رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای دانە گاز لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "وەبەرهێنانی زۆر زیاتر لە چەمچەماڵ دا دەکەین. لە یەکەم قۆناخی گەورەدا دەتوانین بیر لە وەبەرهێنانی دوو ملیار دۆلار بکەینەوە." هەروەها گوتی، لەو کاتەوەی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، "لە ناوچەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی 2007ـەوە تاوەکو ئێستا بڕی 4 ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان کردووە."
مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کریسێنت پێترۆلیۆم و بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای دانە گازە، هەروەها سەرکردایەتیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پێرڵ پێترۆلیۆم دەکات کە لەپشت کێڵگەکانی گازی کۆرمۆر و چەمچەماڵەوەیە لە هەرێمی کوردستان.
مەجید جەعفەر، کە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2026 لە نووسینگەی رووداو لە واشنتن هەڤپەیڤینی لەگەڵ کرا باسی لەوە کرد، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن کۆمپانیای PwCـەوە کراوە، بۆئەوەی سەیری کاریگەریی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەو 4 ملیار دۆلارە بکەن کە وەبەرهێنانیان کردووە لە هەرێمی کوردستان، "ئەنجامگریی ئەوان ئەوەیە، هەلی کاری زۆر رەخسێندراوە. ئینجا چونکە گاز پارە بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە، ئەو 4 ملیار دۆلارە نزیکەی 40 ملیار دۆلار پاشەکەوتی لە تێچووی سووتەمەنیدا بەدەستهێناوە و کۆی بەرهەمی نێوخۆیی بە بڕی 250 ملیار دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق رەخساندووە."
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای دانە گاز ئەوەی خستەڕوو، ئەو کارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007 لە بواری وزەدا لەگەڵ ئەوان دەستیپێکرد، هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، "لە ساڵی 1958ـەوە تاوەکو ئەو کاتەی دەستمان بە بەرهەمهێنانی گاز کرد بۆ کارەبا لە ساڵی 2008، بۆ ماوەی 50 ساڵ هیچ بەرهەمهێنانێکی نوێی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دا نەبوو، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق هەرێمی کوردستانیان بۆ کارەبا پشتبەستوو بە حکومەتی فیدراڵی هێشتەوە،" بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە "ئێستا گۆڕاوە و، لەجیاتی ئەوەی پشتبەستوو بێت بە بەشەکانی دیکەی عێراق، ئێستا عێراق کارەبا و بەم زووانەش گاز لە هەرێمی کوردستان دەکڕێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: مەجید جەعفەر، بەخێربێیت بۆ ستۆدیۆکەمان لە واشنتن.
مەجید جەعفەر: سوپاس. دڵخۆشم کە لەگەڵتانم. سەرەتا دەمەوێت سەرەخۆشیی خۆم بۆ کۆچی دوایی و خەمناکی هاوکارەکەتان، هەڵکەوت لە بەغدا دەرببڕم. سەرەخۆشی لە ئێوە و تەواوی تیمی رووداو دەکەم و دوای ئەوەش، دەمانەوێت سوپاسی رووداو بکەین بۆ رووماڵە نایابەکەیان لێرە لە واشنتن کە ئێمە لە سەرانسەری جیهانەوە چاودێری دەکەین و پرسەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە چەقی کارنامەکان دا دەهێڵێتەوە، تەنانەت لەنێو (کۆشکی سپی)یش دا، ماشەڵڵاتان لێبێ. بۆیە، زۆر سوپاسی ئێوە دەکەین.
رووداو: زۆر سوپاس. بە رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە دەست پێدەکەین. دوای تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە مانگەکانی شوبات و ئاداردا، بەرهەمهێنانی تەواوتان لە مانگی نیسان دا دەستپێکردەوە. چ رێوشوێنێکی دیاریکراو گیرایەبەر بۆ پاراستنی کارمەندان و دامەزراوەکان و کارەکانتان؟
مەجید جەعفەر: بێگومان، کاتێکی پڕ لە ئاڵنگاری بوو بۆ هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ یەکەم جار لە مێژوودا لەم شەڕەدا بەشداربوون. بەتایبەتی عێراق، لە هەموو لایەکەوە رووبەڕووی هێرش بووەوە، لەلایەن ئەمریکا، ئیسرائیل و میلیشیاکانەوە لە ئێران. ئێمە هەنگاومان نا. رۆژانە چەندین جار چاودێریی دۆخەکەمان دەکرد. بێگومان، ئێمە مێژووی ئەوەمان هەبوو کە 11 جار هێرشمان کراوەتە سەر، تەنانەت پێش شەڕەکەش. هەنگاوی پێویستمان هەڵێنان لەڕووی ئاستی بەرهەمهێنان و پرۆتۆکۆڵەکان لەگەڵ کارمەندان بۆ پاراستنیان. بێگومان، سوپاسی ئەو هاوئاهەنگی و پشتیوانییە دەکەین کە هەبوو. هاوبەشییەکی درێژخایەنە، ئێمە ئێستا لە 19ـیەمین ساڵی کارکردنمانداین. ساڵی داهاتوو دەبێتە 20 ساڵی کارکردنمان لە هەرێمی کوردستان. بۆیە، سوپاسی سەرکردایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی سلێمانی دەکەین، هەروەها حکومەتی عێراقیش.
