رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ تاوتوێکردنی چەند پڕۆژەیەک، کە یەکێکیان کردنەوەی فڕۆکەخانەیەکی نوێیە لە بەغدا.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، چوارشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کردووە لەبارەی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی "گەورە"، لەوانە شارە هاوچەرخەکان و دروستکردنی فڕۆکەخانەی نوێ بۆ بەغدا.
بیرۆکەی دروستکردنی فڕۆکەخانەیەکی دیکە لە بەغدا لە ساڵی 2022ەوە هەیە، بیرۆکەکە وایە کە لە بەشی کەرخی شارەکە بێت.
عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، پێویستە پەلە بکرێت لە رێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە ستراتیژییانە دوور لە رۆتین و عێراق پێویستی بە فڕۆکەخانەیەکی گەورەیە کە هاوتای گرنگیی گواستنەوەی ئاسمانی بێت، بەشێوەیەک کە پێگەی جوگرافیی عێراق لەسەر ئاستی ئابووری بەهێز بکات.
فڕۆکەخانەی ئێستای بەغدا لە ساڵی 1982ـەوە کراوەتەوە، کە تەنیا فڕۆکەخانەیە لە شارەکە بۆ گەشت و گواستنەوەی کاڵا.
بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیران، عەلی فالح زەیدی فەرمانی داوە بەوەی کە پەلە بکرێت لە کردنەوە و کارکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ.
16ی تەممووزی 2025، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو کرایەوە، بەڵام فڕۆکەخانەکە تاوەکو ئێستا گەشتە نێودەوڵەتی لێیەوە نەکراوە.



