رووداو دیجیتاڵ
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلە چینییەکان بە بەراورد بە رابردوو دابەزینێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. فرۆشیاران و بازرگانانیش پێشبینی دەکەن دوای کردنەوەی تەواوەتیی تەنگەی هورمز، نرخەکان زیاتریش دابەزن.
محەممەد زانا، فرۆشیاری پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلە چینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلە چینییەکان زۆر دابەزیوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە ئێستا بریکاری هاوردەکردن زۆر بووە. لە رابردوودا چەند کۆمپانیایەک بازاڕیان قۆرخ کردبوو چونکە تەنیا خۆیان بوون و رکابەریان نەبوو."
محەممەد بەراوردی نرخەکانی کرد و گوتی: "ئێستا لایتی ئۆتۆمبێلێکی چینی لە نێوان 100 تاوەکو 250 دۆلاری ئەمریکیدایە، لە کاتێکدا لایتی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە لە 100 دۆلارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 1000 دۆلاریش دەڕوات."
محەممەد فەیزوڵا، وەستای چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل بە رووداوی گوت: "حەق دەستی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی چینی کەمێک گرانترە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پلێتی ئەم ئۆتۆمبێلانە نەرمە و کاتی زۆری دەوێت بۆ رێکخستنەوە، بەڵام لە بەرامبەردا نرخی پارچەکانیان زۆر هەرزانە."
محەممەد فەیزوڵا، نموونەیەکی هێنایەوە و گوتی: "دەعامی ئۆتۆمبێلێکی وەکو کادیلاک بە 2,200 دۆلارە، بەڵام هی ئۆتۆمبێلێکی چینی ناگاتە 400 دۆلار."
دابەزینی نرخەکان تەنیا پارچە گەورەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو پارچە ناوخۆییەکانی مەکینەشی گرتووەتەوە. کاروان عوسمان، خاوەن ئۆتۆمبێلە و بۆ کڕینی پارچەی یەدەگ سەردانی ناوچەی پیشەسازی سلێمانی کردووە، بە رووداوی گوت: "ماوەیەک پێش ئێستا تاقم واشەری مەکینەم بە 50 دۆلار کڕی، بەڵام ئێستا هەمان پارچە و بە کوالێتی ئۆرجیناڵ تەنیا بە 15 هەزار دینارە."
دابان بێستوون، بازرگانی هاوردەکردنی پارچەی ئۆتۆمبێلی چینی رایگەیاند: "پارچەی ئۆتۆمبێلی چینی زۆر هەرزانە و زووش دەستدەکەوێت، بە گشتی نزیکەی 200 دۆلار هەرزانترە بە بەراورد بە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە."

