رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی دۆلارفرۆشانی شاری هەولێر، وەک هەمیشە جمەی دێت، بەڵام ئەوانەی ئەم چەند رۆژە لێرەن زۆربەیان ئەو بازرگانانەن کە جارێکی دیکە لە رێگەی ئەو بازاڕەوە دەیانەوێت مامەڵەی حەواڵەکانیان بکەن بۆ دەرەوەی وڵات و بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل و کاڵا و شمەک.
محەممەد ئەحمەد، بازرگانێکە لە هەولێر و دەڵێت: راستە بانک حەواڵەی دەکات، بەڵام دەبێتە کێشە بۆمان لەوێ، بانک چەکت دەداتێ و دەبێت لە تورکیا پارەکەت وەربگریتەوە. ئێستا کەسەکە سەری خۆی نایەشێنێت، دێت لێرە پارەکەی دەدات، لە دەفتەرێک دۆلار 150 بۆ 200 دۆلار دەدات و بێ کێشە دەچێت لەوێ پارەکەی وەردەگرێت.
زیاتر دینار دێتە نێو بازاڕەکە، وەک ئاماژەیەک بۆ کاری بازرگانەکان بەهۆی بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بەشێکی پارەکانیان لە دۆلارەوە بووەتە دینار. گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر دەڵێت، نرخی حەواڵە 75% دابەزیوە و ئێستا جووڵەی بازاڕەکە زۆر زیادیکردووە.
محەممەد جومعە، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت: پێش مانگێک حەواڵەی دەرەوە زۆر گرانبوو، 450 بۆ 500 دۆلار بوو، ئێستا حەواڵەی دەرەوە بۆ دووبەی 120 دۆلارە، بۆ تورکیا 75 بۆ 80 دۆلارە.
بەگوتەی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی شاری هەولێر، ئێستا رۆژانە 50 بۆ 100 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕ و حەواڵە لە بازاڕەکەوە ئەنجام دەدرێت، بەهۆی رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، دوو مانگی رابردوو ئەو بڕە بۆ نیوە کەمیکردووە، بەڵام ئێستا گەڕاوەتەوە هەمان ئاستی پێش بڕیار و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.

