رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەفربارین باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و زۆربەی شار و شارۆچکەکانی سپیپۆش کردووە. رێگای سەتان شار و شارۆچکە و گوند داخراون و لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکێکی زۆر دڵخۆشن و چەندین ڤیدیۆ بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون کە هاونیشتمانیان لەنێو بەفر هەڵپەڕکێ دەکەن.
بەفربارین لە باکووری کوردستان
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بەفربارین لە پارێزگاکانی شرناخ و سێرتی باکووری کوردستان زیاتر بوو و هاونیشتمانیان تووشی کێشەی هاتووچۆ بوون. لەو دوو پارێزگایەدا رێگەی 76 گوند بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفرەوە داخران.
هەروەها لە پارێزگای جۆلەمێرگیش بەفر رێگەی 338 گوندی داخست. تیمەکانی شارەوانی بە 142 کارمەند و 118 شۆفڵ و ئامێری راماڵینی بەفرەوە لە هەوڵی کردنەوەی رێگەکاندان.
لە پارێزگای ئاگری، پلەی گەرمی 14 پلە ژێر سفرە و هاونیشتمانیان رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە؛ ئاو بەستوویەتی و شۆفێران بە ئاسانی ناتوانن ئۆتۆمبێلەکانیان بخەنە کار.
وانی باکووری کوردستان، هەرچەندە بە هەمان دۆخی سەرما و سۆڵەدا تێپەڕدەبێت بەڵام دەستی بە راکێشانی گەشتیارانی زستانە کردووە. وان سوود لە شوێنە گەشتیارییەکانی وەردەگرێت.
ئێرۆڵ ئوسڵو، بەڕێوەبەری گەشتیاریی وان رایگەیاند: "ئێمە کە خاڵە گەشتیاری و سەرنجڕاکێشەکانی وان دەناسێنین، ئامانجی سەرەکیمان لەم کارەدا ئەوەیە لە هەموو وەرزێکدا کولتوورە جۆراوجۆرەکان زیندوو رابگرین و پێشوازیی لە گەشتیارانی نێوخۆ و دەرەوە بکەین".
لە پارێزگای سێواز بەفر دەورووبەری شارەکەی سپیپۆش کردووە و لەنێو شاریشدا لە هەندێک شوێن بەفر کێشەی دروستکردووە.
بەفربارین لە باشووری کوردستان
بەفر چیا و گوندەکانی باشووری کوردستانی سپیپۆش کردووە، لە هەندێک شوێن خەڵک بۆ شەڕە تۆپەڵ و خۆشی چوونە دەشت و دەر؛ لە هەندێک شوێنیش بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ.
پارێزگای هەولێر
لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر زیاتر لە 48کاژێرە بەفر دەبارێت. رێگەی سەرەکیی هاملتۆن لەنێوان چۆمان و حاجی ئۆمەران، نزیکەی 60 سانتیمەتر بەفری لێ باریوە. تیمەکان خراونەتە ئەرکەوە بۆ کردنەوەی رێگەکان.
رێگە سەرەکییەکانی مێرگەسۆر بەرەو شارۆچکە و گوندەکانی، رێگەی نێوان سۆران، سیدەکان، چۆمان بەرەو شارۆچکە و گوندەکانی، چەندین رێگەی دیکەی لاوەکیی گوندەکان ئاستەنگی هاتووچۆیان بۆ دروستبووە.
بەهۆی بەفر بارین و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە رێگەی سەرەکیی ژمارەیەک گوند و ئاوایی، قایمقامی قەزای چۆمان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 17-01-2022 دەوامی قوتابخانەکانی سەنتەری قەزا و هەر چوار شارۆچکەکانی حاجی ئۆمەران، قەسرێ، گەڵاڵە و سیملان کرانە پشوو. لە سنووری ئیدارەی سۆران، لە قەزای مێرگەسۆریش پشوو بۆ دەوامی قوتابخانەکان راگەیێندراوە.
ئێوارەی یەکشەممە 16-1-2022، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەبەر بارینی بەفرێکی زۆر، کەمبوونەوەی ئاستی بینین و خراپی کەشوهەوا، هەروەها بارینی بەفرێکی زۆر لە نێو سنووری ئێران، داوا دەکەین ئەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت گەشتیاران سەردانی دەروازەی حاجی ئۆمەران نەکەن".
