رووداو دیجیتاڵ
دوای هەشت ساڵ لە تێکۆشان بۆ گەیاندنی مەینەتییەکانی خەڵک و دەنگی کورد لە بەغدا، کەرکووک لە ئامێزی گرتەوە، هەڵکەوت عەزیز ئەو پەیامنێرەی لە بەغداوە بووە دەنگی جووتیاران و فەرمانبەران
هەڵکەوت عەزیز، کە وەک پەیامنێرێکی ورد و کوردپەروەر دەناسرایەوە، هەشت ساڵ پێش
ئێستا کەرکووکی بەرەو بەغدا جێهێشت؛ نەک بۆ ژیانێکی ئاسان، بەڵکو بۆ ئەوەی
ببێتە قەڵایەک بۆ بەرگری لە مافی جووتیاران، فەرمانبەران و هەموو ئەو کوردانەی
لە بەغدا دەنگیان نەدەبیسترا. دواجار کەرکووک کوڕە نازدارەکەی خۆی لە ئامێز گرتەوە،
بەڵام ئەمجارەیان بۆ ماڵاوایی یەکجاری.
چیرۆکی وەفایەک؛ "یان هەردووکمان یان هیچمان" هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە
کەرکووک کە هاوڕێ و خزمێکی نزیکی هەڵکەوتە، چیرۆکی دەستپێکی کارکردنیان
دەگێڕێتەوە کە پڕە لە وەفا. ئەو دەڵێت: "ساڵی 2016 بڕیارمان دا بچینە
رووداو، کاتێک چاوپێکەوتنمان بۆ کرا، لە ژووری هەواڵ پێیان گوتین تەنیا یەک
پەیامنێرمان دەوێت، بەڵام ئێمە پێکەوە بڕیارمان دا و گوتمان: یان هەردووکمان
پێکەوە کار دەکەین یان کەسمان دەستبەکار نابین." هەر ئەو وەفایەش بوو کە
هەڵکەوتی کردە خۆشەویستی هەمووان.
"چەتری کۆکەرەوەی رۆژنامەڤانان" لە بەغدا، هەڵکەوت تەنیا پەیامنێرێک نەبوو، بەڵکو
وەک "ماڵێکی گەورە" وابوو بۆ هەموو رۆژنامەڤانە کوردەکان، بێ گوێدانە جیاوازیی
کەناڵەکانیان. محەممەد عەبدولرەحمان، پەیامنێری کوردسات نیوز دەڵێت: "هەڵکەوت
واتە ئاوەدانی و خانەدانی. ئەو چەتری کۆکەرەوەی هەموو رۆژنامەڤانان بوو، ئەگەر
پارچە نانێکی هەبوایە، دەیکردە چوار لەتەوە و لەگەڵ هاوپیشەکانیدا دەیخوارد."
هەمان هەستی وەفا لای دەروون مەلا ناجی پەیامنێری ئاڤا میدیاش دەبینرێت. ئەو باس
لە میواندۆستی و دڵسۆزیی هەڵکەوت دەکات و دەڵێت: "هەمیشە بە زۆر و بە سوێندخواردن
ئێمەی دەبرد بۆ نانخواردن. تەنانەت لە دوایین نامە دەنگییەکانیدا داوام لێ دەکات
پێکەوە نیوەڕۆ نان بخۆین."
خەڵاتێک لە سەرووی هەموو خەڵاتەکانەوە هەڵکەوت عەزیز لە ماوەی کارکردنیدا چەندین
جار وەک باشترین رۆژنامەڤانی کورد و عێراقی خەڵات کراوە و ئەستێرەیەکی گەشاوەی
نێو میدیای کوردی بوو. بەڵام وەک هاوڕێکانی دەڵێن، گەورەترین خەڵاتی ئەو، ئەو
خۆشەویستییە بێ سنوورە بوو کە خەڵکی کوردستان و هاوپیشەکانی بۆیان هەبوو؛
خۆشەویستییەک کە لە کاتی بەخاکسپاردنیدا لە کەرکووک بە روونی بە روخساری
هەمووانەوە دیار بوو.


.png&w=3840&q=75)