رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەک لەنێو وێستگەیەکی کارەبا لە باکووری بەسرە بووەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە. بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگاکە دەڵێت: "دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 28 کەسیش بریندارن".
ئەمڕۆ شەممە (21ی تشرینی دووەمی 2026)، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆرییەکی گواستنەوەی گاز لە نێو وێستگەی کارەبای هارسە، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی بەسرە بە رووداوی راگەیاند: "لە ئەنجامی رووداوەکە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 28 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە باری تەندروستیی هەندێکیان ناجێگیرە."
تەندروستیی بەسرە گوتی: "تەواوی کارمەندە پزیشکییەکان و ئەمبوڵانسەکان لە ئامادەییدان و بریندارەکانیش رەوانەی نەخۆشخانەکانی شارەکە کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست".
نوئاس سەباح، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی هێزی تەقینەوەکە و نزیکیی وێستگەکە لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان، ئاگرەکە بەشێکی ماڵەکانی دەوروبەریشی گرتەوە و زیانی بە زیاتر لە 17 خانوو و چەندین ئۆتۆمبێل گەیاند".
نوئاس سەباح گوتی: "تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەسرە توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و ژمارەیەک خێزانیش لە ناو ماڵەکانیاندا رزگار بکەن".
بە گوتەی نوئاس سەباح، ئاگرەکە بەهۆی تەقینەوەی بۆرییەکی دابینکردنی گاز بووە بۆ وێستگەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری تەکنیکیی پشت تەقینەوەی بۆرییەکە بە روونی ئاشکرا نەکراوە.
وێستگەی کارەبای هارسە، کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە باکووری شاری بەسرەوە دوورە، یەکێکە لە وێستگە گرنگەکانی عێراق و توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە نزیکەی 1,400 مێگاوات کارەبا.



