رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ چوونە نێو جورف سەخر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی وڵات دایەوە و رایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوڕێیەتی و کەسێکی بەهێزە؛ دەشڵێت: "کاتێک عەلی زەیدی بیەوێت کارێک بکات، دەتوانێت بیکات".
دوای گەڕانەوەی لە لووتکەکەی لە چین و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی دایەوە.
لە پرسیارەکەدا کە مەبەست لێی پرسی چوونە نێو ناوچەی جورف سەخرە لە پارێزگای بابل لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کە بەیانیی ئەمڕۆ چوونە نێوی، دیار کوردە بە سەرۆکی ئەمریکای گوت: "زۆر سوپاس بەڕێز سەرۆک. دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو هەفتە لەمەوبەر، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتەکەی هەوڵەکانیان چڕتر کردەوە بۆ چەکداماڵینی گرووپە میلیشیاکان — ئەو گرووپانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن — و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی ئەم گرووپانەدان. ئایا پێت وایە حکومەتەکەی دەتوانێت چەک لەم گرووپە میلیشیایانە دابماڵێت؟".
لە وەڵامدا دۆناڵد ترەمپ ستایشی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و ئاماژەی بە پشتگیریکردنی خۆی بۆ کرد و گوتی: "باشە، دەزانیت، ئەو هاوڕێی منە. دەزانیت، ئەو لە پلەی دەیەمدا بوو و من پشتگیریم کرد و بە شێوەیەکی زۆر گەورە سەرکەوتنی بەدەستهێنا".
سەرۆکی ئەمریکا دۆخی عەلی زەیدی بۆ بوون بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرکەوتنی سەرۆکی پۆڵەندا بەراورد کرد و گوتی: "دەتوانم هەمان شت بۆ پۆڵەنداش بڵێم؛ ئەو [سەرۆکی پۆڵەندا] لە پلەی یانزەیەمدا بوو، من پشتگیریم کرد و لە گەورەترین سەرکەوتنی سیاسیی چاوەڕواننەکراوی 50 ساڵی رابردوودا سەرکەوت، پێم وایە وایان گوت و ئێستاش لە پۆڵەندا کارێکی زۆر باش دەکات."
دۆناڵد ترەمپ لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە توانای سەرۆکوەزیرانی عێراق کردەوە و گوتی: "بۆیە، بەڵێ، ئەو [عەلی زەیدی] کەسێکی باشە. مەبەستم ئەوەیە کەسێکی بەهێزە. پێم وایە کاتێک بیەوێت کارێک بکات، دەتوانێت بیکات."
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی ترەمپ:
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز سەرۆک. دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو هەفتە لەمەوبەر، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتەکەی هەوڵەکانیان چڕتر کردەوە بۆ چەکداماڵینی گرووپە میلیشیاکان ئەو گرووپانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی ئەم گرووپانەدان. ئایا پێت وایە حکومەتەکەی دەتوانێت چەک لەم گرووپە میلیشیایانە دابماڵێت یان..
دۆناڵد ترەمپ: باشە، دەزانیت، ئەو هاوڕێی منە. دەزانیت، ئەو لە پلەی دەیەمدا بوو و من پشتگیریم کرد و بە شێوەیەکی زۆر گەورە سەرکەوتنی بەدەستهێنا. دەتوانم هەمان شت بۆ پۆڵەنداش بڵێم؛ ئەو (سەرۆکی پۆڵەندا) لە پلەی یانزەیەمدا بوو، من پشتگیریم کرد و لە گەورەترین سەرکەوتنی سیاسیی چاوەڕواننەکراوی 50 ساڵی رابردوودا سەرکەوت، پێم وایە وایان وت و ئێستاش لە پۆڵەندا کارێکی زۆر باش دەکات. بۆیە، بەڵێ، ئەو (عەلی زەیدی) کەسێکی باشە. مەبەستم ئەوەیە کەسێکی بەهێزە. پێم وایە کاتێک بیەوێت کارێک بکات، دەتوانێت بیکات"




