رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێ، عەلی زەیدی فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە بچنە نێو ناوچەی جورف سەخر (جورف نەسر) لە پارێزگای بابل؛ ئاماژە بەوەش دەکات ئەگەری هەیە سوپا بنێرنە هەرێمی کوردستان.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند: "دۆسیەی جورف نەسر چەندین ساڵە وەک دۆسیەیەکی داخراو ناودەبردرێ، بەڵام حکومەت بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە یاساییەکانی و بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکەی لە پاراستنی سامانی گشتی، رێکاری بۆ بەدواداچوونی گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت گرتووەتەبەر."
حەیدەر عەبوودی گوتی: "راسپاردەکان ئاراستەی هێزە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان کراون، بەتایبەتی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و ئاژانسی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی، بۆ ئەوەی گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت تۆماربکەن و ئاماژە و زانیارییەکانیان بخەنە نێو پڕۆگرامێکی ئەلیکترۆنی بۆ بەدواداچوون."
لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەستکاریکردن لە بۆرییەکانی نەوتدا تۆمار دەکات
حەیدەر عەبوودی گوتی: "راپۆرتێک کە ئاژانسی هەواڵگری ئامادەی کردووە، زانیاریی ورد و خوێندنەوەیەکی لەسەر بنەمای زانستی لەخۆگرتبوو، لە ژێر رۆشنایی ئەویش سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا کرد بە سەرۆکایەتیی کەسایەتییەکی ئەمنی لە دەستەی حەشدی شەعبی."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی: "لیژنەکە رۆژی هەینی دەستی بە کارەکانی کرد و دوای کاژێر 10:00ـی بەیانی چووە ناوچەکە، کارەکەیشی تاوەکو نزیکەی پێش کاژێر 4:30ـی دوانیوەڕۆ بەردەوام بوو، پشکنینی بۆ شەش شوێن کرد و چووە ئەو شوێنانەی لە راپۆرتی ئاژانسی هەواڵگریدا دیاریکرابوون."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوەش کرد: "لیژنەکە دەستکاریکردنێکی روونی لەو بۆرییانەدا تۆمارکردووە کە بە ناوچەکەدا تێدەپەڕن، جگە لە بوونی هەوڵی پڕکردنەوە و شاردنەوەی شوێنەواری ئەو دەستکاریکردنە، هەروەها بوونی دوو پاڵاوگەی لە ناوچەکەدا دەستنیشان کردووە، لەگەڵ تانکەرێک و چەند کۆگایەک، کە ئەمانە بەڵگەن و پێویستییان بە دابینکردنی نەوتی خاوە بۆ کارپێکردنی ئەم پاڵاوگانە."
رەوانەکردنی تێوەگلاوان بۆ دادگە و بەدواداچوونی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەموو ناوچەکان
عەبوودی گوتی "لیژنەکە راسپاردەکانی خۆی بەرزکردەوە بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کە دوای دوو رۆژ کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی سازکرد و تێیدا راپۆرتەکە خرایەڕوو و ئەنجامەکانی تاوتوێ کران؛" ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرۆکوەزیران ستایشی هەوڵەکانی لیژنەکەی کرد لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بە وردی و بابەتییانە، هەروەها فەرمانی بە ژمارەیەک بەخشین لە پۆست کرد."
حەیدەر عەبوودی دەڵێ: "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە پێویستیی هەڵگرتنی تەواوی ئەرکەکان لەلایەن سەرجەم بەرپرسانی ئەمنی لە کەرتەکانی بەرپرسیارێتییان کردووەتەوە، هەروەها رێگەنەدان بە یاریکردن بە سەرچاوەکانی دەوڵەت، بەتایبەت سامانی نەوت کە موڵکی گەلی عێراقە."