رووداو: باشە، باست لە حکومەتی عێراق کرد، بەغدا بەم دواییانە بەڵێنی پشتیوانیی زیاتری بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان داوە. ئاستی ئێستای هاوئاهەنگیی ئەمنی لەنێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیاکانی کەرتی پیشەسازی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
مەجید جەعفەر: لە دۆخی ئێمەدا، سوپاس بۆ خودا، هاوئاهەنگییەکی زۆر باش هەبووە، بەڕاستی هەوڵێکی هاوبەش هەبووە. سوپاسی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین، سوپاسی حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکەین کە لە سەردەمی حکومەتی پێشووەوە بە بەرگریی ئاسمانی پارێزگاری لە کۆرمۆر دەکات و ئێستاش لەم حکومەتەدا بەردەوامە، ئەمەش وایکردووە ئێمە بەردەوام بین لە بەرهەمهێنان. پێموایە لە هەموو لایەکەوە دان بەوە دانراوە کە ئەمە ژێرخانێکی گرنگە کە کارەبای هەرزان نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ بەشەکانی دیکەی عێراقیش دابین دەکات. بۆیە کاتێک لە رابردوودا هێرشمان کراوەتە سەر، لەلایەن هەموو لایەنەکانی عێراق و هەروەها لە ئاستی نێودەوڵەتیش دا سەرکۆنە کراوە و دان بەوە دانراوە کە ئەمە دامەزراوەیەکی گرنگە و خزمەتگوزاری و پێویستییەکی بنەڕەتی لەنێو وڵات دا دابین دەکات.
رووداو: ئێمە دەزانین ئەم هێرشانە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر تەواوی ئەو کارانە هەیە کە لەوێ دەیانکەن، بۆیە پچڕانەکانی سەرەتای ئەم ساڵ بوونە هۆی کەمبوونەوەیەکی زۆری کارەبا. وەکو دابینکەری سووتەمەنی بۆ نزیکەی 80٪ی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان، چۆن هاوسەنگی لەنێوان ئاڵنگارییە تەناهییەکان و بەرپرسیارێتیی دڵنیابوون لە دابینکردنی وزە بۆ خەڵک رادەگرن؟
مەجید جەعفەر: ئێمە ئەم بەرپرسیارێتییە زۆر بە رژدی (جیدی) وەردەگرین. بێگومان، سەرنجی یەکەممان لەسەر ئەمەیە. کاتێک بەرهەمهێنان رادەگرین یان کەمی دەکەینەوە، ئێمە زیانمەندین. ئەوە لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە، بەڵکو راستییەکەی، دابینکردنی پێویستیی بنەڕەتیی خەڵک بۆ کارەبا زۆر بە رژدی وەردەگرین. لە رابردوودا، تەنانەت کاتێک کێشەمان لەگەڵ حکومەت لەسەر نەدانی پارە هەبووە، بەردەوام بووین لە بەرهەمهێنان، چونکە ئەو بەرپرسیارێتییە زۆر بە رژدی وەردەگرین. بۆیە ئەو هەنگاوانەی لەکاتی ئەم شەڕەدا بۆ کەمکردنەوە یان هەندێک جار بۆ راگرتنی بەرهەمهێنان ناومانن، بۆ پاراستنی دامەزراوەکان و بێگومان ئەو کەسانە گیراونەتەبەر کە لەوێ و لە دەوروبەری کار دەکەن، بۆیە سوپاس بۆ خودا بە درێژایی ماوەی شەڕەکە بەرهەمهێنانمان لە ئاساتێکدا هەر هێشتەوە، تەنانەت کاتێک کۆمپانیاکانی دیکەش هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشت. بەداخەوە، لەم شەڕەدا هێرشکرایە سەر ژێرخانی وزە لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، تەنانەت لە ئیماراتیش بەشێوەیەک کە پێشتر هەرگیز رووینەدابوو. یەکێک لەو بەندەرانەی کە لە ئیمارات کاری تێدا دەکەین، بۆ یەکێکی دیکە لە کۆمپانیاکانی گرووپەکەمان، هێرشیکرایە سەر. بۆیە، کاتێکی بێوێنە و پڕ لە ئاڵنگاری بووە بۆ هەموو ناوچەکە، بەڵام سوپاس بۆ خودا، پێکەوە و بە هاوبەشیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دا، توانیومانە ئەم قۆناخە سەختە تێبپەڕێنین و هیوادارین رۆژانی باشتر بێنە پێشەوە.
رووداو: لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵنگارییانەدا، ئێوە هەندێک پێشکەوتنتان لە هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە. پرسیارێک لەسەر فراوانکردنی KM250 دەکەم، فراوانکردنی KM250 توانای بەرهەمهێنانی کۆرمۆری بۆ 750 ملیۆن پێ سێجا گاز لە رۆژێکدا زیادکردووە. ئەم بڕە زیادەیە چۆن دەخرێتە نێو تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە و تاوەکو ئێستا چ کاریگەرییەکی هەبووە؟
مەجید جەعفەر: زۆر دڵخۆشین و شانازی دەکەین بەم هاوبەشییە و بە زیادکردنی بەرهەمی گاز و دەستپێشخەریی پڕۆژەی رووناکی کە دەستپێشخەرییەکی نایابە بۆ گەیشتن بە کارەبای 24 کاژێری بۆ هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ 2026، کە لە رێگەی چاکسازی لە نرخی کارەبا و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوون و پێوەری زیرەکەوە بەدەستدێت. ئەمانە ئەو شتانەن کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ئیمارات کران و دابینکردنی کارەبایان کردە دەستپێشخەرییەکی سەرکەوتوو. تەنانەت لە دووبەی، دەسەڵاتی کارەبا و ئاو هەیە کە بووە کۆمپانیایەکی تۆمارکراو لە بازاڕی بۆرسەدا. بۆیە ئەو هاوبەشییە زۆر گرنگە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە هاوبەشە.
