رووداو - شنگال
ئاوارەکانی کامپی سەر چیای شنگال لە دۆخێکی زۆر خراپدا ژیان بەسەردەبەن، 530 خێزان لەناو ئەو کامپەدا دەژین، بەڵام ماوەی سێ مانگە هیچ هاوکارییەکیان بەسەردا دابەشنەکراوە.
ئاوارەیەک بەناوی دەروێش حەسەن دەڵێت "رەوشی لەمە خراپتر نابێت، نە سووتەمەنی، نە کار، نە کاسبی و تەنانەت ئاویش نییە و چادرەکەشمان دڕاوە، داوا لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین هاوکاریمان بکەن، ماڵمان وێران بووە و ناتوانین بگەڕێینەوە".
زۆرینەی چادرەکانی ئەو کامپە، ئامێرەکانی خۆگەرمکردنەوەیان تێدا نییە بۆئەوەی لە زستان و سەرمادا بۆ خۆگەرمکردنەوە بەکاریبێنن.
ئاوارەیەکی دیکە بەناوی خدر ئیلیاس باس لەوە دەکات "سووتەمەنی و خواردن نییە و شوێنەکەمان هەمووی قوڕ و قوڕاوە، هاتووچۆ تێیدا قوورسە، ئێمە هەموومان لەبرسا دەمرین، لە ماڵەکەمان 12 کەسین، ئەگەر رێکخراوێک هاوکاریمان بکات ماڵیان ئاوا بێت، ئەگەر نەشیکات هەر ئاوا بێت".
بەشێک لە منداڵانی نێو کامپەکە، لەم سەرمای زستانەدا چوار تاوەکو پێنج کاژێر دەنوون. لە زستاندا کاژێر 11:00ی شەو پلەی گەرما لەسەر چیای شنگال لەژێر سفردایە، سەدان خێزان بەبێ بوونی ئامێری خۆگەرمکردنەوە رۆژ دەکەنەوە، رەوشیان زۆر خراپە.
بەشێک لە ئاوارەکان خۆیان دار دەبەن و ئاگر دەکەنەوە بۆئەوەی خواردن و چای پێ دروستبکەن.
ئیلیاس جدرۆ ئاوارەیەکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات "رەوشمان بەگشتی زۆر خراپە و ماوەیەکی زۆرە هاوکاری نەکراوین".
زیاتر لە شەش ساڵە ئەو ئاوارانە لەسەر چیای شنگالن. ئاوارەیەک بەناوی رەشید داود ئەوەی خستەڕوو "نە سووتەمەنی دەدەن و نە هاوکاری هەیە، هەندێک هاوکاری هەبوو، بەڵام ئەویش وەستاوە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پێی گوتووین ملیۆن و نیوێک دیناری عێراقیمان پێدەدەن، بەڵام ئەوە شەش ساڵە نەمانبینیوە".
ئاوارەیەکیش بەناوی کەمال موراد گلەیی دەکات و دەڵێت "ئێمە لە وڵاتێکی نەوتیداین، نازانین بۆچی سووتەمەنیمان بۆ نایەت، بۆچی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لەسەرمانی گرتووەتەوە".
خودێدا چووکێ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ داوا دەکات "هەر لایەنێک بێت بچێتە ئەوێ، ئێستاش رێکخراوەکان کاردەکەن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری".
زۆرینەی ئاوارەکانی سەر چیای شنگال، خەڵکی کۆمەڵگەکانی سیبایێ و گرعزێر و گوندەکانی دەوروبەریانن.
.jpeg&w=3840&q=75)

