رووداو دیجیتاڵ
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق کاردانەوەی تووندی لە هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە، ناکۆکییە نێوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکین بۆ ئەو بڕیارە. هەروەها مژارێکی دیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت، هەر مەرجێکی نوێی لایەنەکان بیانووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
رۆژی 16-2-2022 بووڵتنی کاژێر 12:00 کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق دەستیپێکرد. سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، میوانی یەکەمی بووڵتنەکە بوو.
هەروەها بڕگەی دووەمی بووڵتنەکە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو کە میوانی بووڵتنەکە خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.
بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق چییە؟
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە دانیشتنی رۆژی سێشەممە 15-2-2022 یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی بە "نادەستووری" هەژمارکرد و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە رادەستکردنی نەوت بە حکومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندکرد.
بڕیارەکانیش ئەمانەن:
1- یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007 نادەستوورییە و پووچەڵ دەکرێتەوە، چونکە پێچەوانەی ماددەکانی 110، 111، 112، 115، 121، 130ی دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی 2005ە.
2- پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی تەواوی ئەو بەرهەمە نەوتییەی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەوە دەردەهێندرێت کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵساوە بەدەرهێنانی نەوت لێیانەوە، هەروەها رادەستکردنی بە حکومەتی فیدراڵی لەڕێگەی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە و رێگەی پێبدرێت لە بەکارهێنانی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی لەبارەی دۆزینەوەی نەوت و دەرهێنان و هەناردەکردنی.
3- سکاڵاکار دەتوانێت چاودێریی پووچەڵبوونەوەی ئەو گرێبەستە نەوتییانە بکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی سکاڵالێکراو و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە بیانییەکان لە دەوڵەتان و کۆمپانیاکان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت و فرۆشتنییەوە واژۆی کردوون.
4- پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێگەپێدان بە وەزارەتی نەوتی عێراق و دیوانی چاودێریی فیدراڵی بە پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکان کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنی نەوت و غاز و فرۆشتنییەوە واژۆکراون، ئەوەش بەمەبەستی وردبینیکردنی و دیاریکردنی ئەو مافانەی لەسەر هەرێمی کوردستانە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی و بەو شێوەیەی کە گەیاندنی مافەکانی هاووڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵی گەرەنتی بکات و دوانەکەوێت، دوای ئەوەی هەموو بڕگەکانی ئەم بڕیارە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێدەکرێت و حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی ئاماژە بەوە دەکات.
سەعدی پیرە: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی هەڵوەشاندنەوەی ماددەیەکی دەستووری عێراقە
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاژێر 12:00 باسی لەوەکرد کە سکاڵا لەسەر ئەو یاسایە 10 ساڵ پێش ئێستا کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سیستەمێکی سیاسیمان هەیە کە پێکهاتەکانی عێراق بەشێوەی سازان پێکەوە کاردەکەن، لەڕووی سیاسییەوە دواخراوە. ئێستا چالاککردنی و بڕیار لەسەر دانی، بەدڵنیاییەوە لە سیاسەت بەدەر نییە و سیاسییە. بەڵام ئێمە ئەگەر سەیری ماددەکانی 110، 111 ، 112، 115 و 121 بکەین، بەڕاستی ئەو ماددانەی لێرە باس دەکرێن یەک تەفسیر هەڵناگرێت و تەفسیری جیاجیا هەڵدەگرن.
سەعدی ئەحمەد پیرە کە کەسێکی یاساییە باسی ماددەکانی کرد و گوتی: "لە ماددەی 115 کە زۆر گرنگە هاتووە کە هەموو ئەو دەسەڵاتانەی لە دەسەڵاتی تایبەتیی بۆ حکومەتی فیدراڵیی نەهاتووە بەو مانایەیە کە لە دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگا ناڕێکخراوەکانە یان دەسەڵاتی هاوبەشە، لە کاتێکدا ئەگەر ناکۆکی هەبوو، بە یاسای هەرێمەکان و پارێزگاکان کاردەکرێت. واتە ماف بە لاوازەکەی دەدرێت لە بەرامبەر بەهێزەکە کە هەرێمی کوردستان لاوازترە لە حکومەتی فیدراڵ. بۆیە پێموایە پشتبەستن بەو ماددەیە هەڵەیە."
