رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق پەردە لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی گەورەی گەندەڵی و پێشێلکاری لە کۆمپانیای گشتیی هێڵەکانی ئاسنینی عێراق هەڵدەداتەوە کە تەنیا بەهای یەکێک لە گرێبەستەکان دەگاتە 22.5 ملیار دۆلار؛ دەشڵێت، بەهۆی بەدواداچوونەکانیانەوە چوار بەڕێوەبەری گشتی لەکارلادران و وەزیری گواستنەوەش رووبەڕووی لێپرسینەوە بووەوە.
عامر عەبدولجەبار ئیسماعیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانیی "بنیاتنەر"، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای پێنج ساڵ لە بەدواداچوونی بەردەوام و ناردنی 1,499 نووسراوی فەرمی لە خولی پێشوو و ئێستای پەرلەماندا، کۆتایی هەفتەی رابردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە نووسراوی فەرمی سەرجەم تێبینی و بەڵگەکانی لەبارەی گەندەڵییەکانی هێڵەکانی ئاسنین پشتڕاست کردووەتەوە و ئاراستەی سەرۆکی دەستەی داواکاری گشتیی کردووە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە (کە وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراقیش بووە لە سەردەمی نێوان 2008 بۆ 2010)، لە ئەنجامی ئەو پێشێلکارییانەی دەستنیشان کراون، تاوەکو ئێستا چوار بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە لەکارلادراون و بەڕێوەبەری ئێستاش لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و 22 فەرمانبەری دیکە لە دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێریی دارایی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
عامر عەبدولجەبار رەخنەی تووند لە وەزیری ئێستا و وەزیری پێشووی گواستنەوە دەگرێت بەهۆی دوورنەخستنەوەی 22 فەرمانبەری تۆمەتبار، کە دیارترینیان بریتییە لە "گرێبەستی کارپێکردنی هاوبەشی ژمارە 39" بە بەهای نزیکەی 22.5 ملیار دۆلار، لەگەڵ گرێبەستێکی دیکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیماراتی.
بەپێی راپۆرتەکان، دیارترین ئەو دۆسیە و سەرپێچییە دارایی و کارگێڕییانەی کە لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەوە ئاشکرا کراون بریتین لە:
گرێبەستە گومانلێکراوەکان: لەوانە گرێبەستی کارپێکردنی هاوبەشی ژمارە 39 (22.5 ملیار دۆلار)، گرێبەستی ژمارە 28، گرێبەستی پەیمانگەی هێڵەکانی ئاسنین و سپاردنی 21 گرێبەست لە سەردەمی بەڕێوەبەری پێشوودا کە خەرجیی دووبارەیان تێدابووە.
رێگەی گەشەپێدان: بوونی خەرجیی دووبارە و دیزاینی وردبینینەکراو لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی بیابانی، کە مەترسیی هەیە ببێتە پڕۆژەیەکی "نیمچە وەهمی".
هێڵی ئاسنینی بەسرە - شەلامچە: واژۆکردنی گرێبەستەکە پێش پاککردنەوەی رێڕەوەکە لە مین و پاشماوەی جەنگی، سەرەڕای نەبوونی نووسراوی دەستەبەری لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە.
بەهەدەردانی سامان: خەرجکردنی پارەیەکی خەیاڵی بۆ چاککردنەوەی شەمەندەفەرە کۆنەکان، لە کاتێکدا بە هەمان بڕە پارە دەکرا شەمەندەفەری نوێ بکڕدرێن.
پێشێلکاریی کارگێڕی: دەستبردن بۆ پارەی خانەنشینی و دڵنیایی تەندروستیی فەرمانبەران، دابەشکردنی زەویی کۆمپانیاکە بەسەر کەسانی دەرەوەدا و تێکدانی شوێنەوار بەبێ رەزامەندیی دەستەی گشتیی شوێنەوار.
پەرلەمانتارەکە جەختی کردەوە کە بەدواداچوونە دەستووری و یاساییەکانیان بۆ پاراستنی سامانی گشتی بەردەوام دەبێت و ژمارەی نووسراوە فەرمییەکانیان لەم دۆسیەیەدا گەیشتووەتە نزیکەی 1,500 نووسراو.