عەبوودی ئاماژە بەوە دەکات کە "راسپاردەکانی سەرۆکوەزیران تەنیا بەدواداچوونی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەیەکی دیاریکراودا ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە گومانی بەقاچاخبردنیان تێدا دەستنیشان کراوە؛" سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە "فەرمانی کردووە بە رەوانەکردنی تێوەگلاوان و دۆسیەکە بە گشتی بۆ دادگە، هەروەها دەستەی دەستپاکی راسپاردووە بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی لەم بوارەدا بگێڕێ."
عەبدوودی دەڵێ: "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بۆ رێگریکردن لە هەر دەرکەوتە یان ئاماژەیەک پەیوەست بە دەرچوونی ئۆتۆمبێلە تانکەرەکانی بەرپرس لە گواستنەوەی نەوت یان بەرهەمە نەوتییەکان"، هاوکات جەختی لە "ئامادەیی دەزگا ئەمنییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان لە نێو ناوچەی جەرف نەسر" کردەوە.
عەبوودی ئاماژەی بەوەش کرد کە "هێزە چەکدارەکان دەچنە ناوچەی جورف نەسر و بڕیار لەسەر ئەوە دراوە، چونکە چوونی هێزە ئەمنییەکانمان دۆخی سرووشتیی بەڕێوەبردنی شار و قەزاکان و هەموو ناوچەکانی عێراقە، بەوپێیەی بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە ئەستۆی ئەو هێزانەدایە کە بە یاسا رێگەپێدراون و بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کار دەکەن."
سەبارەت بە گومانخستنە سەر تواناکانی هێزە چەکدارەکان، گوتەبێژی حکومەت روونیکردەوە، کاتی ئەم لێدوانانە لە قۆناخێکدایە کە ئاستی ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە رۆژی سەروەری لە 30ـی ئەیلوولەوە، کە تێیدا هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی خاکی عێراقیان جێهێشت.
باسی لەوەش کرد، ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان و سازبوونیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان لە بەرزبوونەوە بەردەوامن، گوتیشی، بوونی سوودمەندان لە کەلێنە ئەمنییەکان رەنگە وایان لێبکات پێشوازی لە تەواوکردنی ئەرکەکانی هێزە فەرمییەکان و کۆنترۆڵکردنی زەوی نەکەن.
مۆڵەتێکی دیاریکراو بۆ دەرچوونی کەتایبی حیزبوڵڵا لە جورف سەخر
سەبارەت بە مۆڵەتی دیاریکراو بۆ دەرچوونی کەتایبی حیزبوڵڵا لە جورف سەخر ، عەبوودی گوتی: "مۆڵەتێک بۆ کەتایب دیاریکراوە بۆ دەرچوون لە جورف نەسر و ئەم کاتە دوور نییە."
روونیشیکردەوە: "ئەرکی لیژنەی لێکۆڵینەوە دیاریکراو بوو بە بەدواداچوونی ئەو ئاماژانەی پەیوەستن بە بەقاچاخبردنی نەوت. راسپاردەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان تەنیا جرف نەسر ناگرێتەوە، بەڵکو لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە درێژدەبێتەوە."
گوتیشی: "دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بە کردەیی دەستیان بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان کردووە لە بەدواداچوونی گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە ژمارەیەک ناوچە و نەک تەنیا لە جورف نەسر."
هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، عەبوودی گوتی: "حکومەت بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکات، کە دەسەڵاتەکانی هەرێمی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا دیاریکردووە."
حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوەشکرد: "دەسەڵاتەکانی هەرێم بە واتای دەرچوونی نایەت لەو سنوورە دەستوورییانەی پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم رێکدەخەن."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بە "بوونی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئاماژەی پەسەند بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ نوێنەرانی ئەو دەزگا ئەمنییانە کرد کە بە فەرمی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە راسپێردراون بۆ بەدواداچوونی گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتیشی "هەر کەسێک ببێتە رێگر لە بەردەم بەجێگەیاندنی ئەرکی ئەو هێزە ئەمنییانەی راسپێردراون بۆ بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە، لە بەرامبەر یاسادا دەبێت" و گوتی: "ئەگەری چوونی هێزەکانی سوپا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش هەیە".

