رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پۆلیسی وزەی عێراق دەڵێ، تیمەکانیان دەستیان کردووە بە جێگیرکردنی خاڵی ئەمنی لەسەر بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەی جورف نەسر بۆ رێگری لە قاچاخچێتی. ئاشکراشی کرد کە هێڵی ستراتیژیی نەوت بە نێو چەند ناوچەیەکی سەختی ئەو قەزایەدا تێدەپەڕێت.
فەریق روکن حامید حوسێنی، فەرماندەی پۆلیسی وزەی عێراق، رۆژی هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی2026، بە ئاژانسی عێراقی رایگەیاند: "ئەرکی ئێمە پاراستنی زیاتر لە 9 هەزار کیلۆمەتر بۆریی نەوت و سووتەمەنییە لە هەموو عێراق. هێڵی ستراتیژی کە درێژییەکەی 441 کیلۆمەترە و بەرەو پاڵاوگەی دۆرە دەچێت، بەشێکی بە ناو جورف نەسردا تێدەپەڕێت."
بە گوتەی فەریق روکن حامید حوسێنی، پۆلیسی وزە بەرپرسیارێتیی پاراستنی 100 کیلۆمەتری ئەم هێڵەی لە ئەستۆیە. گوتیشی: "پێشتر 95 کیلۆمەترمان پاراستبوو، بەڵام ئەو پێنج کیلۆمەترەی مابوو دەکەوێتە نێو جەرگەی جورف نەسر، کە ناوچەیەکی کشتوکاڵیی سەخت و دژوارە، ئێستا تیمەکانمان بە ئامێری پێشکەوتوو شوێنی بۆرییەکان هەڵدەگرن و خاڵی ئەمنی بۆ پاراستنیان دادەنێین."
فەرماندەی پۆلیسی وزە باسی لەوەشکرد، لە هەر 500 مەترێکدا خاڵێکی ئەمنی دادەنێن و دەیانبەستنەوە بە بنکە سەرەکییەکانەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و نەوت، چاودێریی وردی هێڵەکان دەکەین و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە قاچاخچێتی و زێدەرۆیی نادەن.
فەریق روکن حامید حوسێنی گوتی: "کارەکان لە 20ی تشرینی دووەمەوە دەستیان پێکردووە و بارەگای کۆنترۆڵمان لە کۆگەی نەوتی (سەدە)دامەزراندووە، و لە دوو بۆ سێ رۆژی داهاتوودا جێگیرکردنی هەموو خاڵە ئەمنییەکان تەواو دەبێت".
کۆگەی نەوتی سەدە، دامەزراوەیەکی گرنگ و ستراتیژیی نەوتییە و دەکەوێتە ناحیەی سەدەی هیندییە لە باکووری پارێزگای بابل. لە رووی کارگێڕی و تەکنیکییەوە سەر بە هەردوو کۆمپانیای بۆرییە نەوتییەکان و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانە (دەستەی دابەشکردنی فوراتی نێوەڕاست)، سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقن.



