رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی حکومەتی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆچوونێکی نێو راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکیی بە شێوەی هەواڵی بەپەلە و وەک هەڵوێستێکی راستەوخۆی واشنتن داڕشتووەتەوە کە گوایە "ئیدارەی ترەمپ پاڵ بە بەهێزکردنی ناوەندێتیی دەوڵەت لە عێراق دا دەنێت". ئەمە لە کاتێکدایە کە لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)دا، ئەو قسەیە هەڵوێستی فەرمیی کۆشکی سپی نییە، بەڵکو تێڕوانینی شرۆڤەکارێکی سیاسی نیشتەجێی بەریتانیایە و لە چوارچێوەی شرۆڤەکردنی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان دا هاتووە.
رۆژنامەی (سەباح) لە پۆستەکەیدا لە فەیسبووک هەموو شیکردنەوە و گێڕانەوەکانی نێو راپۆرتەکەی کۆکردووەتەوە و وەک پۆست و گرافیکێکی سەربەخۆ لە ژێر ناوی نیویۆرک تایمزدا بڵاویکردووەتەوە. هەروەها ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی (واع) چەند بڕگەیەکی هەمان راپۆرتی رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی بڵاوکردووتەوە، لە ژێر ناونیشانی (نیویۆرک تایمز: زەیدی بەردەوامە لە رێکارەکانی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدرالیی بەسەر دەروازەکان و سامانی نەوتی دا)، ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی (واع) جەختی کردووەتە سەر ئەوەی کە لەو ململانێیەدا سەرکردایەتی کورد کارتی کەمی بەدەستەوەیە. بەڵام لە راپۆرتە ئەسڵییەکەدا جیاوازییەکی روون لە نێوان رووداوەکان، بۆچوونی شرۆڤەکاران دا هەیە .
هەروەها ئاژانسی دەنگوباسی عێراق ئەو قسەیەی هەڵبژاردووە کە ئەو مانایە دەدات کە لەبەرئەوەی ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە دەست حکومەتی عێراق، ئەمە وایکردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارببێت ملکەچی بڕیار و سیاسەتەکانی بەغدا بێت " دوای لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە داهاتە نەوتییەکەی، ئیدارەی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی دەوڵەت بۆ بەهێزکردنەوەی ناوەندێتیی دەوڵەت، چونکە حکومەتی فیدرالیی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دەدات ، ئەوەش کارتێکی گوشاری گەورەی پێبەخشیوە." بەڵام ئەوەی نەگواستووەتەوە کە ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەو نەهێشتنی دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەریی هەرێمی کوردستان.
دەقە راستەقینەی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز چی دەڵێت؟
لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)دا، رێناد مەنسوور، شرۆڤەکاری کاروباری عێراق لە پەیمانگەی چاتام هاوس لەبارەى بڕیارەکانى عەلى زەیدى رایگەیاندووە: "ئەمانە ئەو بیرۆکانەن کە ئیدارەی ترەمپ پاڵپشتییان دەکات، بەتایبەت تۆم باراک، نێردەی ترەمپ کە زۆر بە روونی گوتوویەتی باوەڕی بە سەرکەوتنی فیدرالی نییە، ئەمەش وەک مۆسیقایە بۆ گوێی هەندێک لە سەرکردەکانی بەغدا".
لەو راپۆرتەی رۆژنامە ئەمریکییەکەدا تیشک خراوەتە سەر سەر بڕیارەکانى عەلی زەیدی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی حکومەت دوای رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدرالیی عێراق لەگەڵ حیزبوڵڵادا بە نێوەندگیری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان و ئێران .کەتائیبی حیزبوڵڵا لە ساڵی 2014ـەوە ناوچەی جەرف سەخری بە تەنیا کۆنترۆڵکردبوو. لایەنە شیعەکان دەڵێن جرف سەخر کرابووە ناوەندی هێرشە خۆکوژییەکان دژی خەڵکی شارە شیعەنشینەکان و مەزارگەکانیان. لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هۆشداری دراوە لەوەی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان لەوانەیە ببنە هۆی پێکدادانی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی فیدراڵی.
رەمزی ماردینی، دامەزرێنەری دامەزراوەی جیۆپۆڵ لابس بۆ راوێژکاریی مەترسییە جیۆسیاسییەکان، هۆشداریی داوە لەوەی هەرێمی کوردستان لەوانەیە پێگە دەستوورییە فەرمییەکەی بپارێزێت، بەڵام وردە وردە سەرچاوە ئابوورییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئۆتۆنۆمییەکی راستەقینەکەی لەدەستبدات. هاوکات راپۆرتەکە باسی لە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کردووە کە پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی لاوازکردووە.
