رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکان بکات.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگەکە یەکەم دانیشتنی خۆی لەبارەی سکاڵای ژمارە (259/فیدراڵی/2026) دەکات، کە لەلایەن (سەرگۆن رۆمێر بنیامین)ـەوە تۆمار کراوە.
لە سکاڵاکەدا داوا کراوە دادگەکە بڕیار بە نادەستووریبوون و هەڵوەشاندنەوەی دەقی مادەی (14)ـی یاسای داهاتی شارەوانییەکان، ژمارە (1)ـی ساڵی 2023 بدات، کە تایبەتە بە قەدەخەکردنی هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان و سەپاندنی سزای پێبژاردن بە بڕی 10 ملیۆن بۆ 25 ملیۆن دینار بەسەر سەرپێچیکاران.
وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی 20ـی شوباتی 2023، لە ژمارە 4708ـی رۆژنامەی (وەقایعی عێراقی)دا کۆمەڵێک یاسای بڵاوکردەوە کە پێشتر پەرلەمانی عێراق پەسندی کردبوون. یەکێک لەوانە یاسای داهاتی شارەوانییەکان بوو کە لە 26ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016 پەسەند کرابوو، واتە دوای زیاتر لە شەش ساڵ لە پەسندکردنی خرایە واری جێبەجێکردنەوە.
یاسای داهاتی شارەوانییەکانی عێراق لە 16 مادەی یاسایی پێکهاتووە و مادەی 14ـی هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەخە دەکات. هەروەها بڕگەی دووەمی هەمان مادە سزای بۆ سەرپێچیکاران دیاری کردووە کە بریتییە لە پێبژاردنی دارایی بە بڕێک کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 25 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.



