رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێی پێشنیازەکان دەکات لەبارەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەڵبژاردنەکانەوە.
دووشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2026، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە بارەگای عەبدولحوسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی لە بەغدا کۆبوونەوە.
ئەو هاوپەیمانێتییە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، کە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە تاوتوێی دۆسیەی ئابووری و دارایی و ئەمنییان کردووە و بە گرنگیان زانیوە سەقامگیریی ئەمنی بەهێزتر بکرێت و داهاتی نانەوتی زۆرتر بکرێت و خەرجی رێکبخرێتەوە.
یەکێک لەو پرسانەی دیکە کە لە کۆبوونەوەکە باسکراوە، دۆسیەی هەڵبژاردن بووە، بەگوێرەی راگەیێنراوەکە تاوتوێی پێشنیاز و بۆچوونەکانی پەیوەندیدار بە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەڵبژاردنیان کردووە و رایانگەیاندووە کە پێویستە بنەماکانی شەفافییەت و دەستپاکی و دادپەروەری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بهێنرێنەدی لەپێناو زۆرترین بەشداری لەو پرۆسەیەدا.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێی رەشنووسی پەیڕەوی نێوخۆیی هاوپەیمانێتییەکەی و میکانیزمێکی رێکخستنی کردووە لەپێناو یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە پرسە نیشتمانی و ستراتیژییەکان بۆ قۆناخی داهاتوو.




