رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی حەردان کچە شنگالییەکان فێری شۆفێریی دەکرین، گرووپێکی خۆبەخش بۆ ماوەی 30 رۆژ ئۆتۆمبێل دەدەنە دەستیان و بەنێو رێگایەکی خۆڵی خراپدا لە سەر شۆفێریی رادەهێنرێن.
75 کچ ئارەزووی فێربوونیان هەیە، یەکێکیان کافیە سلێمانە، تەمەنی 18 ساڵە و لە دەست داعش رزگاری بووە، هەموو خێزانی کەوتبوونە دەست چەکدارانی داعش، کافیە دەڵێت "ئەگەر شۆفێرییم بزانیایە کە داعش هات نەدەکەوتینە دەستیان، ئۆتۆمبێلمان هەبوو لە بەر درگا وەستابوو، پیاوەکان دەرچووبوون، ئەگەر خۆم یان خوشکەکانم بمانزانیایە لێخوڕین دەردەچووین، بەڵام دیارە قەدەرمان ئاوا بوو بکەوینە دەست خەلافەتی داعش".
ئەو کچ و ژنانەی کە بەشداریی لە خولەکە دەکەن دەبێت تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵ بێت. ئەڵماس حەیدەر، قوتابییەکی خەڵکی گوندی حەردانە و، خولەکە بە کارێکی زۆر باش ناودەبات و دەڵێت، ئەو کارە زۆر باشە و ئەگەر کاری هاوشێوە لەنێو ئێمە زۆر بێت و ببێتە هۆی ئەوەی مافەکانمان بەدەستبهێنین، زۆر زۆر باشە.
یەکەمین ژنی ئێزدیی لە شنگال کە مۆڵەتی شۆفێریی وەرگرت لە ساڵی 1992 بووە و ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی. ئەمەش جاری یەکەمە کە خولێکی لەو شێوەیە بۆ کچان و ژنانی شنگال بکرێتەوە. بڕیارە ئەو 75 کچ و ژنە لە ماوەی 30 رۆژ فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بکرێن. 5 رۆژ لە هەفتە خولەکە بەردەوامە و رۆژانە ماوەی دوو کاژێر راهێنان بەو کچ و ژنانە دەکرێت.
.jpeg&w=3840&q=75)

