رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، ژمارەی مردووان و بریندارانی ئاگرکەوتنەوەکەی وێستگەی کارەبای هارسە لە بەسرە بۆ چوار مردوو و 35 بریندار بەرزبووەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "زۆربەی مردوو و برینداران دانیشتووانی ئەو خانووانەن کە بە نایاسایی لە دەوروبەری وێستگەکە دروستکراون."
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رۆژی شەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2026، بڵاویکردەوە: "تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە هاوکاریی یەکە سەربازییەکان، لە کاژێر 6:00ی بەیانییەوە خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئاگرێکی گەورە بوون لە وێستگەی کارەبای هارسە لە باکووری پارێزگای بەسرە."
بە گوێرەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، تاوەکو ئێستا چوار گیانلەدەستدان تۆمارکراون، 35 کەسی دیکە بریندار بوون، کە زۆربەیان بەهۆی سووتان و دووکەڵەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون؛ هەروەها زۆربەی زیانمەندەکان دانیشتووی ئەو گەڕەکانەن کە بە نایاسایی لە خانووی زیادەڕۆ لە نزیک وێستگەکە نیشتەجێن.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماژە بەوە دەکات: "لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستیپێکردووە و دواتر وردەکارییەکان بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە".
رۆژی شەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2026، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆرییەکی گواستنەوەی گاز لە نێو وێستگەی کارەبای هارسە، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە.
پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی بەسرە بە رووداوی راگەیاند: "لە ئەنجامی رووداوەکە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 28 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە باری تەندروستیی هەندێکیان ناجێگیرە."
نوئاس سەباح، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی هێزی تەقینەوەکە و نزیکیی وێستگەکە لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان، ئاگرەکە بەشێکی ماڵەکانی دەوروبەریشی گرتەوە و زیانی بە زیاتر لە 17 خانوو و چەندین ئۆتۆمبێل گەیاند".
نوئاس سەباح گوتی: "تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەسرە توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و ژمارەیەک خێزانیش لە ناو ماڵەکانیاندا رزگار بکەن".
بە گوتەی نوئاس سەباح، ئاگرەکە بەهۆی تەقینەوەی بۆرییەکی دابینکردنی گاز بووە بۆ وێستگەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری تەکنیکیی پشت تەقینەوەی بۆرییەکە بە روونی ئاشکرا نەکراوە.
وێستگەی کارەبای هارسە، کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە باکووری شاری بەسرەوە دوورە، یەکێکە لە وێستگە گرنگەکانی عێراق و توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە نزیکەی 1,400 مێگاوات کارەبا.