رووداو: جگە لەوە، پێرڵ پێترۆلیۆم بڕی 160 ملیۆن دۆلاری بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی چەمچەماڵ تەرخانکردووە. توانای بەرهەمهێنانی درێژخایەنی ئەو کێڵگەیە بەراورد لەگەڵ کۆرمۆر چۆن دەبینن؟
مەجید جەعفەر: چەمچەماڵ، وەکو ئاماژەتان پێدا، ئەم پڕۆژە سەرەتاییە بە بڕی 160 ملیۆن دۆلار بوو، پڕۆژەی کۆرمۆر 250، لە کۆتاییدا پڕۆژەیەکی 1.2 ملیار دۆلاری بوو، چونکە بەهۆی کۆڤید و هێرشەکانەوە کاتی زیاتری خایاند. تێچووی زیاتر بوو و پارەدارکردنیشمان هەیە. ئێستا ئەم پڕۆژە نوێیە بریتییە لە لێدانی سێ بیر و رووپێویکردن و هەڵسەنگاندن بۆ ئەوەی بزانرێت چی لە کێڵگەکەدا هەیە و چۆن بە باشترین شێوە پەرەی پێبدرێت، بەڵام هەروەها بڕێک بەرهەمی سەرەتاییشی دەبێت، کە 80 بۆ 100 ملیۆن پێ سێجایە لە رۆژێک دا، دواتر قۆناخ بە قۆناخ بەرهەمی زیاتر دەکەین. ئێستا ناتوانین بڵێین توانای بەرهەمهێنانی کۆتایی کێڵگەکە چەند دەبێت، چونکە پێویستە بیرەکان لێبدەین و هەڵسەنگاندن بۆ رووپێویی زەوییەکە بکەین، بەڵام گەشبینین کە دەتوانێت ببێتە کێڵگەیەکی دیکەی گەورەی بەرهەمهێن بۆ هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق.
رووداو: کەواتە لەگەڵ ئەو وەبەرهێنانەدا، ئێوە بەم دواییانە گرێبەستی 10 ساڵەتان بۆ دابینکردنی گازی چەمچەماڵ بۆ کارگەکانی چیمەنتۆ و ئاسن واژۆکرد. ئەم هەنگاوە گرنگە چ مانایەکی بۆ گەشەپێدانی پیشەسازیی کوردستان و هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە خۆبژێویی ئابووریی زیاتر هەیە؟
مەجید جەعفەر: پرسیارێکی زۆر زۆر باشە. ئێمە زۆر دڵخۆشین بەم قۆناخە نوێیە. تەنانەت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دواوە، دەزانن کە ئێمە لە ساڵی 2007ـەوە لەوکاتەوەی دەستمان پێکردووە تاوەکو ئێستا بڕی 4 ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان کردووە. وەکو ئاماژەم پێدا ساڵی داهاتوو یادی 20 ساڵەمان دەکەینەوە. ئێمە هەمیشە کاری هەرە لەپێشینەمان یەکەم جار دابینکردنی پێویستییەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان خۆی بووە، ئینجا دۆزینەوەی بازاڕی دیکە. بێگومان پیشەسازی زۆر گرنگە، چونکە هەلی کاری زیاتر و وەبەرهێنانی زیاتر دەڕەخسێنێت و، هەروەها بازاڕی دیکە دەکاتەوە، وەکو حکومەتی فیدراڵی.
ئێستا لە پیشەسازی دا، دوو بەشت هەیە. پیشەسازیی ئێستات هەیە، ئەوانە ئەو کارگانەن کە پێشتر هەبوون، کارگەی چیمەنتۆ و ئاسن و ئەوانی دیکە کە رەنگە ئەوانە نەوتی رەشیان بەکارهێنابێت، کە پیسکەرە و لە عێراق دا نرخەکەی گرانتر دەبێت، چونکە پاڵپشتیی دارایی لەسەر لادەبرێت، بۆیە جێگرتنەوەی بە گاز دەتوانێت سوودی ئابووری و ژینگەیی هەبێت. ئەوەش بنچینەی ئەم یەکەمین گرێبەستانەیە و، چاوەڕێ دەکەین بەم زووانە گرێبەستی زیاتر واژۆ بکەین، کە هەندێک لەم کڕیارانە دەیانەوێت زیاتر بکڕن، یان چاوەڕێی هەندێک کڕیاری نوێ دەکەین.
