رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی شاندی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ی تاوتوێکرد.
محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی ئابووریی وەزیرانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026 لە بەغدا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027.
کۆبوونەوەکە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنەکە بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی وەزیرانی نەوت، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئابووری لە وەزارەتی نەوت و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی وەزیرانی عێراق، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، میوانداریی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە پێکهاتبوو لە وەزیری سامانە سرووشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، بە مەبەستی درێژەدان و تەواوکردنی گفتوگۆکان سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، ئامادەبووان بە وردی تاوتوێی دۆسیەی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و خانەنشینان، پرسی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ خەرجییە سەروەریی و فەرمانڕەواییان کردووە.



