رووداو دیجیتاڵ
لە سێگۆشەی سنووری نێوان سێ پارێزگای زۆرینە
سوننە و شیعەی عێراقدا، جورفولسەخر زیاتر لە 12 ساڵە وەکو ناوچەیەکی ئەمنیی ئاڵۆز
ماوەتەوە. خاوەنی زۆرترین ئاوارەی نەگەڕاوەیە، بوونی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا وایکرد کە
لە ماوەی سێ ساڵدا شەش جار بۆردوومان بکرێت.
هەڵدانەوەی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت، جارێکی دیکە
رۆشنایی خستەوە سەر ناحیەى جورفولسەخر، ئەو ناوچە سوننەیەى کە لە باوەشی پارێزگای
بابلدایە زۆرینەی شیعەی عێراقە.
هەندێک بە سێگۆشەی مەرگ و هەندێکی دیکە بە ناوچەی
قەدەخەکراوی ناوەندی عێراقی دەبینن. 650 کیلۆمەتر رووبەری ناحیەکە خستوویەتییە
سنووری نێوان بەغداو بابل لەگەڵ ئەنباری زۆرینە سوننەوە.
دوای 12 ساڵ بۆ یەکەمجار لە 18ی ئاب، لیژنەیەکی
ئەمنیی حکومەتی عێراقی چووە ناوی، لە 2014ـەوە گرووپەکانی حەشدی شەعبی رێگە نادەن
جگە لە خۆیان، هیچ هێزێکی دیکەی فەرمی بچێتە ناوی.
داعش دەستخەڕۆی کرد
ساڵی 2014 بۆ پێنج مانگ ناحیەکە کەوتە دەست چەکدارانی
رێکخراوی داعش. ئەو پێشهاتەی ئەو کاتە بۆ شیعەکان مەترسی بوو؛ پێیانوابوو داعش گەیشتووەتە
دەروازەی بەغدا.
جورفولسەخر 60 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای بەغداوە
دوورە، بە ئۆتۆمبێل بە 45 خولەک لەو ناوچەیەوە دەگەیتە پایتەخت.
گرووپەکانی حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنی عاشوورایان
بۆ دەرپەڕاندنی داعش لە جورفولسەخر دەستپێکرد و کۆنترۆڵیان کردەوە، لەگەڵیشیدا ناوەکەیان
گۆڕی بۆ "جورفولنەسر"
لەو کاتەوە تەوقى ئەمنی گرووپە چەکدارە شیعەکان
بەسەر ناحیەکەدا هەیە، کە تەنانەت رێگەیان بە هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی سووپا و پۆلیس
نەدەدا بچنە ناوی.
پێنج هەزار خێزان نەگەڕانەوە
چوونی داعش و بەجێهێشتنی بۆ حەشدی شەعبیی شیعە
و جەنگ و ئاڵۆزی، زۆرینەی دانیشتووانی سوننەی ناچار کرد کە ناحیەکەیان بەجێهێێڵن،
کە بە یەکێک لە ناوچە کشتوکاڵییە بەپیتەکانی عێراق دادەنرێت.
سەعد غازى، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای
ئەنبار بە رووداوی گوت: "زۆرینەی ئاوارەکانی جورفولسەخر لە کەمپی بزێبز نەگەڕاونەتەوە،
هەندێکی دیکەیان بە ناچاری لە ناوچەکانی دیکەی ئەنبار نیشتەجێن و ناگەڕێنەوە."
ترس، پشکنینی ئەمنی، نەبوونی گەرەنتی و داگیرکردنی
زەوی، هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی جورفولسەخرن کە زۆرینەیان سەر بە هۆزی جەنابین.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی
عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی لە ساڵی 2014 بە فەرمی لەلای
ئێمە تۆمار کراوە وەکو ئاوارەی جورفولسەخر، زیاتر لە پێنج هەزار خێزان بوون، بەشێکیان
ئەو کات روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، ئێستا لە کەمپی بزێبز 1550 خێزانی ئاوارەی
ئەو ناوچەیە لێیە و ئەوانی دیکە لە ناوچەی عامرییەی سەر بە قەزای فەلووجە نیشتەجێبوون
و ژمارەیەکی کەمیان گەڕانەوە."
حیزبوڵڵا باڵادەستە
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق کە دیارترین گرووپە
چەکدارەکانی وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە ناحیەی جورفولسەخر باڵادەستە. لیوای
47ی سەر بەو گرووپە کە سەر بە حەشدی شەعبییە، لەو سنوورە بەرپرسیارێتیی ئەمنی هەیە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بابل بە رووداوی گوت:
"کەتیبەکانی حیزبوڵڵا زیاتر لە سەنتەری ناحیەی جورفولسەخر هەژموونیان هەیە،
گرووپی دیکەی حەشدی شەعبی هەن کە لە ناوچەکانی دەوروبەری ناحیەکەن."
بوونی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە جورفولسەخر و
جموجۆڵەکانی، ناحیەکەی کردە ئامانجی سوپای ئەمریکا لە ماوەی شەڕی 40 رۆژە لەگەڵ ئێران
و بەر لەو شەڕەش.
لەنێوان 2023 بۆ 2026 شەش جار بارەگاکانی حەشدی
شەعبی لە جورفولسەخر بۆردوومان کراوە کە زۆرینەیان بنکەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای
عێراقییان کردووە ئامانج.