دواتر هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە کە پڕۆژە پیشەسازییە نوێیەکان چین. کڕیاری نوێ کە هێشتا کارگەیان لە هەرێمی کوردستان دروست نەکردووە، کە دەتوانن بێن و، بەهۆی دابینکردنی گازەوە گرێبەست واژۆبکەن و وەبەرهێنانی نوێ بکەن و بەرهەمی ئابووریی نوێ دروستبکەن. بۆیە راستییەکەی، ئێمە هێشتا راماننەگەیاندووە. بۆیە من لەگەڵ ئێوەدا، لێرە لە رووداو دا رایدەگەیێنم. ئێمە توێژینەوەیەکمان لە رێگەی PwCـەوە کرد. کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتییە، بۆ ئەوەی سەیری ئەو 4 ملیار دۆلارە بکەین کە وەبەرهێنانمان پێکردووە، بۆ ئەوەی بزانین کاریگەریی ئەمە لەسەر لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی چییە. ئەنجامگریی ئەوان ئەوەیە کە هەلی کاری زۆر رەخسێنراوە و دابینکراوە. ئینجا چونکە گاز پارە بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە، ئەو 4 ملیار دۆلارە نزیکەی 40 ملیار دۆلار پاشەکەوتی لە تێچووی سووتەمەنیدا بەدەستهێناوە و کۆی بەرهەمی نێوخۆیی بە بڕی 250 ملیار دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق رەخساندووە. بۆیە ئەمە شتێکە کە زۆر شانازیی پێوە دەکەین. ئێستا ئەمە ئەو کاتەیە کە سوودی وەبەرهێنان دەبینین. من لەسەر ئاستی نێوخۆیی بینیومە کە سەردانم کردووە. گوێم لە چیرۆک بووە کە چۆن ئەو کەسانەی وەک کرێکار لە کێڵگە و کارەکانماندا دەستیان پێکردووە، بوونەتە خاوەنکار و 50 کەس، 100 کەسیان دامەزراندووە و لە ناوچەکەدا کار دەکەن. کەواتە ئێمە یەکەم جار کارەبامان گەیاندە ناوچەکە. دڵنیابووینەوە کە گوندەکانی دەوروبەری شوێنی کارکردنمان 24 کاژێر کارەبایان هەیە. دواتر هەلی کارمان رەخساند و وەبەرهێنانمان کرد. بۆیە ئێستا پیشەسازی خاڵێکی گرنگی کارکردنی ئێمەیە و پشتیوانیی باشمان لە حکومەت و لە دەسەڵاتدارانی سلێمانی هەیە بۆ بەدیهێنانی ئەمە.
رووداو: کەواتە، ئەمانە مایەی گەشبینییەکی زۆرن، بەڵام بەپێی تێگەیشتنی من، ئەو گرێبەستانە پشت بە بۆرییەکی نوێی 40 کیلۆمەتری دەبەستن کە چەمچەماڵ بە رێڕۆی پیشەسازیی بازیانەوە دەبەستێتەوە. ئایا پڕۆژەکە لەسەر رێڕۆی خۆیەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی لە ساڵی 2027دا؟
مەجید جەعفەر: ئێمە ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ ناکەین. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیا نێوخۆییەکانەوە لەژێر چاودێریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام دەزانین کە پڕۆژەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و دڵنیاین کە دروست دەکرێت.
رووداو: لە کاتی خۆیدا دەگاتە ئامانجەکانی؟
مەجید جەعفەر: هیوادارین. بەڵێ.
رووداو: با باسی داهاتووی وزەی عێراق بکەین. هەولێر و بەغدا بەم دواییانە گەیشتنە رێککەوتنێک کە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی باکوورە لە رێگەی بۆریی جەیهانەوە. ئایا ئەمە وەک پێشکەوتنێکی بەردەوام دەبینن یان تەنیا رێکخستنێکی کاتی؟
مەجید جەعفەر: ئێمە راستەوخۆ لەم بابەتەدا بەشدارنین، چونکە ئێستا نەوتی خاو بەرهەم ناهێنین، ئێمە گاز و LPG و چڕکراوە بەرهەم دەهێنین، بەڵام هیوادارین کە هاوکاریی باشتر هەبێت. هەندێک رێککەوتنی سیاسی بۆ حکومەتی پێشوو هەبوون. بەداخەوە، هەمووی وەک هەردوولا دەیانویست جێبەجێنەکرا. هیوادارین لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیەدا رێگەیەکی ئاسانتر بۆ پێشەوە هەبێت و، هەندێک کەلێن هەن کە بۆ نموونە تەنانەت دوای 23 ساڵ لە رووخانی رژێمی پێشوو، هێشتا یاسای نەوت و گاز لە عێراق دا نییە.
رووداو: ئایا ئەوە کێشەی بۆ ئێوە دروستکردووە؟
مەجید جەعفەر: راستەوخۆ نەخێر، بەڵام دەزانن پێمانوایە کە ئەمە ناڕوونیی نێوان دوو حکومەتەکە لەسەر شتەکانی وەک بودجە زیاد دەکات. نابێ دانوستاندن و مشتومڕێکی ئەوەندە گەورە هەبێت و هەر جارێک بودجەیەک هەبێت. ئەگەر یاسایەکی دابەشکردنی داهات هەبووایە کە روونی بکردایەتەوە چۆن داهاتەکان بەپێی دانیشتووان وەک لە دەستووردا هاتووە دابەش بکرێن، ئەوکاتە هەمووان دەیانویست داهاتەکان زیاد بکەن، چونکە ئەگەر بزانیت پشکی تۆ لە کێکەکە چەندە، ئەوا دەتەوێت کێکەکە گەورەتر بکەیت. ئەگەر نەزانیت پشکت چەندە، ئەمە دەبێتە هۆی ناکۆکی و مشتومڕ. هیوادارین لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی ئێستا کە لە بەغدا هەمانە و ئینشاڵڵا حکومەتێکی نوێش لە هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، بتوانن پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی کارکردن لەسەر هەموو ئەم بوارە سەرەکییانە ئاسانتربێت، چونکە بۆ وەبەرهێنەرانیش گرنگە.
