رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى بەدواداچوونى دۆسیەى بەقاچاخبردنى نەوت لە پەرلەمانى عێراق، میواندارى وەزیرى سامانە سرووشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات، بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەکە پرسیارى لەبارەى ئەو زانیارییانەوە لێدەکرێت، کە لە راپۆرتى لیژنەکەى حکومەتدا لەبارەى بەقاچاخبردنى نەوتدا هاتووە.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:" کاژێر 11ی ئەمڕۆ (پێنجشەممە 26ى شترینى دووەم) لیژنەی بەدواداچوونی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە پەرلەمانى عێراق، لەگەڵ کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، لە بەغدا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو دۆسیەیە".
ئەو کۆبوونەوەیە لەچوارچێوەى دیدارەکانى لیژنەکەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەى دۆسیەى بەقاچاخبردنى نەوت، بەر لەوەى راپۆرتێک لەسەر ئەو پرسە ئامادە بکات و بیداتە حکومەتى عێراق.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونەکەی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لەو میواندارییەى وەزیری سامانە سروشتییەکان پرسیارى لەبارەی ئەو زانیارییانەوە لێدەکرێت، کە لە راپۆرتی حکومەتی عێراق لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان هاتووە.
لە راپۆرتى لیژنەکەى حکومەتدا بانگەشەى ئەوەکراوە، کە لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە نەوت بە قاچاخ براوە.




