رووداو دیجیتاڵ
لە 1-4-2022ـەوە گەشتیاران بە رێنمایی نوێوە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە گەشت دەکەن. ئەوانەی دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتبێت پێویست ناکات پشکنینی PCR بکەن.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەبارەی رێنماییە نوێیەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ "لە 1ـی نیسانەوە کار بەو رێنماییە نوێیە دەکرێت کە لەلایەن دەستەی فڕۆکەوانیی عێراقەوە دەرکراوە. ئەو گەشتیارانەی کە دێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان یان دەبێت پشکنینی کۆرۆنا یان کارتی ڤاکسینیان هەبێت. ئەگەر کارتی ڤاکسینیان هەبێت، پشکنینی کۆرۆنا پێویست نییە".
لەبارەی ئەو گەشتیارانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە گەشت دەکەن، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گوتی: "لەو کاتەدا کار بە رێنمایی ئەو وڵاتە دەکرێت کە گەشتیارەکە بۆی دەچێت و دەبێت پێشوەختە ئاگاداربێت و ئەو بەڵگەنامانەی پێویستن پێی بێت".
ئەحمەد هۆشیار لەبارەی گەشتەکانەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گوتی: "گەشتە ئاسمانییەکان بەباشی بەردەوامن و هیچ کێشە و گرفتێکمان نییە. لەبارەی ئاماری هاتن و چوون لە نەورۆزیش کۆتایی مانگ لێمان روون دەبێتەوە و دەتوانین ئامارەکەی رابگەیێنین".
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق رایگەیاندووە، لە 1-4-2022ـەوە ئەگەر گەشتیارانی عێراقی و بیانی کە تەمەنیان لە سەروو (12 ساڵە) هەردوو قورچکی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتبێت، لەکاتی ھاتن و رۆیشتن پێویست ناکات پشکنینی PCR)) بکەن. هەروەها ئەگەر یەک قورچکی ڤاکسینی Johnson & Johnson یان وەرگرتبێت، پێویست بە پشکنینی PCR)) ناکات.



.png&w=3840&q=75)