رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی دا بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لە هۆکاری تەقینەوەکەی وێستگەی کارەبای هارسە لە بەسرە، ئاماژەی بەوەش کرد کە خێزانی مردووان و برینداران لە پڕۆژەی دابەشکردنی زەوی سوودمەند دەبن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی شەممە (21ی تشرینی دووەمی 2026) بڵاویکردەوە: "عەلی فالح زەیدی فەرمانی کردووە لیژنەیەکی تایبەت بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی تەقینەوەی وێستگەی کارەبای هارسە پێکبهێندرێ و بەرپرسیارێتیی هەر لایەنێک کە کەمتەرخەم بووە، دیاری بکرێ".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی تەندروستی و پارێزگای بەسرەی راسپارد کە تەواوی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پێشکێشکردنی باشترین چارەسەر بە بریندارەکان تاوەکو بە تەواوی چاک دەبنەوە، قەرەبووی دارایی خێزانی کوژراوەکان و بریندارانی ئەم رووداوە بکرێتەوە و تەواوی مافە یاساییەکانیان بۆ مسۆگەر بکرێ.
عەلی زەیدی بڕیاری دا کە هەموو ئەو خێزانانەی بەهۆی تەقینەوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، بخرێنە نێو پڕۆژەی نیشتمانیی (وەتەن) تایبەت بە دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی، تاوەکو وەک قەرەبوویەک پارچە زەویی نیشتەجێبوونیان پێبدرێ.
هاوکات وەزیری کارەبای عێراق فەرمانی دا بە گرتنەبەری رێکاری بەپەلە بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو زیانانەی بەر وێستگەی کارەبای هارسە لە بەسرە کەوتوون، تاوەکو بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکە ئاسایی بێتەوە.
هەروەها داوای کرد هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنە تایبەتەکان بکرێ بۆ دۆزینەوەی هۆکاری تەقینەوەی بۆرییەکە و گرتنەبەری رێکاری تووند تاوەکو رووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، تەقینەوەی بۆرییەکی گاز لە وێستگەی کارەبای هارسە، بووە هۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی 35ی دیکە، جگە لە سووتانی زیاتر لە 17 خانووی هاووڵاتییان.
وێستگەی کارەبای هارسە، کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە باکووری شاری بەسرەوە دوورە، یەکێکە لە وێستگە گرنگەکانی عێراق و توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە نزیکەی 1,400 مێگاوات کارەبا.