رووداو: لەگەڵ ئەمەدا، بەرپرسانی عێراق باسیان لە زیادکردنی هەناردەکردن لە رێگەی بۆڕیی کوردستان-تورکیاوە کردووە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بەو رێگەیانەی کە بەرامبەر گرژییەکانی تەنگەی هورمز لاوازن. ژێرخانی وزەی کوردستان چەندە گرنگ بووە بۆ ستراتیژیی گشتیی ئاسایشی وزەی عێراق؟
مەجید جەعفەر: پێموایە ئەگەر هەنگاوێک بۆ دواوە بنێین و سەیری ئەم قەیرانە بکەین، ئەمەی تەنگەی هورمز لەم شەڕەوە، کە دوێنێ گوتم و لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە و وەزیری نەوتی سعودییەوە بیستوومانە، ئەمە گەورەترین قەیرانی وزەیە کە جیهان بەخۆیەوە بینیبێت. کاریگەری هەبووە بۆ سەر کەمبوونەوەی 20٪ی بەرهەمی نەوت و گاز، پەین، هیلیۆم و زۆر شتی دیکە و، جیهان ئێستا بەدوای رێگەی جێگرەوەدا دەگەڕێت کە پشت بە تەنگەی هورمز نەبەسترێت.
عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە هەناردەکردن لە بەسرەوە بەستووە لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە، بەڵام عێراق جوگرافیای لە باکوور هەیە و بۆریی هەناردەکردنی هەیە؛ دوو بۆری. ئەوان بەپێی توانای خۆیان هەناردە ناکەن. بەشێک لەوەش ئەوەیە کە بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان بەپێی توانا نییە، چونکە زۆر لە کۆمپانیاکان لەکاتی شەڕدا لە بەرهەمهێنان وەستان. بۆیە، بەم دواییانە کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە بەغدا کرا لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. ئەوەش بۆ دڵنیاییدان پێیان لەبارەی ئاسایش و هەوڵدان بۆ هاندانیان بۆ بەرهەمهێنانەوەی نەوت.
بەڵام حکومەتی عێراقیش رایگەیاندووە کە پێویستیان بە ژێرخانی زیاترە لە باشوورەوە بۆ باکوور. پلانێکی درێژخایەن هەیە بۆ بۆری لە باشوورەوە بۆ باکوور، کە هێشتا کاری لەسەر نەکراوە. پێشبینی دەکەم، وەک دەبینین، نەک تەنیا لە ناوچەی کەنداو، ئیمارات پێشتر رایگەیاندووە کە بۆریی زیاتر دروست دەکات، بەڵکو لە عێراقیشدا دەبێت خێراکردنێک لە ژێرخانی نوێدا هەبێت بۆ دابینکردنی هەناردەکردن، چونکە بۆ عێراق کە دوای سعودیە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە ناوچەکەدا، دەبێت وابێت.
سەرچاوەی شاراوەی هەیە، کە دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو ببێتە هۆی زیادبوونی زیاتر و، لەگەڵ ئەوەشدا کەمترین پاشەکەوتی هەیە و، ئەم هەفتەیە لە بەڕێز کاک فوئاد حوسێنمان بیست کە ئەگەر ئەم مانگە تەنگەی هورمز نەکرێتەوە، عێراق لە ماوەی یەک مانگدا بۆ پێدانی مووچە تووشی کێشە دەبێت. بۆیە بەڕاستی قەیرانێکە بۆ عێراق و، کاتی ئەوەیە ئێستا وەبەرهێنان بکرێت بۆ ئەوەی بژاردەی زیاتر هەبن و، بەو جوگرافیایەی عێراق هەیەتی، ئەوە شتێکە رێی تێدەچێت.
رووداو: کەواتە، سەیری ئەو بژاردانە دەکەین…
مەجید جەعفەر: ببوورە، بێگومان هەرێمی کوردستان کلیلی ئەوەیە، بە لەبەرچاوگرتنی جوگرافیاکەی.
رووداو: کەواتە، ئەگەر باسی وانەکانی هەرێمی کوردستان و رۆڵیان لەم گۆڕەپانەدا بکەین، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە بەکارهێنانی گازی سرووشتی لە نێوخۆدا بەدەستهێناوە، عێراق بەردەوامە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریی گەورە لەگەڵ سووتانی گازی هاوەڵ دا. لەسەر ئاستی نیشتمانی دەکرێت چ وانەیەک لە ئەزموونی کوردستانەوە وەربگیرێت؟
مەجید جەعفەر: پێموایە وانەیەکی گرنگ ئەوەیە کە کەرتی تایبەت بەهێز بکرێت و هەوڵ نەدرێت هەموو شتێک لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەببرێت. ئێمە ئەوەمان بەدەستهێناوە. پێویستییەکانی گازی هەرێمی کوردستانمان بە وەبەرهێنانی تایبەت پڕکردووەتەوە. ئێمە 4 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی خۆمانمان کردووە. یەک سەنت وەبەرهێنان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە. وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتە. پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبای نێوخۆیی 350 بۆ 400 ملیۆن پێ سێجایە. ئێستا لە هاوین دا لەوانەیە بگاتە نزیکەی 500 ، بەڵام زیاتر لەوە نا. ئێمە توانای زیاترمان دروستکردووە، بۆیە دەتوانین 750 تاوەکو 800 بەرهەمبێنین کاتێک بۆرییەکە تەواو دەبێت. بۆیە دەتوانین پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، دەتوانین سووتەمەنی بۆ پیشەسازی دابین بکەین. حکومەتی فیدراڵی خۆی کارەبا لە بەرهەمهێنەرانی تایبەتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکڕێت، ئەوەش بە پشتبەستن بەو گازەی ئێمە دابینی دەکەین. بۆیە کارەبا هەر دەڕوات، ئینشاڵڵا گاز بۆ حکومەتی فیدراڵیش دەڕوات.
