رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان رایگەیاند، جیاوازیی تێڕوانین لەنێوان بەرپرسانی هاوپەیمانێتییەکە هەیە لەبارەی میکانیزمی چوونە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو ناحیەی جورفولسەخر کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا تێیدا باڵادەستن.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جیاوازیی تێڕوانین لەنێوان سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە لەبارەی میکانیزمی چوونە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو ناحیەی جورفولسەخر.
حکومەتی عێراقی دەرفەتێکی داوەتە کەتیبەکانى حیزبوڵڵا بۆ چوونە دەرەوە لە ناحیەی جورفولسەخر، ئەوەش لەدوای ئاشکرابوونی بەقاچاخبردنی نەوت لەو ناحیەیەی سنووری پارێزگای بابل.
عەقیل ردێنی گوتی: "زۆرینەی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دژی ئەوەن رووبەڕووبوونەوە رووبدات لە کاتی چوونە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەو ناحیەیە، لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتیی حکومەتی عەلی فالح زەیدی دەکەن لە هەنگاوەکانی بۆ رێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت."
شەوی 16ی تشرینی دووەم، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوە، بەڵام لە راگەیێنراوەکەیاندا بە دیاریکراوی باسی دۆخی ناحیەی جورفولسەخریان نەکرد و تەنیا ئاماژەیان بەوە دابوو کە "تاوتوێی پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی عێراق و ناوچەکەیان کردووە."
دوای کۆبوونەوەکە بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەبارەی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە جورفولسەخر رایگەیاند، هەموو جۆرە بەقاچاخبردنێکی نەوت یان فێڵکردن تێیدا رەت دەکەنەوە، لەهەمان کاتیشدا پەلکێشانی قەیرانەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکداری رەتدەکەنەوە.




