رووداو دیجیتاڵ بڕیارە لە 48 کاژێری داهاتوودا راپۆرتی هاوبەشی حکومەت و پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی بەقاچاخبردنی نەوتی جرف سەخەر بڵاوبکرێتەوە؛ بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، دوو پاڵاوگەی نایاسایی لەسەر بۆریی نەوتی عێراق دروستکراون و لایەنە ئەمنییەکان و وەزارەتی نەوتیش لە پرۆسەکە تێوەگلاون، هاوکات 9 بەرپرسی باڵاش لەسەر کەیسەکە دادگایی دەکرێن. لەوبارەیەوە عەلی ساعدی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی خەدەما، بە رووداوی راگەیاند: «رۆژانە زیاتر لە 15 بۆ 25 تانکەری 36 هەزار لیتری نەوت براون. بەپێی ئەو راپۆرتەی لە ڤیدیۆی کامێرا حەرارییەکانەوە بینیومانە، ئەمە تەنیا لە یەک کامێرا دەرکەوتووە و ئەوانەی دیکەش لە هەندێک کاتدا پەکخراون». بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە قاچاخچێتییەکە بە نووسراوی فەرمیی خودی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەنجام دراوە، بەشێکی دیکەشی بە چاوپۆشیی بازگە و هێزە ئەمنییەکان تێپەڕیوە و رێگەی پێدراوە. مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، ئاماژە بەوە دەکات کە ناوی هیچ کەسێک لە راپۆرتەکەدا نەهاتووە، بەڵکو ناوی هەندێک لایەن و شوێن هاتووە. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: «چاوەڕێین لیژنەکان چۆن چوون بۆ جرف سەخەر، بچینە شوێنەکانی دیکەش بۆ ئەوەی بزانین کێ بەرپرسە و کێ دەستی لەم بابەتەدا تێوەگلاوە». چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا، ئەو 9 بەرپرسە باڵایەی پێشتر لەسەر قاچاخچێتیی نەوتی جرف سەخەر لە کارەکانیان دوورخرابوونەوە، دادگایی بکرێن. بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی پێشکێشی لیژنەکە کراوە، ئەو گرووپە چەکدارەی لە ناوچەکەدان تەنیا جرف سەخەرییان داگیر نەکردووە، بەڵکو لە رێگەی ئەو جوگرافیایەوە توانیویانە بە قاچاخ نەوت ببەن و بیکەنە ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی گرووپەکەیان زیاتر پڕچەک و تۆکمەتر بکەن بۆ مانەوە.
عێراق16-11-2026پەرلەمانتارێک: لە جورف نەسر بۆرییەکی نەوت کون کراوە و رۆژانە 20 هەزار بەرمیل نەوتی لێبراوە