رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی بردنی نەوت لە ناوچەی جورف سەخر (جورف نەسر) لە باکووری پارێزگای بابل، جووڵەیەکی سیاسی و پەرلەمانیی گەورەی لە بەغدا دروستکردووە. بەپێی زانیارییە پەرلەمانییەکان، لە ساڵی 2021ـەوە بۆریی گواستنەوەی نەوت لەو ناوچەیە کونکراوە و رۆژانە نزیکەی 20 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەدزرێ. پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی باڵای بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێناوە، بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بە بوونی ترس لە پێکدادانی چەکداری و ناکۆکی لەنێو لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا دەکەن.
کونکردنی بۆریی نەوت و بردنی 20 هەزار بەرمیلی رۆژانە
ئەگەرچی ناوچەی جورف سەخر هیچ کێڵگە و بیرێکی نەوتی تێدا نییە، بەڵام بۆریی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی باشوور بەرەو پاڵاوگەکانی دۆرە و بێجی بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕێ.
بناس عەلی دۆسکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ناوچەی جورف سەخر هیچ بیرێکی نەوت نییە، بەڵام ئەو بۆرییەی نەوت لە باشوورەوە بۆ پاڵاوگەکانی دۆرە و بێجی دەگوازێتەوە، کون کراوە و کەتیبەکانی حیزبوڵڵاش لەو ناوچەیەدان."
بەگوتەی بناس عەلی دۆسکی، بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، پرۆسەی کونکردنی بۆڕییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2021 و رۆژانە نزیکەی 20 هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەبردرێ.
لیژنەیەکی پەرلەمانی کاردەکات و چوارشەممە راپۆرتەکەی تەواو دەکات
بۆ بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە فەرمانی پەرلەمانیی ژمارە (198) لە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی لە سەرۆکانی حەوت لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمان، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکان، کە هاوکات ئەندامی لیژنە کاتییەکەیە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکانمان لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت بەردەوامن، دوێنێ یەکشەممە لەگەڵ باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوت و بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە کۆبووینەوە."
هەرێم کەمال ئاغا باسی لەوە کرد کە راپۆرتی هەواڵگری لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت لە دوو شوێن هەیە، ئەوانیش جورف سەخر و هەرێمی کوردستانن؛ گوتیشی: "چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکان دەکەین و بڕیارە رۆژی چوارشەممە لیژنەکەمان راپۆرتی کۆتایی خۆی تەواو بکات و بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بەرزی بکاتەوە، بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست."
جورف سەخر ناوچەیەکی داخراوە؛ پۆلیسی بابل دەسەڵاتی نییە
سەرباری ئەوەی جورف سەخر لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای بابلە، بەڵام دامەزراوە ئەمنی و خۆجێییەکانی ئەو پارێزگایە دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان بەسەر ناوچەکەدا نییە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پارێزگای بابل ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ناوچەی جورف سەخر ناوچەیەکی سەربازی داخراوە و پۆلیسی بابل هیچ دەسەڵاتێکی بەسەریدا نییە، بۆیە ئاگاداری وردەکاریی نێو ناوچەکە نین."
هاوکات حەیدەر مەنگووشی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل لە فراکسیۆنی سادیقوون (باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت بە فەرمی نەهاتووەتە ئەنجوومەنی پارێزگاکەیان تاوەکو گفتوگۆی لەبارەوە بکەن و هەربۆیە ئاگادار نین.
ترس لە پێکدادان و ناکۆکییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی
لە کاتێکدا لیژنەیەکی ناوەندیی لێکۆڵینەوە سەردانی جورف سەخری کردووە و راپۆرتەکەی داوەتە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دڵەڕاوکێ لە ئەگەری دروستبوونی گرژیی چەکداری لە ناوچەکەدا هەیە.
حەیدەر مەنگووشی رایگەیاند، راستە هیچ گرژییەک لە بابل و جورف سەخر نییە و جگە لە حەشدی شەعبی، هێزەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵیش لە ناوچەکەدان، بەڵام "دڵەڕاوکێ و ترس لە پێکدادان هەیە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا دۆخەکە سەقامگیرە."
