رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کوژرانی سەرکردەیەکی داعش و برینداربوونی ژمارەیەک چەکداری رێکخراوەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سنووری پارێزگای دیالە راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆ یەکشەممەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دوای بەدواداچوونی وردی هەواڵگری و دەستنیشانکردنی شوێنەکەی لە پارێزگای دیالە، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر سەرکردەیەکی داعش بە ناوی (خەتاب جەزیرە) ئەنجامدا کە دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کوژرا.
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، ژمارەیەک لە یاوەرەکانی خەتابیش برینداربوون، بەڵام توانیویانە هەڵبێن.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو سەرکردەیەی داعش چەندین پۆستی باڵای لەنێو رێکخراوەکەدا هەبووە، لەوانە بەرپرسی یەکەی وەقف و بەرپرسی گشتیی سەربازیی کەرتی عومەر فارووق؛ هەروەها دەستی هەبووە لە چەندین هێرشدا بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و خاڵەکانی حەشدی شەعبی و کوشتنی ئەو هاووڵاتییانەی هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانیان کردووە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی چەکدارانی داعش تاوەکو بە تەواوی مەترسییەکانیان لەنێودەبردرێ.



