رووداو دیجیتاڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی نەینەوا پێی راگەیاندوون، کە خۆی کەسێکی سەربەخۆ بۆ پۆستی قایمقامی شنگال دادەنێت. دوو لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە کە دووشەممە 16ی تشرینی دووەم لە بەغدا کراوە، ئەو زانیاریەیان بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە. محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کە بەشداربووە لە کۆبوونەوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکوەزیران پێیگوتوون، بەهۆی ئەوەی لەسەر پۆستی قایمقامی شنگال رێکنەکەوتوون، خۆی کەسێکی سەربەخۆ بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکات. 22ی تشرینی یەکەمی رابردوو دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی قایمقامی شنگال داخرا، 10 کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کرد، کە لە 2017ـەوە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت. خالید سەیدۆ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە خەڵکی قەزای شنگالە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قسەکانی سەرۆکوەزیران لەبارەی پۆستی قایمقامی شنگال 10 چرکە بوو، گوتی: "دواکەوتن لە رێککەوتن لەسەر ئەو پۆستە و منیش پێویستم بەوەیە شنگال قایمقامێکی هەبێت، خۆم بەدوای کەسێکی سەربەخۆدا دەگەڕێم بۆ ئەو پۆستە دایدەنێم". یەکی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکی 20 یەکەی کارگێڕیدا کرد، کە یەکێکیان قایمقامی شنگال بوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی لایەنەکان لەسەر گۆڕانکارییەکان، پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ قایمقامی شنگال دەرنەکرد. بە گوتەی خالید سەیدۆ، ئەو ئاماژەیەی عەلی فالح زەیدی وەک پەیامی گوشار بووە بۆ سەر ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی قایمقامی شنگال بەوپێیەی رێکاری یاسایی خۆی هەیە. بەگوێرەی یاسای پارێزگاکانی عێراق، دەبێت پۆستی قایمقام لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگاوە دەنگی لەسەر بدرێ، نەک لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دابنرێت.
عێراق17-11-2026پەرلەمانتارێک: لیژنەی بەدواداچوونی بەقاچاخبردنی نەوت سەردانی دەروازە سنوورییەکان دەکات
عێراق16-11-2026چوارچێوەی هاوئاهەنگی: میوانداریی شاندێکی سلێمانیمان کرد و بەردەوامیی دیالۆگمان دووپاتکردەوە