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل پرسیاری ئەوەیشی ورووژاند کە ئەگەر ئەم دۆسیەیە هی چەند ساڵێکە، بۆچی وەزارەتی نەوت پێشتر بێدەنگ بووە و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاگادار نەکردووەتەوە؟ بۆچی ئێستا ئەم بابەتەیان ورووژاندووە؟ لەبارەی ئەگەری کشانەوەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵاش لە ناوچەکە گوتی: "ئەمە بابەتێکی فیدراڵییە و ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن."
لەلایەکی دیکەوە، بناس عەلی دۆسکی ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن پێکدادان روونەدات، بەڵام دۆسیەکە ناکۆکیی خستووەتە نێو لایەنە شیعەکان و گوتی: "کێشە لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا هەیە. سێ جارە چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵی کۆبوونەوە دەدات، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانەوە کۆبوونەوەکە ناکرێ."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، تاوەکو هەینی مۆڵەتی داوەتە کەتایبەکانی حیزبوڵڵا بۆ رادەستکردنی ناوچەکە بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و چوونی هێز بۆ ناوچەکە.
دوێنێ، دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەری ناحیەی جورف سەخر گوێبیستی دەنگی چەندین تەقینەوەی یەک لەدوای یەک بوون. هەرچەندە زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەقینەوەکان بە مەبەستی لەنێوبردن و تەقاندنەوەی پاشماوە جەنگییە کۆنەکانی ناوچەکەیە، بەڵام سەرچاوەکان باس لە هۆکاری دیکە دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە لەبەر هەستیاریی بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم تەقاندنەوانە وەک بیانوویەک بۆ پاشماوەی جەنگ بەکاردەهێنرێن، بەڵام لەبنەڕەتدا ئامانج لێیان شاردنەوە و سڕینەوەی ئاسەواری بەشێک لەو بارەگا، تونێل و پێگە سەربازییانەیە کە تایبەتن بە گرووپی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لە سنووری جورف سەخر."
سەرچاوەکەی رووداو هۆشداریشی دا کە "پێشبینی دەکرێت ئەم جۆرە تەقینەوانە لە رۆژانی داهاتووشدا لەنێو قووڵایی ئەو ناوچەیە بەردەوام بن."
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا، شەوی یەکشەممە (15ی تشرینی دووەمی 2026) تیشکی خستە سەر رێکارەکانی حکومەت لە ناوچەی جورف سەخر و رایگەیاند، حکومەتی عێراق سوورە لەسەر کۆتاییهێنان بەو دۆخە و جێبەجێکردنی یاسا و رێکارەکانی دەوڵەت بە شێوەیەک کە متمانەی خەڵک بە دەوڵەت بگەڕێتەوە.
گەڕانەوەی دانیشتووان و نەبوونی "دەستوەردانی ئێرانی"
سەبارەت بە دەنگۆی بوونی ناڕەزایەتی و دەستوەردانی ئێران لە پشت پەردەوە دژی رێکارەکانی حکومەت، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و گوتی: "هیچ دەستوەردانێکی ئێرانی لەم دۆسیەیەدا، چ لەسەر ئاستی پەیوەندی یان نێوەندگیری، تۆمارنەکراوە. ئەمە ناوچەیەکی تەواو عێراقییە و ئەوانەیشی لەوێن عێراقین کە لە دۆخێکی دیاریکراودا لەوێ جێگیربوون."
لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی جورف سەخر بۆ زێدی خۆیان، عەبوودی جەختی کردەوە کە بێگومان دەگەڕێنەوە و گوتی: "ئەگەرنا سوودی هەڵوەشاندنەوەی ئەم دۆسیە داخراوە چییە؟ بڕیارەکە دراوە و حکومەت بەردەوام دەبێت لە گەڕاندنەوەی خەڵکەکە."
لە وەڵامی ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن گەڕانەوەی دانیشتووانی ناوچەکە مەترسی لەسەر ئاسایشی بەغدا، کەربەلا و بابل دروست دەکات، گوتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە دۆخی ئەمنی بەراورد بە ساڵی 2014 گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە و "ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی عێراقییەکان نەماوە، سەرچاوە و مۆڵگەکانی داعش وشککراون و ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە هیچ پێگەیەکی نەماوە."
حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوەکرد کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاری داوە هێزە فەرمییەکانی عێراق بچنە نێو ناوچەکە و شوێن و پێگەی شیاوی خۆیان بگرن؛ گوتیشی: "وادەیەکی دیاریکراو دانراوە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە کە ماوەیەکی دوور نییە، بەڵام رێگەم پێبدەن وادەی کۆتاییهاتنەکەی ئاشکرا نەکەم."
تێوەگلانی یەک گرووپ لە بەقاچاخبردنی نەوت
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان کرد سەبارەت بە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لەو ناوچەیە و رایگەیاند، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵگری و لیژنەی لێکۆڵینەوە، تەنیا یەک گرووپی چەکدار کە دەسەڵاتی بەسەر ناوچەکەدا هەبووە، بەرپرسە و تێوەگلاوە لەو دۆسیەیەدا نەک چەند گرووپێک.
ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی نەوت و دەستەی دەستپاکی دەستیان بە وردبینی کردووە بۆ زانینی بڕی نەوتی بەقاچاخبراو و قەبارەی زیانە داراییەکانی پێنج ساڵی رابردوو، تاوەکو دۆسیەکە بە تەواوی داتاکانەوە رادەستی دادگای عێراق بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی.
سەبارەت بە سەردانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ جورف سەخر، عەبوودی رایگەیاند کە سەرۆکی لیژنەکە کەسایەتییەکی رێزلێگیراوی دەستەی حەشدی شەعبی بووە و ئەندامەکانی سەردانی ناوچەکانیان کردووە و دەستکاری و سەرپێچییەکانیان دەستنیشان کردووە.
دانیشی بەوەدا نا کە لە کاتی کارەکانی لیژنەکەدا جۆرێک لە دنەدان هەبووە، چونکە وەک خۆی گوتی: "ئەوانەی دەستیان بەسەر زەوییەکانی ئەو ناوچەیەدا گرتبوو، رانەهاتبوون لیژنەی پشکنین بچێتە ناوچەکە و فەرمان بکات و لێکۆڵینەوە و وردبینی بکات. پێکهێنانی ئەو لیژنەیە لەم قۆناخە هەستیارەدا هەنگاوێکی بێ پێشینە بووە و ئەنجامەکانی بەرزکراونەتەوە و بڕیاری گونجاویان لەبارەوە دراوە".
راپۆرتەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداوی کەوتووە و لە 19 لاپەڕە پێکهاتووە، دەریدەخات ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2026 بەبێ پچڕان لەژێر دەسەڵات و پارێزبەندیی یەکێک لە گرووپە چەکدارەکاندا بەڕێوەچووە و زیانێکی دارایی و ئابووریی گەورەی بە سامانی گشتیی عێراق گەیاندووە.
بەپێی داتاکانی بەشی هەواڵگری، قاچاخچییەکان لە نزیک (یەکتربڕی بەهبەهانی) و بە دووری تەنیا 1 تاوەکو 4 کیلۆمەتر لە شەقامی سەرەکیی (بەغدا - بابل)، بۆرییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی نەوتی وەزارەتی نەوتی عێراقیان کون کردووە. بۆ گواستنەوەی نەوتە دزراوەکە (کە تاوەکو ئێستا روون نییە نەوتی خاوە یان بەرهەمی پاڵێوراو)، تانکەری گەورە بەکاردەهێندرێن کە هەر یەکێکیان 36 هەزار لیتر دەگرێ.
بەگوێرەی راپۆرتەکە کە پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بەستووە، نەوتەکە لە دوو شوێن بار کراوە:
یەکەم: تەنیا 342 مەتر لە بۆرییە نەوتییەکەوە دوورە و لە دوو خانوو پێکهاتووە کە دارخورمایان تێدایە. لەنێوان شوباتی 2024 تاوەکو تەممووزی 2026، بەردەوام تانکەرەکان (لە 1 تانکەرەوە بۆ 3 تانکەر لە یەک کاتدا) لەو شوێنە خەریکی بارکردن بوون و تاوەکو ساڵی 2026ـیش چالاکییەکانی بەردەوام بووە.
