رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، دوو لیژنەی باڵایان بۆ لێکۆڵینەوە لە قاچاخچێتیی نەوت و هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێکهێنا؛ لیژنەکان ئەرکیانە رێڕەوی قاچاخی نەوت بۆ ئێران و ئەفغانستان ئاشکرا بکەن.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی زانیارییەکان سەبارەت بە قاچاخچێتیی بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوچەی جورف نەسر.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی فەریق روکن سەعد مەعن پێکهێنراوە.
ئەم لیژنە ئەمنییە چەندین بەرپرسی باڵای دەزگا جیاوازەکان لەخۆدەگرێت، لەوانە: فەرماندەی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، بەڕێوەبەری پۆلیسی وزە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی حەشدی شەعبی، نوێنەرانی دەستەی دەستپاکی و نوێنەرانی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی.
بڕیاردراوە لیژنەکە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان بە خێرایی بۆ سەرۆکوەزیران بەرز بکەنەوە تاوەکو رێکاری یاسایی پێویست بگیرێتە بەر.
هاوکات، رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە جورف نەسر بەرەو ئێران و ئەفغانستان.
بە گوێرەی نووسراوێکی پەرلەمان وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە، ئەم لیژنەیە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و ئەندامییەتیی سەرۆکی حەوت لیژنەی دیکەی پەرلەمان (دارایی، نەوت و گاز، دەستپاکی، هەرێم و پارێزگاکان، یاسایی، و دەروازە سنوورییەکان) پێکدێت.
ئەرکی ئەم لیژنە پەرلەمانییە جگە لە لێکۆڵینەوە لە قاچاخی نەوتی جورف نەسر، بەدواداچوونە بۆ رێڕەوی قاچاخچێتیی نەوتی عێراق لە کێڵگەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستانەوە کە بە ناو خاکی ئێراندا دەڕوات تاوەکو دەگاتە ئەفغانستان.
هەروەها بڕیارە لێکۆڵینەوە لەو هێرشەش بکەن کە کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2026، کاژێر 23:10 کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی کرایە ئامانج. بەهۆیەوە ئاگر لە کێڵگەکە کەوتەوە و کۆمپانیای دانەگاز بەرهەمهێنانی گازی بە شێوەیەکی کاتی راگرت، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەبوو.


