رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەبارەی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە جورفولسەخر رایگەیاند، هەموو جۆرە بەقاچاخبردنێکی نەوت یان فێڵکردن تێیدا رەتدەکەنەوە، لەهەمان کاتیشدا پەلکێشانی قەیرانەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکداری رەتدەکەنەوە.
دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2026، هیشام رووکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی لە نووسینێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند: "هەڵوێستمان روونە کە داوا دەکەین سەرجەم کێشەکان بە لێکتێگەیشتن و دیالۆگ چارەسەر بکرێن بەشێوەیەک کە سامانی نیشتمانی و بەرژەوەندیی عێراق بپارێزرێت و بەقاچاخبردنی نەوت و فێڵکردن تێیدا رەت دەکەینەوە و هەر کەسێک بسەلمێنرێت کە لەو پرسەوە گلاوە بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرێت."
13ی تشرینی دووەم، لیژنەیەکی حکومەتی فیدراڵی چووە ناو ناحیەی جورفولسەخر لە پارێزگای بابل بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت لەو سنوورە کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق تێیدا باڵادەستن.
هیشام رووکابی رایگەیاند، پەلکێشانی قەیرانەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکداری رەتدەکەنەوە و پەرۆشن بۆ هەردوولایەنەکە و ئەرکی هەموو لایەنەکانە نەوت و سامانی عێراق بپارێزن.


