رووداو دیجیتاڵ
هەشت بەرپرسی لقی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی مەیسان دەستگیرکران بە تۆمەتی نووسینی پارەی زیاتر لە دەرخستەی کڕیندا؛ هەروەها لە یەک مانگدا دوو جار مادەیەکی دیاریکراویان کڕیوە کە نرخی هەریەکێکیان 98 ملیۆن دینار بووە.
رۆژی هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی ئەو دۆسیەیەی بڵاوکردەوە.
ئەو هەشت بەرپرسەی لقی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی مەیسان لە دەرخستەی کڕیندا پارەی زیاتریان بۆ کڕینی مادەکان نووسیوە و لە یەک مانگی دیاریکراودا یەک جۆر مادەیان دوو جار کڕیوە کە نرخی هەریەکێکیان 98 ملیۆن دینار بووە و بەبێ ئەوەی سوودی لێببیندرێت، لە کۆگەدا هەڵگیراوە.
یەکێک لەو گەندەڵییانەی دیکە کە ئەو کەسانە کردبوویان ئەوە بووە کە فەرمانبەرانیان ناردبوو بۆ لقی بەسرەی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ بەدواداچوونی بارکردنی ئەو بەرهەمانە بەبێ ئەوەی پێویست بووبێت و پارەیەکی زۆریان بەفیڕۆداوە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، بۆ ئاشکراکردنی ئەو دۆسیەیە 25 بەرپرس و فەرمانبەری کۆمپانیاکەیان بانگهێشت کردووە و گوتەیان لێ وەرگرتوون، لەوانە: بەڕێوەبەری لقی کۆمپانیاکە لە مەیسان، بریکاری بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاری، بەرپرسانی هۆبەی گەنجینە و راژە و وردبینی و چاودێریی نێوخۆیی و بەڕێوەبردنی مرۆیی و سەرۆکی لیژنەی کڕین.
ئەو هەشت بەرپرسەی کە لەو دۆسیەی گەندەڵییەدا دەستیان هەبووە و دەستگیرکراون، بەرپرسی بەشی مرۆیی، بەرپرسی هۆبەی بودجە، بەرپرسانی یەکەی خەمڵاندن و پێگەی ئەلیکترۆنی و لێکۆڵینەوەی کارگێڕی و بریکاری هۆبەی چاودێری و وردبینیی نێوخۆیی کۆمپانیاکە بوون.
ئەو کەسانە بەگوێرەی مادەی 340ـی یاسای سزادانی عێراقی دراونەتە دادگە کە تایبەتە بە تاوانی زیانگەیاندنی فەرمانبەری حکومەت بە موڵک و ماڵی گشتی و سزاکەی دەگاتە حەوت ساڵ زیندانیکردن.