بەگوتەی سەعدی پیرە لە ماددەی 112ـەش، "ئەگەر ئەو بڕیارەی ئێستا وەربگرین بە تەواوەتی سەرپێچیی ئەو ماددەیەی کردووە، تەنانەت هەر نەیهێشتووە و سڕیویەتییەوە. لەکاتێکدا بڕیارەکانمان دەبێت یاسایی بن و یاساکانیشمان دەستووریی بن، بەڵام دادگەی فیدراڵی بڕیارێکی یاسایی پێچەوانەی دەستوور دەردەکات و ماددەی 112ی بە تەواوەی رەتکردووەتەوە. بڕیارەکان دەبێت یاسایی بن و یاساکانیش دەستووری، بەڵام بە یاسایەک کە دادگەی فیدڕاڵیی بڕیاری لێداوە ماددەیەکی دەستووریی هەڵدەوەشێنێتەوە".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە ناکۆکییە نێوخۆییەکان هۆکارێکی سەرەکین بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە و گوتی: "با بۆ هەموو لایەک روونبێت یەکێک لە هۆکارەکانی پشت دەرکردنی ئەو بڕیارە، بوونی ئەو ناکۆکییانەیە کە لەنێوان خۆماندا هەیە، نەمانتوانیوە لەسەر شتی زۆر بچووک بگەینە رێککەوتن. بڕیاربوو شەڕەکانی کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت بە کوردی بیکەین، بە عەرەبی و ئینگلیزی شەڕ نەکەین، بەڵام ئێمە چووین شەڕەکانمان بردووەتە بەغدا بە عەرەبی شەڕی خۆمان دەکەین. کە ئەمە کارێکی زۆر خراپە، ئەنجامەکانی ئەوە دەبێت.. ئەگەر سەیری بڕگەی چوارەمی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بکەین، کە بەدواداچوونی ئەو شتانەی لە رابردوو روویداوە، رەنگە ئەمە ببێتە هۆکاری کارەساتێکی زۆر گەورە بۆ هاووڵاتی، ئەوەی پەیوەندی بە مووچەو ئاوەدانکردنەوەو خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە."
سەعدی پیرە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "ئێمە پێش ئەوەی لەو بابەتانە بێینە وەڵام و ئەو سەنگەرە بگرین لە حکومەتی فیدراڵ، پێویستە سەرەتا سەنگەری خۆمان یەکبخەین، ئێستا ئەو کاردانەوانەی دەیبینین، ئێستا هەیە پێیخۆشە ئەمە روویداوە. پێویستە هەوڵی ئەوە بدەین تێبگەین کە خەڵک هەیە نادادپەروەریی و ناڕێکییەک و جیاوازییەکی زۆر دەبینێت لە دامەزراندن، لە دواکەوتنی مووچە، کەمکردنەوەی مووچە، چارەسەرکردنی کێشەکاندا، لە نەبوونی رێگاوبانی باش... ئەوانە هەمووی کۆبووەتەوە خەڵک پێیوایە بەمشێوەیە بەو چەکە لاوازە دەتوانێت تۆڵە بکاتەوە، کە پێموایە ئەمە چەکێکی خۆکوژە و هەموو لایەک دەگرێتەوە، بەڵام دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری بکات".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیارەکەی دادگەی بە لەنێوبردنی سیستەمی فیدراڵی ناوبرد و گوتی: "ئەگەر بەوردیی لێی بکۆڵیتەوە، سەرەڕای نادادپەروەریی ئەگەر هەبێت، کەموکوڕییەکان، جیاوازییەکان، لایەنگیریی و قۆرخکارییەکان، ئەم بڕیارە بڕیارێکە سیستەمی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان هەمووی بە قیست دەدزێتەوە و وردە وردە لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵی دەکات".
سەعدی پیرە داوی یەکڕیزیی لایەنەکان دەکات و دەڵێت: "نەمانتوانیوە وەک پێویست بەرگریی لە خۆمان بکەین. زیاد لە پێویست ململانێی یەکمان کرد، شەڕی یەکمان کرد، ناکۆکییەکانمان سنووری بەزاند. ئێمە دەبێت باش لێی وردبینەوە. ئێستا لە بەغدا بیرکردنەوەیەک دروستبووە بڕوای بە فیدراڵیی، ماددەی 140 ، هێزی پێشمەرگە و دەستکەوتەکانمان نییە. بۆیە هەرچی زووترە دەبێت سەنگەرەکانمان یەکبخەین و فریای خۆمان بکەوین".
سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داوا لە لایەنەکانی کوردستان دەکات "ئەو ململانێیەی لە کوردستان دەیکەین بە کوردی بیکەین و نەیبەینە بەغدا و شوێنی دیکە. ئێمە رکابەری سیاسین و هەوڵی ئەوە بدەین لەیەک دانەبڕێین. لە پرسە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان هەڵوێستمان یەکبخەین و لە هەمانکاتیشدا ئەو گفتوگۆیانەی کە هەن لەسەر پرسی عێراق و داهاتووی عێراق و داهاتووی هەرێمی کوردستان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان چڕتر بکەینەوە و باسی ئەوە نەکەین ئێمە بەهێزترین و ئەوەندە کورسیمان هەیە لە پەرلەمان. دیارە کورسییەکانی پەرلەمان لە دادگەی فیدراڵی حسابی یەک فلسی بۆ نەکرا".
خەسرۆ گۆران: مەرجەکانی لایەنەکان بیانوون بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
بڕیارە لەو چەند رۆژەی داهاتوودا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان مەرسوومێک دەربکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، سەردانیی شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش بۆ لای لایەنەکان دەستیپێکردووە و بەردەوام دەبێت بۆ تاوتوێی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و ئەوەمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان راگەیاندووە".
لەبارەی مەرجی لایەنەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن کە هەموارکردنەوەی یاساکەیە، فراوانکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنەوە، خەسرۆ گۆران گوتی: "دەبوایە ئەو لایەنانە زۆر لەمێژە ئەو کارەیان بکردایە. ئەوە چوار ساڵە بۆ بیریان لە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن نەکردووەتەوە؟ بۆ بیریان لە تۆماری دەنگدەران نەکردووە؟ بۆ بیریان لە دووبارە دامەزراندنەوەی کۆمیسیۆن نەکردووە؟ کە نزیک دەبینەوە لە وادەی هەڵبژاردن ئەو مەرجانە دێننە پێش بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی مەرجی لایەنەکان بە بیانوو ناودەبات و دەڵێت: "چوار ساڵە پەرلەمانی کوردستان هەیە، دەبوایە هەر دوای هەڵبژاردن یەکسەر ئەوانەی ئارەزووی گۆڕینی بازنەکانیان هەبووە یان نەخشەی بازنەکان و بڕگەکانی دیکەی یاساکە، کاریان بکردایە کە هەمووی نەکەوێتە سەر یەک و لەو شەش مانگەی کۆتاییدا کە کۆمیسیۆن پێویستیەتی تاوەکو خۆی ئامادەدەکات بۆ هەڵبژاردنەکان.
سەبارەت بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ناکۆکییەکان لەسەری، خەسرۆ گۆران گوتی: "ئەگەر ئێمە ئێستا دەست لە یاساکە بدەین لەوانەیە تاوەکو دوو مانگی دیکەش رێکنەکەوین لە هەموارکردنی. کۆمیسیۆن لانیکەم شەش مانگی پێویستە تاوەکو خۆی ئامادەبکات. ئەگەر یاساکە ئامادە نەبیت چۆن کۆمیسیۆن خۆی ئامادە بکات؟ چونکە کۆمیسیۆن بەپێی یاساکە خۆی ئامادە دەکات. ئێمە وەک پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنین لەکاتی خۆی کە 6-11-2022 وە و دەبێت کات بە کۆمیسیۆن و پەرلەمان بدەین کە هەڵبژاردن بکەن و لایەنەکان ملکەچ بکەن.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی پێیوایە "دەبێت لەو ماوە نزیکەی کە لەپێشمانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەی هەڵبژاردن دیاریی بکات، چونکە دیاریکردنەکە بەندە بەو کاتەی کۆمیسیۆن پێویستیەتی و ئەو کاتەی کە لەنێو پەرلەمان چی دەگوزەرێت و چی پێویستە، بۆ ئەوەی یەکڕیزییەک هەبێت کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت".



.png&w=3840&q=75)