی دەکەن. بەڵام کلیلی بابەتەکان سەقامگیری بوو بۆ ئەوان. ئەوان یەکەم، بە روونی پشتیوانیی خۆیان بۆ حکومەتی بەڕێز زەیدی دووپاتکردەوە. دووەم، پشتیوانیی خۆیان بۆ بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هەولێر و بەغدا دووپاتکردەوە. پشتیوانیی خۆیان بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان لە عێراق دووپاتکردەوە و بۆ بوونی پەیوەندییەکی درێژخایەن. بۆ ئەوان، لە چوارچێوەی عێراق وێنە گەورەکە دەبینن.
رووداو: بۆچوونی بەرامبەر هەرێمی کوردستان چییە؟
فەلاح مستەفا: ئەوان هەرێمی کوردستان وەک دۆست و هاوپەیمان دەبینن. زۆر وێستگەی گرنگ هەبووە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا کاری کردووە پێکەوە، ئەوانە لەبەرچاو دەگرن و چاوەڕوانیان هەیە کە هەرێمی کوردستان رۆڵی زیاتر بگێڕێت، نەک تەنیا لەنێو عێراق، بەڵکو لە ناوچەکەش.
رووداو: واتە ئەو بۆچوونە راست نییە تۆم باراک کار بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی مەرکەز دەکات؟
فەلاح مستەفا: بەڕاستی من لام سەیر بوو هەندێک لە خوێندنەوەکان زۆر ناواقیعی بوون، هەندێک لەو نیگەرانیانەی کە دەردەبڕران لە جێی خۆیان نەبوون. بابەتەکان هێندە پەیوەندیدار نەبوو بە هەرێمی کوردستانەوە، بەپێچەوانەوە، ئەو چەند دیدارەی کە لە هەرێمی کوردستان کردوویەتی و ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانەی کە کردوویەتی بەر لە وەرگرتنی ئەم ئەرکە، زۆر جێگەی خۆشحاڵی بوون، چونکە تێگەیشتنێکی زۆر واقیعبینانەی هەبوو لەبارەی بارودۆخەکەوە. بۆیە ئێمە پەیوەندییەکی باش و بنیادنەرانەمان هەیە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز تۆم باراک و ئێمە وای دەبینین کە دەتوانین زۆر لە نزیکەوە بەیەکەوە کاربکەین بۆ بەرنامەی دیکە لە ئایندەدا.
رووداو: باسی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان کرا؟
فەلاح مستەفا: ئەوان بە شێوەیەکی گشتی باسی عێراق و سەقامگیریی عێراق و پشتیوانی لەو پەیوەندییە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق دەکەن. هەروەها رێگەخۆشکردن بۆ پرسەکانی وزە، ئابووری و کۆمپانیاکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەو پرسانە بکەن. ئەو بابەتە لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسکرا، بەڵام پرسی ناوچەکە و بیروڕا ئاڵوگۆڕکردن لەسەر ئەوەی کە لە ناوچەکە روویدا، زۆری لامەبەست بوو کە خوێندنەوە و تێڕوانینی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆن بوو بۆ ئەو رووداوانەی کە روویاندا، چۆن دەڕواننە دۆخەکە و چی بکرێت باشە. بۆیە ئەم دیدارانە بەشێکیان بۆ ئەوە بوو کە بێنە ئێرە بۆ تێگەیشتن لە هەرێمی کوردستان، لە سەرکردایەتیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، تێڕوانینی ئێمە بۆ پرسەکان چۆنە.
رووداو: هەرچەندە تۆزێک دووری لە کاری حیزبی، بەڵام باسی ئەوە کرا کە پێش ئەوەی بێت، داوای کردووە پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و رایەکیان لێک نزیک بکاتەوە؟ لە بەغداش لەگەڵ کاک قوباد و کاک بافڵ کۆبووەوە، باسی ئەم بابەتە کرا؟ هیچ داوایەکی لە یەکێتی و پارتی هەبوو؟
فەلاح مستەفا: ئەوەی گرنگە، ئەوان سەقامگیریی هەرێمی کوردستانیان لامەبەستە و هەموو ئەو دۆستانەی کە هەمانن، خوازیاری ئەوەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاریی خۆمان و عێراقیش بکەین و هاوکاریی دۆستانیشمان بکەین بۆ ئەو بەرنامانەی کە هەیانە لە ناوچەکە. ئەوە داخوازیی ئەوانە، بەڵام لەوانەیە ئەم بابەتە بە درێژی لە دیدارەکانی دیکە باسکرا بێت.
رووداو: لەگەڵ تۆم باراک، کە بەڕێز مەزڵووم عەبدیش لێرە بوو، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک کرا، لەوێ باسی چی کرا؟
فەلاح مستەفا: لەو کۆبوونەوەیە هەردوو لا سوپاسگوزاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوون بۆ ئەو رۆڵەی کە گێڕای لە کاتی بوونی ئاڵۆزی لە سووریا و ئەو پەیوەندییانەی کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق هەیە. مەبەستیش لەوە بوو بزانین ئایا ئێستا دۆخەکە چۆنە، پرۆسەی یەکگرتنەوە و تێکەڵکێشان و پرۆسەی سیاسی لەوێ چۆن دەڕوات و چی پێویستە بکرێت.