هەروەها رێناد مەنسوور بە رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی گوتووە کە نەوەی نوێی کورد کە سەردەمی سەددام حوسێنیان نەبینیوە و بە زمانی عەرەبی قسە ناکەن، ژیانیان تەنیا لەژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا ناسیوە.
رۆژنامەی (سەباح) بە ئەنقەست ناوی رێناد مەنسووری وەک سەرچاوەی قسەکە لادەبات و بەشێوەی "هەواڵی بەپەلە" دەیخاتە پاڵ رۆژنامە ئەمریکییەکە، تاوەکو وا نیشانبدات کە واشنتن بە فەرمی پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدرالی و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ناوەندی لە عێراق دا دەکات، لە کاتێکدا لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هیچ لێدوانێکی فەرمیی کۆشکی سپی یان وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بانگەشەیە نییە. سەرەڕای ئەوەش، ئاژانسی دەنگوباسی عێراق تەنیا ئەو بڕگانەی لە راپۆرتەکە هەڵبژاردووە کە لەگەڵ گوتاری ناوەندگەرایی دا دەگونجێن و هەموو ئەو هۆشداری و رەخنانەی فەرامۆش کردووە کە لەبارەی بڕیارەکانی عەلی زەیدی لە راپۆرتەکەدا هاتوون .
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەنگاوەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی حکومەتی بەغدا بە "هەڵمەتێکی پڕ مەترسی" وەسف دەکات کە لەوانەیە ببێتە هۆی پێکدادانی چەکداری لە نێوخۆی عێراقدا.
رۆژنامەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە قووڵبوونەوەی قەیرانی دارایی عێراق بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانەوە هۆکارێک بووە بۆ بەغدا تاوەکو بیەوێت دەست بەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان دا بگرێت و کورتهێنانی دارایی پڕبکاتەوە، هاوکات تێوەگلانی زۆربەی لایەنەکانی عێراق لە قاچاخچێتیی نەوت دا وەبیردەهێنێتەوە کە بە قاچاخ بردن و فرۆشتنی نەوت بەبێ ئاگاداری حکومەتی بەغدا تەنیا لە هەرێمی کوردستان نییە .
لەڕووی دەستووری و مێژووییشەوە، راپۆرتەکە هۆشداریی دەدات لەوەی سیاسەتەکانی بەغدا بۆ لاوازکردنی سەربەخۆیی دارایی هەرێمی کوردستان دەبنە هۆی بەتاڵکردنەوەی نێوەڕۆکی ئۆتۆنۆمیی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک کە تەنیا ناوەکەی لە دەستووردا بمێنێتەوە بەبێ هیچ توانایەکی دارایی. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەوڵانە بۆ گەڕاندنەوەی حوکمی ناوەندی، ترس و برینە مێژووییەکانی سەردەمی سەددام حوسێن لەلای کورد دەورووژێننەوە.
فەرمانەکەی عەلی زەیدی و کاردانەوەی هەولێر
ئەم شیکردنەوانە دوای ئەوە دێن کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026 فەرمانی دا کە دەبێ هێزەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ هێڵەکانی بەر لە رووخاندندنی رژێمی سەدام ، هەروەها هەموو کێڵەگە نەوتییەکان لە ناوچانەدا کە بەپێی مادەی 140ی دەستووری عێراق بکەونەوە دەست حکومەتی فیدرالیی عێراق، هەموو دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەڕێوەببرێن ، هەروەها سوپای عێراق هەموو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان بگرێتە دەست .
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەم لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە زەیدی هەنگاو دەنێت بۆ فراوانکردنی کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندی بەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەناردەی نەوت دا، "بە پشتبەستن بەو بنەمایەی کە سەروەریی نیشتمانی دابەش نابێت و پاراستنی سامانی عێراق جەنگێکی مان و نەمانە."
لە کاردانەوەی فەرمانەکەی عەلی زەیدی دا، هەردوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان ناکۆکییەکانی نێوانیان وەلانا و راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایانگەیاند: "هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی درێژخایەنی گەلی کوردستانە و، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ماف و دەستکەوتەکانی هێڵی سوورە."
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا ئەنجام دراوە و تێیدا باراک پێشنیازی نێوەندگیریی لە نێوان هەولێر و بەغدادا کردووە بۆ چارەسەرکردنی دوایین ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا.