دووەم: بە دووری 962 مەتر لە بۆریی نەوتەکەوە، چاڵێکی گەورەی نەوت لەنێو زەویدا دروست کراوە. لە حوزەیرانی 2021 تاوەکو تەممووزی 2026، چاودێریی چڕی تانکەرەکان لەم خاڵە کراوە، بە شێوەیەک لە 01-06-2021ـدا 4 تانکەر، لە 23-10-2021ـدا 3 تانکەر، لە 30-11-2021ـدا 7 تانکەر و لە لووتکەی چالاکییەکاندا لە رۆژی 30-10-2022ـدا 21 تانکەر لە یەک کاتدا سەرقاڵی بارکردن بوون، هەروەها لە ساڵانی 2025 و 2026ـیشدا بە تێکڕا 3 تانکەر.
بنیادنانی پاڵاوگەی نهێنی و تەکنیکەکانی خۆشاردنەوە
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات تانکەرەکان دوای پڕکردنیان، نەوتەکە دەگوازنەوە بۆ کۆگایەکی سەرەتایی و دوو پاڵاوگەی بچووکی نهێنی کە بە دووری 7 کیلۆمەتر لە شوێنی کونکردنەکە و 11 کیلۆمەتر لە رێگەی (بەغدا - بابل) دروست کراون:
پاڵاوگەی یەکەم: لە تشرینی یەکەمی 2021 تەنیا زەوییەکی بەتاڵ و لە قۆناخی دروستکردندا بووە، بەڵام لە تشرینی یەکەمی 2022ـەوە وەک پاڵاوگەیەکی بچووک کەوتووەتە کار و تاوەکو 30-07-2026 بەردەوام لەنێوان 6 بۆ 9 تانکەری 36 هەزار لیتری لە حەوشەکەیدا تۆمار کراون.
پاڵاوگەی دووەم: تەنیا 700 مەتر لە پاڵاوگەی یەکەمەوە دوورە؛ لە ساڵی 2022 لە قۆناخی دروستکردندا بووە و تاوەکو ساڵی 2025 و 2026 تەواو بووە، بە جۆرێک لە هەردوو رێکەوتی 30-01-2025 و 30-07-2026ـدا 14 تانکەری گەورە لە نزیک ئەم پاڵاوگەیە وەستاون.
سێ تەکنیک و سێ رێگە
بۆ ئەوەی لە چاوی مانگە دەستکردەکان و فڕۆکەکانی چاودێرییەوە ون بن، تۆڕەکە سێ تەکنیکی سەرەکییان بەکارهێناوە:
یەکەم: هەڵکەندنی چاڵی قووڵ لەژێر زەویدا بۆ عەمبارکردنی نەوت، لەبری دروستکردنی تانکی و کۆگای ئاسایی سەرزەوی.
دووەم: داپۆشینی چاڵە نەوتییەکان، شوێنی بارکردن و تەنانەت دارخورماکانی دەوروبەری بە بنمیچی ئاسنی سپی، بۆ ئەوەی پەڵە نەوتییەکان و جووڵەی تانکەرەکان لە ئاسمانەوە نەبینرێن.
سێیەم: زۆربەی پرۆسەکانی بارکردن لە کاتەکانی شەودا کراوە، چونکە راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەو دەیان تانکەرەی لە وێنەکاندا دەرکەوتوون تەنیا هی کاتی رۆژن، ئەمەش مانای وایە قەبارەی دزینەکە لە شەواندا چەند هێندەی ئەو ژمارانەیە.
سێ رێڕەوی قاچاخ بۆ گەیاندنی نەوتەکە بە بەغدا
بەگوێرەی نەخشە شیکارییەکانی هەواڵگریی عێراق، نەوتە بەقاچاخبراوەکە بە سێ رێگەی جیاوازەوە بەرەو پارێزگای بەغدا دەگوازرێتەوە:
رێگەی یەکەم (بەرەو باکوور): تانکەرەکان دەچنە سەر رێگەی سەرەکیی (بەغدا - بابل) و لە رێگەی پەڕینەوە بەسەر پردی موسەییەبدا راستەوخۆ دەگەنە بەغدا.
