رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی پێشوازی لە دەستپێشخەریی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ گفتوگۆی نیشتمانی دەکات و رایدەگەیێنێت، گفتوگۆ و پەنابردنە بەر دەستوور رێڕۆی سەرەکین بۆ چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە راگەیێندراوێکدا پێشوازیی خۆی لە دەستپێشخەریی گفتوگۆی نیشتمانی دەربڕی کە دکتۆر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بانگەوازی بۆ کردووە، بە ئامانجی دانانی چارەسەر بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.
عەممار حەکیم جەختی کردەوە کە گفتوگۆ، پەنابردنە بەر دەستوور و زاڵکردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی رێڕەوی سەرەکین بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم ناکۆکییەکان، بە جۆرێک کە یەکپارچەیی عێراق بپارێزێت و مافی هەموو رۆڵەکانی لە کوردستانەوە تاوەکو باشوور دەستەبەر بکات.
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لێکتێگەیشتن، سازان و هاوبەشیی نیشتمانی تاکە رێگەن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەکان.
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەستپێشخەرییەکی بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی لە یەکی کانوونی یەکەمی 2026 کرد بۆ چارەسەری قەیرانی دەستووری نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەو دەستپێشخەرییە لە کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق خرایەڕوو کە شەوی چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026 ئەنجامدرا بەبەشداری سەرۆکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، پەرلەمان، سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق.
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بەشداران رەزامەندییان لەسەر دەستپێشخەرییەکەی فایەق زێدان داوە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی لە یەکی کانوونی یەکەمی 2026 دا بۆ چارەسەری "قەیرانی دەستووریی" نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاندووە کە دیالۆگەکە بە بەشداری هەرچوار سەرۆکایەتییەکە و هەندێک لایەنی دیکەیە یان هەر لایەنێکی هاوکار دەبێت.
ئەم دەستپێشخەرییە لەدوای ئەوە بوو کە بەهۆی بڕیارەکانی 24ی تشرینی دووەمی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەندێک لە کێڵگەکانی نەوتی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەروازە سنوورییەکان گرژی لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بوو.
چوار سەرۆکایەتییەکە باسیان لە گرنگی پەلەکردن لە دەرچوواندنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2027 کردووە لەگەڵ بەردەوامیی لێکتێگەیشتنەکان بۆ گەرەنتیکردنی مافی سەرجەم پارێزگاکان و هاووڵاتیان و شایستە دارایی و یاساییەکان.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، هەر چوار سەرۆکایەتییەکە پاڵپشتیی رێکارەکانی حکومەتیان کردووە لە بنبڕکردنی گەندەڵی و رێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمەکانی.