رووداو: چۆن دەڕوات ؟
فەلاح مستەفا: ئەوەی ئێمە گوێبیستی بووین لە دیدارەکە لە بەڕێز مەزڵووم عەبدی، ئەوە بوو کە ئەوان خۆشحاڵن بەو پێشکەوتنانەی هاتوونەتە دی. راستە هەندێکجار پرۆسەکە خاوە، بەڵام هەردوو لا پابەندن بەو رێککەوتنەی کە کراوە و پابەندن بە جێبەجێکردنی. ئەو خاڵانەی کە وەک ئاستەنگ هەبوون یان نەچووبوونە پێش، بەڕێز تۆم باراک لەلای خۆی تۆماری کردن بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کاریان لەسەر بکات بۆ جێبەجێکردنیان.
رووداو: ئاستەنگ چییە لە رۆژئاوای کوردستان؟ بەتایبەتی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان لەگەڵ سوپای سووریا، خوێندن بە کوردی و مافی کورد لە سووریا، هیچ گلەیی و گازندەیەکتان لە مەزڵووم عەبدی گوێ لێبوو؟
فەلاح مستەفا: ئەوان وەک گوتم پابەندن بەو رێککەوتنەی کراوە، خۆشحاڵن بەو تێگەیشتنانەی کە لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆمار و بەڕێز وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی دیکە لە حکومەتی سووریا هەیانە و خوازیارن زیاتر بڕۆنە پێش. لەڕووی سەربازییەوە هەستدەکەم ئەوان خۆشحاڵ بوون بەو پرۆسەیەی دەچێتە پێش.
رووداو: رازین؟
فەلاح مستەفا: راستە لەوانەیە لە ئاستی ویست و خواستی ئەوان نەبێت بەپێی ئەوەی کە بەخێرایی بکرێت، بەڵام لە دۆخێکی وادا، ئەوەی کراویشە نابێت بە کەم بزانرێت. بۆیە ئەو تێگەیشتنە هاوبەشە هەیە لەسەر مافی کورد، بەشداریی کورد، زمانی کوردی، خوێندن بە زمانی کوردی و پرۆگرامی خوێندن تێگەیشتن هەیە، راستە هەندێکیان بۆ جێبەجێکردن کاتیان دەوێت، ئەوەش ئەو خاڵانە بوون کە داوایان کرد بەڕێز تۆم باراک بتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت بۆ هاندانی هەردوو لا بۆ جێبەجێکردنیان.
رووداو: دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، هیچ پەیامێکی لە رێگەی تۆم باراکەوە هەبوو؟
فەلاح مستەفا: تۆم باراک وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، سڵاو و رێزی ترەمپی گەیاند، خۆشحاڵە کە ئەوان هەرێمی کوردستان وەکو دۆستی خۆیان دەبینن.
رووداو: سڵاوی ترەمپی گەیاند ؟
فەلاح مستەفا: بەڵێ، چونکە بە نوێنەرایەتیی جەنابیان هاتووە. راستە ئەمریکا باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا هەیە، بەڵام کە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا دێت، بە پەیامی ئەوەوە دێت. بۆیە ئەو بابەتانەی باس دەکرێن، جێگەی بایەخی ئەون بۆ ئەوەی چۆن بتوانن بەرنامەکانیان لە عێراق و لە ناوچەکەش جێبەجێ بکەن. ئەو پۆستەی کە وەریگرتووە، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و هەروەها نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، خۆی لە خۆیدا ئەوە دەگەیێنێت کە ناوچەکە پێویستی بەوەیە، لەبەر ئەوەی هەندێک بابەت پێکەوە گرێدراون. بۆیە تێگەیشتنێکی باشی هەیە و ئەو رۆڵەی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو پێگە جوگرافییەی هەیەتی، لەبەرچاو دەگرن.
رووداو: بانگهێشتی شاندی عێراق بۆ ئەمریکا کراوە، ئایا نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت لە شاندەکە؟
فەلاح مستەفا: تاوەکو ئێستا ئەو بابەتە باس نەکراوە، بەڵام وەک لە راگەیێندراوەکان و پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک ترەمپ و سەرۆکوەزیران زەیدی باسکرا، بڕیارە لە 15ی مانگی حەوت ئەو شاندە بچێتە ئەمریکا، بەڵام وردەکارییەکان لەوانەیە دواتر روونببنەوە کە ئایا هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی دەبێت یان نا. گرنگ ئەوەیە ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییەکی درێژخایەن و هاوبەشییەکی درێژخایەنی هاوسەنگی لەگەڵ عێراق و لەنێو عێراقیشدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت.