رۆژی دووشەممە 17-1-2022، ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێگەی سۆران – سیدەکان بە درێژایی 42 کیلۆمەتر داخراوە.
چەلەبی دەڵێت، بەفرێکی زۆر باریوە، شەقامەکان بەستوونی و جگە لە داخستنی رێگەی سیدەکان – سۆران، رێگەی چەندین گوندی ناوچەکە داخراوە و هاونیشتمانییان ناتوانن هاتووچۆ بکەن.
کۆی بەفری باریوی ساڵ لە سنووری حاجی ئۆمەران گەیشتە یەک مەتر و 63 سانتیمەتر، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 90 سانتیمەتر زیاترە.
پارێزگای سلێمانی
بەهۆی بارینی بەفر و شەپۆلی سەرماوە، لە چەندین ناوچەی سنووری پارێزگای سلێمانی پشووی قوتابیانی قۆناخەکانی یەک تاوەکو سێی بنەڕەتی و باخچەی ساوایان راگەیێندراوە و چەندین رێگاش داخراون.
هاوکات هەر رۆژی یەکشەممە بارام محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی دۆخی کەشوهەواوە، پشوومان لە تەواوی قوتابخانەکانی سنوورەکە بۆ سبەینێ راگەیاند، کە لە قوتابیانی پۆلی یەک تاوەکو پۆلی 12 دەگرێتەوە".
هەروەها لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی بەفر بارینەوە لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری شارباژێڕ سبەی دووشەممە پشووە، تاقیکردنەوەکانی رۆژی دووشەممە دەخرێنە رۆژی سێشەممە.
لە رانیەش ئەو سێ قۆناخە کراون بە پشوو؛ محەممەد کەریم، بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ کەشناسی و ئیدارەی راپەڕین گفتوگۆیان کردووە و بەوە گەیشتوون کە سبەینێ دەوام لە سەنتەری قەزا و ناحیەکان بۆ قۆناخەکانی سەروو پۆلی سێ ئاسایی بێت.
بەهۆی بارینی بەفرەوە، ئاستەنگ لە چەندین رێگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی درووستبووە؛ بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان داوا لە هاونیشتمانیان دەکات، "بەهیچ شێوەیەک رێگەی دەربەندیخان - سلێمانی بەکارنەهێنن".
رێگەی قەزای دەربەندیخان - سلێمانی، تەواوی دەڤەری گەرمیان، ناوچە دابڕاوەکان و ناوچەکانی دیکەی عێراق بە پارێزگای سلێمانییەوە دەبەستێتەوە و یەکێک لە قەرەباڵخترین رێگەکانی دەرەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها رێگای سلێمانی شارباژێڕ داخراوە.
پارێزگای دهۆک
لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەوە بەفربارین پارێزگای دهۆکیشی گرتووەتەوە بەتایبەت لە سنووری شێخان و دورووبەری. هەروەها لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆشەوە بەفربارین سەنتەری دهۆکی گرتووەتەوە و بەفرێکی زۆر لە ناوشاری دهۆک و شاخەکانی دەورووبەری باریوە.
پارێزگای هەڵەبجە
بارینی بەفرێکی زۆر و کەشوهەوای ناجێگیر، بووە هۆکاری راگەیاندنی پشووی فەرمی لە پارێزگای هەڵەبجە. قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە ئەرکدان.
رۆژی دووشەممە 17-1-2022، نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی شەپۆلی بەفرەوە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە پشوویان راگەیاندووە.
قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت "بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان پشوومان راگەیاندووە و تەواوی قوتابییان، خوێندکاران و فەرمانبەران دەگرێتەوە، جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان".
بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە زیاتر لە 30 سانتیم بەفر لە هەڵەبجە باریوە و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانیان بەتایبەت رێگاکانی نێوان هەڵەبجە و هەورامان دروستکردووە.
کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، چوارشەممە شەپۆلی دووەمی بەفربارین دەستپێدەکات و سەنتەری شارەکانیش دەگرێتەوە، سەرەڕای بەفربارین، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بگاتە ژێر سفری سیلیزی.