رووداو: کەواتە، با باسی ئەو وەبەرهێنانە تایبەتانە بکەین، وەبەرهێنەرانی وزە بەردەوام جەخت لەسەر پێویستیی دڵنیایی یاسایی و رێکاری پێشبینیکراوی پارەدان دەکەنەوە. ئایا ئێوە لە چوارچێوەی ئێستای حوکمڕانیی پارەدان و یەکلاییکردنەوەی دارایی بۆ گەیاندنی گاز رازین؟
مەجید جەعفەر:ئێمە ئاڵنگاریمان لەپێش بووە. ئەمە بابەتێکی زانیاریی گشتییە.
رووداو: هێشتا هەتانە؟
مەجید جەعفەر: هێشتا هەیە. دانەگاز، وەک کۆمپانیایەکی تۆمارکراوی گشتی، دەبێت ئەم زانیارییانە بکاتە گشتی. بەداخەوە، ئەوە زیاتر لە سێ ساڵە پارەپێدانمان دوادەکەوێت. ئەویش دواکەوتنی بەرچاوە کە وادەکات پارەدابینکردن قورس بێت بۆ هەر فراوانکردنێکی دیکەی بەرهەمهێنانی گاز، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک کڕیاربێت. بەڵام ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەین بۆ ئەوەی هەوڵبدەین ئەمانە چارەسەر بکەین. ئەوەش بە یارمەتیی کۆمپانیاکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان. ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی نیشانیدەدات کە بۆچی بەرهەمهێنانەکە گرنگە. ئێستا توانای بەرچاوی گاز هەیە کە پێویستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان بۆ کارەبا لەنێو هەرێمی کوردستان دا پڕکردووەتەوە. بۆ دۆزینەوەی کڕیاری دیکەش گرنگە، وەک پیشەسازی کە باسمان کرد، چونکە ئەمە هەلی کار و بەهای ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەکات. ئینجا ئەمە لەگەڵ ویستی سەرکردایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکدەگرێتەوە و، ئەمە لەگەڵ ئەوەدا یەکدەگرێتەوە کە لە ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو دەیبینیت. نەک تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، بەڵکو بۆ ئەوەی بزانی چۆن دەتوانێ یارمەتیت بدات ئابوورییەکەت باشتر بکەی.
رووداو: کەواتە، با باسی رەوتە جیهانییەکانی وزە بکەین. ئەگەر بە دروستی لەبیرم بێت، لە واشنتن، ئێوە پچڕانەکانی رێڕەوەکانی کەشتیوانیی کەنداوتان وەک "شۆکێکی تەواوی ئابووری" ناونا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەرهەمی گازەکەتان لە نێوخۆدا بەکاردەهێنرێت، کارەکانتان چەندە بەرکەوتەی نائارامیی جیۆپۆلەتیکیی ناوچەکەن؟
مەجید جەعفەر: بۆ ئەوەی لە ئاستێکی بەرزەوە وەریبگرم، دوێنێ گوتم و، باوەڕم بەمەیە کە ئێستا گەیشتووینەتە کاتێک کە دان بەوە دانراوە ئاسایشی وزە ئاسایشە و، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە وزە خوێنی ژیانی ئابوورییە لە هەموو کەرتەکان دا. خەڵک سەرنجیان لەسەر ژیریی دەستکرد بوو. کەس نەیدەزانی کە هیلیۆم بۆ نیمچە گەیێنەرەکان کە بۆ شۆڕشی دیجیتاڵی پێویستن، لە قەتەرەوە دێت. بۆیە کەس نەیدەزانی کە جووتیارانی ئەمڕۆ، لێرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە رۆژئاوای نێوەڕاست، ناوچە گەورەکانی کشتوکاڵ، ناچارن ئەو بەرهەمانەی دەیانچێنن بیانگۆڕن چونکە ناتوانن ئەو پەینە نایترۆجینییە بەدەستبێنن کە لە کەنداو، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پشتیان پێدەبەست. بۆیە کاریگەریی جیهانی هەیە و، مەبەستم لەو لێدوانە ئەوە بوو. بێگومان بەرهەم و یەدەگەکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان راستەوخۆ پشت بە تەنگەی هورمز نابەستن، چونکە ئێمە دەیفرۆشینە وێستگەکانی کارەبای نێوخۆیی و کڕیارە نێوخۆییەکان. بەڵام کاریگەرییەک لەسەر عێراق بەگشتی هەیە. ئەوەیش بەهۆی هەبوونی ئاڵنگاریی دارایی حکومەت. ئەمە بۆ حکومەتی عێراق، پاشان کاریگەری لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەیە لە مووچە و شتی دیکەدا. بۆیە، هیوادارین ئەمە کاتی بێت و، بتوانین بەم زووانە بەشێوەیەکی ئەرێنی دوای ئەم رووداوە هەنگاو بنێین.