رێگەی دووەم (تێکەڵبوون لەگەڵ تانکەرە فەرمییەکان): تانکەرەکان لە پاڵاوگە نهێنییەکانەوە بەرەو عامرییەی فەللوجە دەڕۆن و خۆیان تێکەڵی کاروانی تانکەرە فەرمییەکانی وێستگەکانی سووتەمەنی دەکەن، پاشان لە بازگەی پردی عەنازەوە بەسەر رووباری فوراتدا دەپەڕنەوە و لە رێگەی بازگەی ئینتیسار و رێگەی نێودەوڵەتییەوە دەچنە ناو بەغدا.
رێگەی سێیەم (رێگە دوورەکەی ئەنبار): تانکەرەکان بەرەو عامرییەی فەللوجە دەڕۆن و بەردەوام دەبن بەرەو حەبانییە و پاشان شاری فەللوجە، دوای پەڕینەوە لە رووبار دەگەنە دووڕیانێک. بەشێکیان لە رێگەی نێودەوڵەتییەوە و بەشێکی دیکەیان لە رێگە کۆنەکەی ئەبوغرێبەوە دەگەنە پایتەخت.
لەنێو چەند رۆژی رابردوودا بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای ئەمنی و تەکنیکی چووە نێو جورف سەخر بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی کونکردنی بۆرییەکان و بەقاچاخبردنی نەوت، کە بووە هۆی لەسەرکارلادانی بەڕێوەبەری گشتیی هێڵەکانی بۆریی نەوت و چەندین بەرپرسی دیکەی ئەمنی و کارگێڕیی ناوچەکە.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی چوونەتە نێو گفتوگۆکان بۆ رێکخستنی چەک و واژۆکردنی (رێککەوتنی سەروەری) لەگەڵ ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حکومەت، بەڵام عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیمانی خۆی شکاندووە و نووسینگەکەی راپۆرتی هەڵبەستراو لە کەناڵە ئیماراتی و سعودییەکان و هەندێک کەناڵی نێوخۆیی بڵاودەکاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دۆسیەکانی مەدینە نەسر (جورف سەخر) و چەکی بەرگری دەبێت لە دەرەوەی ململانێی سیاسی بن و سەرەڕای گوشارەکانی ئیمارات، سعودیە و ئەمریکییەکان لە رێگەی حکومەتی زەیدییەوە بۆ تۆمەتبارکردنی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، سازش لەسەر ئەو بنەمایە ناکەین."
سەبارەت بە تۆمەتەکانی بەقاچاخبردنی نەوت، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا روونیکردووەتەوە، ئەو لیژنە تەکنیکییەی سەردانی ناوچەکەی کردووە، هیچ زێدەڕۆییەکی بۆ سەر بۆرییەکانی نەوت نەدۆزیوەتەوە. بە گوتەی ئەوان، ئەوەی لە وێنەکاندا تۆمارکراوە تەنیا چەند کۆگایەکی سووتەمەنی و کارگەیەکی سادەی باشترکردنی کوالێتیی سووتەمەنییە کە بۆ دابینکردنی پێداویستیی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و موەلیدەکان لەنێوان کەرتی باکووری بابل تاوەکو قائیم بەکاردەهێندرێت و زیاتر لە پێنج هەزار مەتر لە بۆریی نەوتەوە دوورە.
"چاوی عێراقتان رووناک کردەوە"
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لەبارەی قاچاخچێتیی نەوت لە جورف سەخر کرد و رووی لە فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان کرد و گوتی: "ئێوە بەم دەرچوونەتان چاوی عێراقتان رووناک کردەوە و هەڵوێستێکتان بۆ مێژوو تۆمار کرد، بە دڵێکی پڕ و بە ویژدانێکی نەکڕدراوەوە چوون و ئەوەتان ئاشکرا کرد کە لەژێر ناوێکی دیاریکراودا لە بژێویی عێراقییەکان دەدزرا."
سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دایە ئەوانەی تێوەگلاون و گوتی: "ئەو کەسە هەڵەیە کە پێی وایە چاوێک نییە چاودێریی بکات؛ با پێداچوونەوە بە حیساباتەکانیدا بکاتەوە."
