رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی سێ رۆژدا بۆ دووەمین جار هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی باسم محەممەد خزەیر عەبادی، وەزیری نەوت رەتدەکاتەوە و دەڵێت، لە کارەکانی بەردەوامە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "باسم خزەیر، وەزیری نەوت لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی بەردەوامە و هیچ بنەمایەک بۆ ئەو دەنگۆیانە نییە کە باس لە ویستی دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن."
لە راگەیێندراوەکەدا وەڵامی لێدوانەکانی عەبدولئەمیر تەعیبان، راوێژکار دراوەتەوە و هاتووە: "ئەوەی ئەو سەبارەت بە ویستی وەزیری نەوت بۆ دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی خستوویەتییەڕوو، بە تەواوی دوورە لە راستییەوە و پشت بە هیچ لێدوان یان هەڵوێستێکی فەرمیی وەزیر نابەستێت."
وەزارەتی نەوت دەڵێ، وەزیر بەردەوامە لە بەدواداچوون بۆ کار، دۆسیە و پڕۆژەکانی وەزارەت، هەروەها خزمەتکردنی کەرتی نەوت و بەرژەوەندیی نیشتمانیی خستووەتە پێشینەی کارەکانییەوە و بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و پابەندبوونەوە ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات.
وەزارەتی نەوت داوا لە میدیاکان دەکات وردبین بن و دەڵێت: "هەڵوێستەکانی پەیوەست بە وەزیر و ئەرکەکانی نابێت ببنە جێگەی لێکدانەوەی میدیایی و پێشبینی؛ بەدواداچوون بۆ وردی و راستگۆیی و دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکان پێش بڵاوکردنەوەیان، بەرپرسیارێتییەکی پیشەیی و ئەخلاقییە و ناکرێت چاوپۆشی لێ بکرێت."
لە ماوەی سێ رۆژدا ئەمە دووەمین جارە لەم هەفتەیە روونکردنەوە لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری نەوتی عێراق دەدرێت.
دووشەممەش 23ى تشرینى دووەمى 2026، باسم محەممەد عەبادى رایگەیاند: "پرسی دەستلەکارکێشانەوەم راست نییە و ئەگەر بڕیارى دەستلەکارکێشانەوە بدەم لە داهاتوودا، بە ئاشکرا لەبەردەم حکومەت و میدیاکاندا رایدەگەیێنم".
ئەو رەتکردنەوەیە دواى ئەوە هات کە لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى عێراق دەنگۆى ئەوە بڵاوکرایەوە، کە باسم محەممەد عەبادى دەست لەکاردەکێشێتەوە و عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کەسێکى دیکە لەو پۆستەدا دادەنێ.



