رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ "بەدواداچوونی ورد" لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
بەپێی راگەیێندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەر بە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کە رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکرایەوە، هێرشەکە کاژێر 23:10ـی شەوی یەکشەممە، 8ی ئەم مانگە کراوە و کێڵگەی گازی کۆرمۆری لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی کردووەتە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەم هێرشەی بە "دەستدرێژییەکی تاوانکارانە" ناوبردووە و فەرمانی داوە دەستبەجێ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوەی هێرشەکە و چۆنیەتیی رووداوەکە دەستپێبکات.
شەوی یەکشەممە، 8-11-2026 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە راگیرا و کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبوونەوە.
دوای هێرشەکە هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "کاژێر 11:00ـی شەو لە کردەوەیەکی تیرۆریستی دا هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هێرشە تیرۆریستییەکە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت لەسەر هاوبەشانی کارەبا و بە زووترین کات بارودۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە."
سەرچاوەیەک لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێرشەکە بەر ناوچەی کۆگاکان و بەشی بارکردنی بارهەڵگرەکان (Truck Loading) کەوتووە و بەهۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە، بەڵام ئێستا ئاگری کێڵگەکە نزیکە لەوەی بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت."
پێشتریش سەرچاوەیەک لە قەزای چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاندبوو کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە کراوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی گوت: "بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان، ئاراستەی ئەو هێرشەی کراوەتە سەر کۆرمۆر لە سنووری خورماتووەوە بووە."
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە شارەدێی قادرکەرەم لە سنووری قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کە لەلایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی و هاوبەشەکانییەوە بەڕێوەدەبردرێت. ئەم کێڵگەیە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی گازی سرووشتییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان، کە زۆربەی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکەن.



