رووداو-هەولێر
یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشوازی لە راگەیێندراوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەربژێرکردنی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات.
مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەبارەی بەربژێرکردنی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی كردووە و بە راویژ لەنێوان هەردوولا و دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، لە راگەیێنراوێکی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا پشتگیری لە كازمی كراوە.
مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتی ئاماژەی بەوە کردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا مستەفا كازمی، پەیوەندی بە لاهور شێخ جەنگیەوە كردووە، داوای پشتیوانی لێكردووە، یەكێتیش بانگهێشتی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات بۆ كۆبونەوەیەكی فراوان بەمەبەستی یەكخستنی هەڵوێستەكان.
مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتی جەختی لەوە کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی رابردووی مەکتەبی سیاسیدا پێشوازی لە بەربژێرکردنی کازمی کراوە و بە دۆستی كوردی دەزانن، کازمی بەڵێنی داوە ئەگەر متمانەی پێبدرێت بۆ بوونە سەرۆكوەزیران، ئەوا ئەو مافانەی کورد دەپارێزێت كە لە دەستووری عێراقدا هاتووە و گەشە بە پەیوەندییەكان دەدات.
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئەم دۆخە سەخت و دژوارەی وڵاتە ئازیزەكەمانی پێدا تێدەپەڕێ، لە هەموومان دەخوازێ ناكۆكیيەكانمان بەلاوە بنێین، هەرچی زووترە لەسەر میكانیزمێك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور و لەسەر بنەمای سازانێكی ڕاستەقینە ڕێكبكەوین كە سەقامگیری و بەتواناییی حكوومەتەكە لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا مسۆگەر بكات. گرنگترین ئەركیشی لەم قۆناغەدا، بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسی و قهیرانانهیه كە ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگهی باوەڕی بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ئامادەیی بۆ كاری جددی لەو پێناوەدا، پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بە پشتیوانیی هەموو لایەنە نیشتمانییەكان زۆر بە پێویست دەزانێ. لەو پێودانگەوە پێشوازی لە كاندیدكردنی بەڕێز مستەفا كازمی دەكەین بۆ پۆستی سەرۆكی وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵی لەلایەن هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەی شیعەوە. داوا لە هەموو لایەكیش دەكەین پشتیوانی بكەن تا بە زووترین كات ئەركەكانی پێكهێنانی حكوومەت تەواو بكات.
خوای مهزن پشتیوانمان بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
چوار شەممە
8-4-2020



