رووداو ديجيتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژانە نزیکەی 34 ملیۆن لیتر بەنزین و دوو ملیۆن لیتر نەوتی ماڵان بەرهەم دەهێنێت. بە گوتەی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، ئەو بڕە نەوتەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت لەبری 100 لیتر، هەر خێزانێک 37 لیتری بەردەکەوێت.
لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی نەوت کە 23ی تشرینی دووەم کراوە، تاوتوێی بەرهەمەکانی نەوت و بڕەکەی و ئەو نەوتە کراوە کە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
ئومێد بەرواری، ئەندامی لیژنەکە کە بەشدار بووە لە کۆبوونەوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمەکانی نەوت پێی راگەیاندوون کە ئێستا رۆژانە پێویستیان بە 33 بۆ 34 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە و رۆژانە پێنج ملیۆن لیتر بەنزین هاوردە دەکەن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی.
کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای داوای لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان بووە بۆ تاوتوێکردنی پشکی پارێزگاکان لە بەرهەمەکانی نەوت.
ئومێد بەرواری رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمەکانی نەوت ئاماژەی بەوە داوە کە بەرهەمی رۆژانەی عێراق لە نەوتى ماڵان ملیۆنێک و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن لیترە و بڕیارە 45 رۆژی دیکە گوژمەی دووەمی دابەشکردنی نەوت کە 100 لیترە بەسەر هاووڵاتییانی عێراقدا دابەش بکرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری داوە کە 50 ملیۆن لیتر نەوتی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت ئەو خێزانانەی بەریان دەکەوێت یەکی 100 لیتر وەردەگرن.
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند کە بە بەرپرسانی وەزارەتی نەوتیان گوتووە ئەو بڕە لە نەوتی ماڵان کە دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان بەگوێرەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کە یەک ملیۆن و 350 هەزار خێزان هەن، هەر خێزانێک 37 لیتریان بەردەکەوێت و پێویستە بڕەکەی زیاد بکرێت. ئەو بەرپرسانەش ئاماژەیان بەوە داوە کە بڕی نەوتی پێویستیان لەبەردەستە بۆ زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، بەڵام چاوەڕێی فەرمانی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی نەوتی عێراق دەکەن.