بەفربارین لە رۆژهەڵاتی کوردستان
هەڵپەڕکێ لە مەریوان بەخۆشیی بەفربارین
بەفربارین لە دوو رۆژی رابردوو زۆربەی شار و شارۆچکە و گوندەکانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و رێگای سەتان گوند و شاری داخستووە.
پارێزگای سنە
جێگری فەرمانگەی رێگاوبانی پارێزگای سنە رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرەوە رێگای 550 گوندی پارێزگاکە داخراون. گوندەکانیش بەمشێوەیەن: 150 گوند لە بانە، 100 گوندی سەقز، 80 گوندی دیواندەرە، 70 گوندی کامێران، 50 گوندی مەریوان، 20 گوندی سنە ، 60 گوندی دێولان و 3 گوندی قوروە.
هەروەها هاتووچۆی بارهەڵگر لە رێگاکانی دیواندەرە- سەقز، سنە- کامێران، بۆکان- سەقز و سەقز- بانە قەدەخەکراوە. هەروەها رێگاکانی کامێران- سەوڵاوا و سەوڵاوا- هەورامان ، سەوڵاوا- پاوە، ئیرانخا- تکاب، دێولان- حوسێن ئاوا و سەقز - مەریوان داخراون.
بەپێی راگەیاندنی پەروەردەی پارێزگای سنە، بەهۆی بەفر و سەرماوە قوتابخانەکانی پارێزگاکە رۆژی دووشەممە کرانە پشوو.
ئەگەرچی بەفر ئاستەنگی هاتووچۆی دروستکردووە بەڵام بووەتە هۆی دڵخۆشی خەڵک و دیمەنەکانی بەفر سۆشیاڵمیدیای تەنیوە. لە چەند شارێکیش وەک مەریوان و مهاباد بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، هاونیشتمانیان بەهۆی بەفرەوە هەڵپەڕکێ دەکەن.
پارێزگای ورمێ
بەفربارین زۆربەی شار و شارۆچکەکانی پارێزگای ورمێی گرتووەتەوە و رێگای هاتووچۆی دەیان شار و گوندی پارێزگاکەی داخستووە. رێگاکانی پیرانشار- مهاباد، بۆکان سەقز و پیرانشار تەمەرچین بەتەواوی داخراون. هاتووچۆ لە رێگاکانی شنۆ بە سەختی دەکرێت و بەفر لە چەند شوێنێکی نێوان مهاباد- سەردەشت نزیکبووەتەوە لە یەک مەتر.
لە رێگاکانی میاندۆئاو 126 ئۆتۆمبێل گیریانخواردبوو کە بەهەوڵی تیمەکانی رێگاوبانی شارەکە دوای چەند کاژێرێک رزگارکران.
پارێزگای کرماشان
لە رۆژی یەکشەممەوە بارینی بەفر 5 شاری پارێزگای کرماشانی گرتووەتەوە و رێگای دەیان گوندی پارێزگاکە داخراون. کەشناسی پارێزگای کرماشان رایگەیاندووە کە بەفربارین تاوەکو پێنجشەممە لەو پارێزگایە بەردەوام دەبێت.
شەوی رابردوو 432 کەس لە رێگاوبانەکانی ئەو پارێزگایە مابوونەوە بەتایبەت لە رێگاکانی هەورامان. قایمقامی داڵاهوو گوتوویەتەی بەفربارین لە بەرزاییەکانی داڵاهوو گەیشتووەتە 70 سانتیم.
هەروەها بەفربارین رێگای 80 گوندی سەلاس و باوەجانیی لە پارێزگای کرماشان داخستووە و لە رێگا سەرەکییەکانیش هاتووچۆ بە زنجیر دەکرێت.
پارێزگای ئیلام
لە پارێزگای ئیلامیش بەفر و باران و سەرما ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروستکردووە و لە هەندێ شوێن پلەی گەرما بۆ 10 پلەی ژێر سفر دابەزیوە. هاتووچۆش لە رێگا سەرەکییەکانی پارێزگاکە بەبی زنجیر قەدەخەیە.



.png&w=3840&q=75)