رووداو دیجیتاڵ
هێزە شیعەکان لەگەڵ کەتیبەکانى حیزبوڵڵا لە دانوستاندان بۆ ئەوەی شەڕ لە یەکلاکردنەوەی دۆخی ناحیەی جورفولسەخر دووربخەنەوە، بەگوتەی یەکێک لە پەرلەمانتارانی پشکی بابل چەند سیناریۆیەک بۆ بەڕێوەبردنی دۆخی ناحیەکە تاوتوێ دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە دوو سەرچاوەی بەرپرسی نێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستی کەوتووە، دانوستاندن و پەیوەندی لەنێوان ئەو هاوپەیمانێتییە و کەتیبەکانى حیزبوڵڵا هەیە بۆ ئەوەی چوونە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناحیەی جورفولسەخر بەبێ رووبەڕووبوونەوەی چەکداری تێپەڕێت.
بە گوتەی یەکێک لە سەرچاوەکانی رووداو لە نێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەوانەی رۆڵ لەو نێوەندگیرییە دەبینن پێکهاتوون لە هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و عەبدولعەزیز محەممەداوی ناسراو بە ئەبو فەدەک، سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی.
حکومەتی عێراق مۆڵەتی بۆ کەتیبەکانى حیزبوڵڵا دیاریکردووە کە ناحیەی جورفولسەخر لە سنووری پارێزگای بابل بەجێبهێڵن کە لە 13ی تشرینی دووەمەوە لیژنەیەکی حکومەت بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت سەردانی کرد.
حوسێن بەیاتی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارێزگای بابل بە رووداوی راگەیاند: "لەسەر ئاستی پەرلەمانتاران و دەستەی حەشدی شەعبی و حکومەت، هەوڵی جۆراوجۆر هەیە بۆ چارەسەری کێشەی جورفولسەخر و دوورخستنەوەی رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و گرووپەکانی حەشدی شەعبی."
بە گوتەی حوسێن بەیاتی، چەند سیناریۆیەک تاوتوێ دەکرێت لەبارەی بەرپرسیارێتیی ئەمنی لەو ناحیەیە، ئەوانیش حەشدی پیرۆزگەکان یان پۆلیسی خۆجێیی بەرپرسیارێتیی ئەمنی تێدا بگرنە ئەستۆ.
چیرۆکی جورفولسەخر ئەوکاتە دەنگی دایەوە کە راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی عێراق دەریخست، لەو ناحیەیە نەوت بە قاچاخ براوە، حکومەت و پەرلەمان بەجیا لیژنەیان بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە پێکهێنا.
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەدووری دەزانین رووبەڕووبوونەوە لە جورفولسەخر رووبدات، ئەوەی هەیە دووبارە دابەشکردنەوەی بەرپرسیارێتیی ئەمنی دەبێت."