رووداو: ئینجا با باسی ژیری دەستکرد بکەین. ئێوە دەڵێن کە کۆمپانیاکانی وزە دەبێت شانبەشانی کارایی، خۆگونجاندن بکەنە کاری لەپێشینەیان. ئەو فەلسەفەیە چۆن پلانی وەبەرهێنان و فراوانکردنی داهاتووی پێرڵ پێترۆلیۆم دادەڕێژێت؟
مەجید جەعفەر: مەبەستمان لە خۆگونجاندن دروستکردنی ژێرخانێکە بۆ کاتە سەختەکان کە رەنگە پێویستت پێی نەبێت. بۆیە ئەوە مانای هەمەجۆرکردنی کڕیارەکانت، هەمەجۆرکردنی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانتە، تەنانەت لەنێو هەمان کێڵگەشدا. ئەو پاراستنەی کە هەمانە، ناچاربووین سەتان ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە سیستمی پاراستنی ئەلیکترۆنی دا بکەین کە پێشتر هەرگیز بە خەیاڵمان دا نەدەهات. ئەمە ئێستا شتێکە کە هەموو ناوچەکە دەبێت بیکات: هەبوونی تیمی پاراستنی سامان و وەبەرهێنان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە. دوێنێ لێرە گوتم و، باوەڕم پێیەتی و دەیشیبینین، کە هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بە تاوانی جەنگ دادەنرێت و، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە زیان بە خەڵک دەگەیێنیت، چونکە وزە پێویستییەکی زۆر بنچینەییە بۆ ژیان و گوزەران. ئێستا دەبینین ئابووری لە هیندستان و ڤێتنام و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بەهۆی شەڕی ناوچەکەمانەوە تووشی قەیرانی ئابووری هاتوون. بۆیە پێمانوایە دامەزراوەکانی وزە دەبێت بپارێزرێن و، لەکاتی جەنگ دا هێرشیان نەکرێتە سەر. بەتایبەتی ئێمە سەرنجمان لەسەر پێویستییە نێوخۆییەکانە.
خۆگونجاندن پەیوەندیی بە ژێرخانی وڵات و وەربەرهێنانی ماوەدرێژەوە هەیە. هەروەها پەیوەندیی بە خەڵکیشەوە هەیە کە خۆیان لەگەڵ شۆکەکان بگونجێنن کە دەزانن چۆن مامەڵە گەڵ دۆخە سەختەکان دا بکەن. هەروەها پەیوەندی بە هاوبەشایەتییەکانەوە هەیە کە پێموایە بەشێکی زۆر گرنگە. هاوبەشیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سلێمانی، لەگەڵ دابینکەرەکانمان، لەگەڵ کارمەندەکانمان، لەگەڵ کڕیارەکانمان. ئێستا باست لە کڕیارە پیشەسازییەکان کرد. هەبوونی هاوبەشیی پتەو و درێژخایەن بەشێکی گرنگی خۆگونجاندنە، نەک تەنیا ئەو بۆری و وێستگە مادییانەی کە دروستیان دەکەیت.
رووداو: کەواتە، ئەگەر بە دروستی لەبیرم بێت، لە داڤۆس، ئێوە ئاماژەتان بە خواستە روولەزیادەکانی وزەی ژیریی دەستکرد و نێوەندەکانی داتا کرد. ئایا عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن بۆ راکێشانی ژێرخانی دیجیتاڵی و وەبەرهێنانی تەکنەلۆژیا سوود لە سەرچاوەکانی گازی سرووشتیی خۆیان وەربگرن؟
مەجید جەعفەر: بەڵێ، پێموایە. مەبەستم ئەوەیە، وڵاتەکە لەڕووی سەرچاوەی وزەوە دەوڵەمەندە، بەڵام هێشتا ئاڵنگاریی هەیە لە بەردەم ئەو کارانەمان کە کاری لەپێشینەی پەلەن وەک دابینکردنی پێویستییەکانی کارەبا لە پیشەسازیی نێوخۆیی دا. کاتێک دێتە سەر نێوەندەکانی داتا، تەنانەت نێوەندەکانی داتا لە ئیماراتیش لەکاتی ئەم شەڕەدا زیانیان بەرکەوت. بۆیە بێگومان دەبێت ئاشتی بۆ ناوچەکە بەدەستبێنین پێش ئەوەی بتوانین بیربکەینەوە لە وەبەرهێنانی نوێ بۆ ئەوە. بەڵام بەگشتی، دەڵێم بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە ئەم سەرچاوەی گازە هەیە، ئەمە دەتوانێت وەبەرهێنانی پیشەسازیی زیاتر بەدەستبێنێت بۆ دروستکردنی خواست بۆ ئەو گازە کە رەنگە رۆژێک لە رۆژان نێوەندەکانی داتا بێت، بەڵام دەستبەجێ هەر ئێستا لەگەڵ ئاسن و چیمەنتۆ و وەبەرهێنانە پیشەسازییەکانی دیکەدا دەیبینین.
رووداو: ئینجا دوو پرسیاری کۆتاییم ماوە. بە وەبەرهێنانی زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلار لە پڕۆژەی گازی کوردستان دا تاوەکو ئێستا..
مەجید جەعفەر: راستییەکەی، ئێستا نزیکە لە 4 ملیار. نزیکەی 4 ملیار دۆلارە، کەمێک لە خوار 4 ملیار دۆلارەوەیە.
