رووداو - شنگال
روفاتی 104 کوردی ئیزدیی گەڕێنرانەوە و لە گوندی کۆچۆی شنگال بە خاک سپێردران کە 19یان کەسوکاری هاونیشتمانییەکی 80 ساڵەن کە بە دەستی داعش کۆمەڵکوژ کراون.
منجی جەلۆ، کەسوکاری 19 قوربانییە و دەڵێت: "لە خێزانەکەم هێشتا حەوت منداڵی خوشکەکەم ماون. هێشتا هیی دیکەیشمان ماون. بە خوا زۆر زۆرن."
نوێنەری سەرۆککۆماری عێراق و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار بوون و لە گوتارەکانیاندا بڕیاریان دا قوربانییەکانی گوندی کۆچۆ وەک شەهید قبووڵ بکرێن. هێشتا 508 کەسی گوندی کۆچۆ بێسەروشوێنن.
ديندار زێباريی، نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند: "شاندی هەرێمی کوردستان لەم رێوڕەسمەدا نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات. هەوڵەکانی حکومەت بۆ هاوکاریکردنی کوردە ئێزدییە ئاوارەکان و ناساندنی کارەساتی شنگال بەردەوامن."
کارگێڕیی خۆجێیی موسڵیش ئامادە بوون و بڕیاریان دا هەوڵ بۆ ئاوەدانکردنەوە بدەن و ئاوارەکانی گوندی کۆچۆ بگەڕێننەوە.
نەجم جبووری، پارێزگاری موسڵ گوتی: "ئەوە کارەساتێک بوو کە لە سەردەمی داعشدا لەم شوێنەدا روویدا. دڵمان بریندارە. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەین."
سێ مانگە روفاتی زیاتر لە 200 کەسی خەڵکی گوندی کۆچۆ بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی براونەتە بەغدا، هێشتا ئەنجامی 96ـیان دەرنەچوون.
.jpeg&w=3840&q=75)

