رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمڕۆ دووشەممە 09-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا و چەند پرسێکی هاوبەش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق تاوتوێ دەکات".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 و پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا، پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر بەگشتی، هەروەها دۆخی عێراق و ناوچەکە لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق تاوتوێ دەکرێن.
دوێنێ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و حکومەت رایگەیاند، بۆ تاوتوێکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق سەردانەکە کراوە.
لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ رایگەیاند: "بە مەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی 2027، شاندی باڵای دانووستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "شاندەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کۆدەبێتەوە، بۆ خستنەڕووی تێبینییەکانی سەبارەت بە بڕگەکانی رەشنووسی پڕۆژەکە و جێگیرکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و شایستەکانی مووچەخۆران".
بڕیارە سبەی سێشەممە 10-11-2026 پڕۆژەیاسای بودجە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا تاوتوێ بکرێ تاوەکو بنێردرێ بۆ پەرلەمان، بۆیە هەرێمی کوردستان دەیەوێ تاوەکو ئەو کاتە پرسی بودجە لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکاتەوە.
لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027، پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.7% دانراوە، بەڵام ناردنی پشکەکە بە چەند مەرج و پابەندییەکەوە بەستراوەتەوە، لە سەروویانەوە رادەستکردنی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان.
هاوکات میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی قەرزە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی 2004 تاوەکو 2026 لەنێوان هەولێر و بەغدا دانراوە کە بڕەکەی بە 12 تریلیۆن و 775 ملیار دینار خەمڵێندراوە و بڕیارە لە سێ ساڵدا چارەسەر بکرێن، لەگەڵ ئەو قەرزانەی هەرێمی کوردستان کە لای بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) هەیەتی.