رووداو: کەواتە، لەگەڵ ئەوەدا، دیدگای درێژخایەنی ئێوە بۆ دەیەکانی داهاتووی گەشەپێدان چییە؟
مەجید جەعفەر: بێگومان، گرێبەستەکانمان تاوەکو ساڵی 2049 بەردەوامن و پابەندبوونی درێژخایەنمان هەیە. ئێمە نزیکەی 20 ساڵە لە هەرێمی کوردستانین، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان تازە دەستمان پێکردووە. هەندێک دواکەوتنمان هەبوو بەهۆی ناکۆکی و ناوبژیوانییەوە. پاشان ئاڵنگاریمان لە عێراق دا هەبوو، سەرهەڵدانی داعش و، کۆڤیدمان هەبوو و، رووداوی ئەمنیمان لە کێڵگەکەدا هەبوو کە ئێوە راپۆرتتان لەسەر کردووە. بۆیە بێگومان کاری یەکەم پڕکردنەوەی خواستی نێوخۆیی کارەبا بۆ گاز لە هەرێمی کوردستانە کە ئەم ساڵ توانیومانە جێبەجێی بکەین. بۆیە ئێستا بەڕاستی دەتوانین لە دابینکردنی کارەبا لە چەمچەماڵەوە، لە پیشەسازی و لە بازاڕەکانی دیکەی دابینکردن لە حکومەتی فیدراڵی و، شتی دیکەشدا گەشە بکەین. ئێمە وەبەرهێنانی زۆر زیاتر لە چەمچەماڵ دا دەکەین. لە یەکەم قۆناخی گەورەدا دەتوانین بیر لە وەبەرهێنانی 2 ملیار دۆلار بکەینەوە، نەک ئەو پڕۆژە بچووکەی باسمان کرد کە هەڵسەنگاندن و بەرهەمی سەرەتاییە، بەڵکو یەکەم قۆناخی گەورە بۆ زیادکردنی بەرهەمی نوێی بەرچاو، 400 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێک دا. ئەمە چەندین ملیار دۆلاری دیکەی پێویستە بۆ وەبەرهێنان. بۆیە زۆر پابەندین بە بەردەوامبوون لە وەبەرهێنان. گرنگترین شت بۆ وەبەرهێنان متمانەبەخۆبوونە؛ بێگومان پارەدان گرنگە و، رێزگرتن لە گرێبەست و رێزگرتن لە مافەکانی نێو گرێبەستەکان شتێکی بنەڕەتییە بۆ هەر وەبەرهێنێک لە پڕۆژە درێژخایەنەکان دا، بەتایبەتی لە بارودۆخە سەختەکاندا.
رووداو: کەواتە، پرسیاری کۆتاییم گرنگترین پرسیار دەبێت بۆ من. ئێوە بەم دواییانە سەنتەری زیا جەعفەرتان دامەزراند. چی بووە ئیلهامبەخشی دروستکردنی و، هیواداریت لە داڕشتنی توێژینەوەی وزە، سیاسەتی گشتی و سەرکردایەتیی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دا چ رۆڵێک ببینێت؟
مەجید جەعفەر: دەبێت بڵێم کە ئەم بەخشینە، ئەم پشتیوانییە، بەخشینێکی تایبەتی خێزانییە، نەک بەخشینی کۆمپانیا، ئێمە وەک خێزانێک زۆر سەرسامین بەو زانکۆ گەورانەی کە لە هەرێمی کوردستان دا دروست دەکرێن، وەک زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک. دڵخۆش بووم کە سەردانم کرد و بەشداریم لە چالاکییەکانیدا کرد. هەروەها زانکۆی ئەمریکیی عێراق لە سلێمانی. بۆیە وەک خێزانێک و، هەروەها بەناوی باپیرمەوە، د.زیا جەعفەر کە وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق بوو، کە لەگەڵ شا فەیسەڵی دووەمی کۆچکردوودا زۆر پڕۆژەی ژێرخانەیی گرنگی لە عێراق دا جێبەجێکردن، لەوانە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان لە هەرێمی کوردستان. کە هێشتا تاوەکو ئەمڕۆ وزەی ئاوی بەرهەم دەهێنن. ئەوە لە ساڵی 1956 و 1958 دەستیپێکرد، پێش کودەتا و رووخاندنی سیستمی پاشایەتی. لە ساڵی 1958ـەوە تاوەکو ئەوکاتەی دەستمان بە بەرهەمهێنانی گاز کرد بۆ کارەبا لە ساڵی 2008، بۆ ماوەی 50 ساڵ هیچ بەرهەمهێنانێکی نوێی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دا نەبوو و، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەرێمی کوردستانیان بۆ کارەبا پشتبەستوو بە حکومەتی فیدراڵی هێشتەوە. سوپاس بۆ سیاسەتە ژیرانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشیمان، ئەوە ئێستا گۆڕاوە و، لەجیاتی ئەوەی پشتبەستووبێت بە بەشەکانی دیکەی عێراق، ئێستا عێراق کارەبا و بەم زووانەش گاز لە هەرێمی کوردستان دەکڕێت. بۆیە زۆر شانازی بەوەوە دەکەین. دەگەڕێمەوە سەر پشتیوانییەکە، بۆیە ئێمە بە بەخشینی یەکسان لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان...
رووداو: لە سلێمانی؟
مەجید جەعفەر: زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بە هاوڕێیەتیی زیا جەعفەر و، ئەمانە سکۆلارشیپ بۆ خوێندکاران، زۆر خوێندکار لە بوارەکانی وەک ئەندازیاریی نەوت، ئابووری، بازرگانی، کە دەتوانن نەک تەنیا کەرتی ئێمە بەڵکو ئابوورییەکەش بەهێز بکەن و، پاشان لە زانکۆی ئەمریکیی عێراق بەناوی سەنتەری زیا جەعفەر بۆ سیاسەتی وزە، کە بۆ لێکۆڵینەوەیە لە سیاسەتە تایبەتەکانی وزە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ هەموو عێراق. بۆیە، زۆر شانازی بەم دوو هاوبەشییەوە دەکەین و بە گەشەپێدانیان لە داهاتوودا.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونت لێرە لە ستۆدیۆکەمان لە واشنتن دی سی، مەجید جەعفەر.
مەجید جەعفەر: سوپاس. دڵخۆشم کە لێرەم.



.jpg&w=3840&q=75)