رووداو - هەولێر
میهرەبان، کچێکی تەمەن 11 ساڵە، نەخۆشیی ئیفلیجیی مێشکی هەیە، ئەوەش وایکردووە قاچەکانی هیچ کار نەکەن و هیچ هەستێکیشی نییە، جگە لەوەش لەسەر پشتی گرێیەک دروستبووە و بەردەوام بڕبڕەکانی پشتی خوار دەکات، باوکی دەڵێت، پزیشکەکان پێیان راگەیاندوون چارەسەری 100%ی میهرەبان هەیە و لە هەر وڵاتێکی ئەوروپی بە نەشتەرگەریی چارەسەر دەبێت، بەڵام هەژاری و کەمدەرامەتی رێگرە لە چارەسەرکردنی.
باوکی میهرەبان دەڵێت، "پزیشکەکانی ئێرە هەر هۆشداریم پێدەدەن و پێم دەڵێن بیبەرە دەرەوەی وڵات و زوو چارەسەری بکە، راپۆرتی پزیشکیشم ناردووەتە دەرەوە، چارەسەری هەیە لە دەرەوەی وڵات."
میهرەبان کۆنترۆڵی میزکردن و خۆپیسکردنی لەدەستداوە، لە هەرێمی کوردستان پزیشکێک نەشتەرگەریی مێشکی بۆ کردووە، ئامێرێکی لە مێشکیدا چاندووە و کونێکیش لە خوار ناوکی بۆ فڕێدانی پاشەڕۆ و میز دروستکراوە.
بەو هەموو مەینەت و ئازارەوە میهرەبان قوتابییەکی زیرەکە و لە پۆلی شەشەمی سەرەتاییە، ئەو ئاواتی گەورەی ئەوەیە ببێتە پزیشک.
میهرەبان قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "پشتم دەئێشێت و قاچەکانیشم کار ناکەن. حەز دەکەم کە گەورە بووم ببمە پزیشک."
پزیشکەکەی میهرەبان پشتڕاستی دەکاتەوە کە میهرەبان لە دەرەوەی وڵات بە نەشتەرگەری چارەسەری نەخۆشییەکەی دەکرێت.
د. نورەدین حەمەد، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار دەڵێت، "سەنتەرەکانی دەرەوە پێشکەوتووترن، ئامێری باشتریان هەیە، دەکرێت لە دەرەوە نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکرێت و پشتی راست بکرێتەوە."
باوکی دەڵێت، تادێت نەخۆشییەکەی میهرەبان قورستر و گرانتر دەبێت؛ 11 ساڵە سات بە ساتی ژیانی میهرەبان لەناو ئازاردایە و لە زۆر دەرگای داوە، بەڵام هیچ دەرگایەکی بەڕوودا نەکراوەتەوە.

