رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی کارکردنی کرێکاران لە کێڵگەیەکی پەتاتە لە گوندی تۆبزاوای سنووری قەزای بەردەڕەش، بەردێکی مێژوویی دۆزرایەوە، شوێنەوارناسێکێش دەڵێت، بەردەکە کۆنە و مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە.
عومەر حوسێن، شوێنەوارناس لەبارەی قەبارە و شێوازی نووسینی سەر بەردەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 31-07-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مێژووی بەردەکە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە، بەردەکە چوارگۆشەیە، دەشڵێت، "بەپێی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، نووسینەکە پێدەچێت هێمای خوداوەندی ئاشوورییەکان بێت، بەڵام پێویستمان بە کاتی زیاترە بۆ لێکۆڵینەوەی تەواوەتی."
ئەو شوێنەوارناسە کە هاوکات فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ئاکرێیە، باسی لەوەش کرد، بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەرایەتییەکی شوێنەواری لە بەردەڕەش، بەردەکە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەڕایەتیی شوێنەوار و کەلەپوری ئاکرێ.
عومەر حوسێن ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی ئەو پشکنینانەی کە تیمێکی پۆڵەندی لە سنوورەکە کردوویانە، دەرکەوتووە کە تەنیا لە قەزای بەردەڕەش نزیکەی 500 ناوچەی شوێنەواری هەن کە مێژووەکەیان بۆ چاخی بەردین و، تاوەکو سەرەتای هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە.
بەگوتەی ئەو شوێنەوارناسە، لە ئێستادا دوو تیمی شوێنەواری ئیتاڵی و فەرەنسی لێکۆڵینەوە لە ناوچە شوێنەوارییەکانی سنوورەکە بەتایبەت گوندی ئامیان، گردی شوێنەواریی ئاسنگران لە گوندی پیرچاوش و چەند شوێنێکی دیکەی شوێنەواری لە سنوورەکە دەکەن، دەشڵێت، لە مانگی داهاتوودا لێکۆڵینەوەکانیان فراوانتر دەکەن.
