رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بڕیاری دا ئەپلیکەیشنی تیلیگرام لە عێراق رابگرێ و ماوەی 30 رۆژ مۆڵەتیش بە کۆمپانیاکە دەدات بۆ ئەوەی دۆخی یاسایی خۆی لە وڵاتەکەدا رێکبخات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارەکە پاڵپشت بە رێنمایی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەو دەسەڵاتانەی بەپێی فەرمانی یاسادانانی ژمارە (65)ـی ساڵی 2004ـی هەموارکراو بە فەرمانی ژمارە (100) پێیان دراوە، دەرچووە.
دەستەکە هۆکاری بڕیارەکەی بۆ پابەندنەبوونی کۆمپانیای بەڕێوەبەری تیلیگرام بە مەرجە یاسایی و رێکخراوەییە کارپێکراوەکان گەڕاندوەتەوە و دەڵێ: "کۆمپانیاکە رێکاری پێویستی بۆ چارەسەرکردنی ئەو نێوەڕۆکە سەرپێچیکارانە نەگرتووەتەبەر کە لە رێگەی پلاتفۆرمەکەوە بڵاودەکرێنەوە و پابەندی یاسا عێراقییەکان نەبووە، ئەمەش وایکرد ئەم رێکارە رێکخراوەییە دژی بگیرێتەبەر، لەگەڵ پێدانی مۆڵەتی 30 رۆژ بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆخی یاسایی خۆی."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەکانی دەستەی راگەیاندن و گەیاندندایە بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بڵاوکردنەوەی گوتاری تووندڕۆیی، هاندان بۆ ئاژاوە، تووندوتیژی، رق و کینە، هەروەها ئەنجامدانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانی.
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق باس لەوە دەکات کە ئامانج لە راگرتنەکە، ناچارکردنی کۆمپانیاکەیە بە پێداچوونەوە بە نێوەڕۆکی عێراقی لەنێو ئەپلیکەیشنەکە، گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لە سەرپێچییەکان و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ دەستەکە بەپێی چوارچێوە یاساییە پەسەندکراوەکان.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پابەندبوونی کۆمپانیاکان بە یاساکانی عێراق بنەمایە بۆ بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەکانیان لەنێو وڵات، چونکە پاراستنی کۆمەڵگە و ئاسایشی نیشتمانی لە پێشینەی کارەکانیانە لە رێکخستنی کاری پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا.