عەلی فالح زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد، وەک رێزلێنانێک پاداشت و سوپاسنامە پێشکێشی ئەندامانی لیژنەکە دەکات و ئەوەشی وەک پەیامێک بۆ هەمووان ناوبرد کە هەر کەسێک خزمەتی عێراق بکات، وڵات لەبیری ناکات؛ هەروەها جەختی لە پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەری کردەوە و گوتی: "دادگەی عێراق سەداسەد پشتیوانتانە، چونکە دادگە دەوڵەتی دەوێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڵێنی کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتی دا و رایگەیاند: "بستێک لە خاکی عێراق نامێنێتەوە کە قاچاخچێتی و دزیی تێدا بکرێت، لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە."
زەیدی باسی لەوەش کرد کە هەندێک کەس گومانیان لە توانای هێزە ئەمنییەکان هەبووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆسیانە، بەڵام ئەو پێیگوتوون: "ئەگەر هێزەکانمان بێتوانا بوون، گەلەکەم دەهێنمە دەرەوە و پێیان دەڵێم وەرن شەڕ لەسەر مافەکانتان بکەن. هێزەکان پیاویان دەوێت پێیان بڵێت دەرچن و منیش لەگەڵتانم؛ ئەوەی پێشتر ورەی هێزەکانی لاواز کردبوو، ئەو جۆرە قسانە بوو."
رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنیی کردووە کە تایبەت بووە بە خستنەڕووی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەی تایبەتمەند بە پرسی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جورف نەسر لە پارێزگای بابل.
لابردنی بەرپرسان
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لیژنەکە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیدا دروستیی سەرجەم ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردووەتەوە کە لە راپۆرتی بریکارێتیی کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیدا هاتبوون سەبارەت بە بەقاچاخبردنی نەوت، دروستکردنی پاڵاوگەی نایاسایی و دەستکاریکردنی بۆرییەکان.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کردووە سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەی دەستیان لە بەقاچاخبردنی نەوتدا هەبووە رەوانەی دادگە بکرێن و رێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر بگیرێتەبەر، هەروەها بڕیاری دوورخستنەوەی ئەم بەرپرسانەی لە پۆستەکانیان دەرکرد:
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بابل.
بەڕێوەبەری پۆلیسی باکووری بابل.
بەڕێوەبەری هەواڵگری و دژەتیرۆری بابل لە وەزارەتی ناوخۆ.
بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی لە بابل.
بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای بابل لە وەزارەتی بەرگری.
بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری لە بابل.
فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بابل.
فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە لە وەزارەتی ناوخۆ.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵەکانی بۆریی نەوت لە وەزارەتی نەوت.
پێگەی جورف سەخر
جورف سەخر دەکەوێتە سەر کەناری رۆژئاوای رووباری فورات و بە دووریی نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری بەغدا. ئەم ناوچەیە خاڵێکی ستراتیژیی گرنگە، چونکە پارێزگاکانی بابل، ئەنبار، کەربەلا و بەغدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
پێشتر بەهۆی سروشتی بەردەڵانیی کەنارەکانی رووباری فوراتەوە پێی دەگوترا "جورف سەخر" (بەردەڵان)، بەڵام دوای کۆنترۆڵکردنەوەی لە دەستی رێکخراوی داعش لە تشرینی یەکەمی 2014، حکومەتی خۆجێیی بابل بڕیاری دا ناوەکەی بگۆڕێت بۆ "جورف نەسر" (سەرکەوتن)، بەم دواییانەش کرایە مەدینە نەسر.
پێش ساڵی 2014، زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە هۆزە عەرەبە سوننەکان (بە تایبەت هۆزی جەنابییەکان) پێکهاتبوون و ناوچەکە بە کشتوکاڵ و باخەکانی دارخورما و میوە بەناوبانگ بوو.
دوای شەڕی دژی داعش، دانیشتووانە رەسەنەکەی ئاوارە بوون و تاوەکو ئێستاش رێگەیان پێنەدراوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان. لەو کاتەوە ناوچەکە بووەتە ناوچەیەکی سەربازیی داخراو و بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبیدایە، بە جۆرێک تەنانەت بەرپرسە ئیداری و ئەمنییەکانی حکومەتیش بەبێ مۆڵەتی ئەو هێزانە ناتوانن بچنە ناوچەکەوە.

