رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق کوژاندنەوەی بەش و سێرڤەرە سەرەکییەکانی تۆڕی کۆڕەک تیلیکۆمی لە 14 پارێزگای عێراق راگەیاند، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق (CMC) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکان دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دوای کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی بە بەشداربووان درابوو، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە فەرمی دەستیان بە کوژاندنەوەی بەشە سەرەکییەکانی (بگۆڕەکان) کۆمپانیاکە کردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، تیمە تایبەتمەندەکان چوار بگۆڕی سەرەکیی کۆمپانیاکەیان داخستووە؛ کە دانەیەکیان لە پارێزگای بابل، یەکێکیان لە بەسرە و دووانیان لە بەغدا بوون، جگە لە داخستنی ئۆفیسی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە کەرکووک.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی راگرتنی پەخشی هێڵی کۆڕەک لە 14 پارێزگای عێراق، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها روونیکردووەتەوە کە ئێستا هاوئاهەنگی بەردەوامە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی کوژاندنەوەی تۆڕەکە لە سنووری پارێزگای نەینەوا.
دەستەی راگەیاندن و گەیاندن روونیشیکردووەتەوە، دەستپێکردنی ئەم رێکارانە دوای کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە زیادەیە دێت کە لە 6ی تشرینی یەکەمی 2026 بە داوای لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق دیاریکرابوو تاوەکو 1ی تشرینی دووەم، بە مەبەستی رەچاوکردنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و دابینکردنی کاتی پێویست بۆ پاراستنی هەژمار و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کوژاندنەوەی تۆڕەکە بە واتای لەناوبردنی سیمکارتەکان یان دەستبەرداربوون لە هێڵەکان لەلایەن بەشداربووانەوە نییە، دەستەکە لەسەر پاراستنی مافی بەکارهێنەران بەردەوام دەبێت، هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی مافەکانی دەوڵەت.
هەر لەوبارەوە ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم راگەیێندراوێکی لەبارەی کێشەکانی لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق (CMC) بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە کاتێکدا کۆڕەک بە رێگەی یاسایی داکۆکی لە مافەکانی خۆی و بەشداربووانی کردووە و رووبەڕووی ئەو بڕیارە ناڕەوایە بووەتەوە کە لەلایەن سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەکلاکردنەوە ( پاکتاوکردن-تەسویە) دەرکراوە، کە چوارچێوەکەی بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریکرابوو، کەچی سەرۆکی دەستە سوور بووە لەسەر هەڵوێستەکەی."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کۆڕەک تیلیکۆم، سەرۆکی دەستەکە پێی لە هەڵوێستەکەی خۆی ترازاندووە و رێکاری گرتووەتەبەر کە پەیوەندییان بە مۆڵەتەوە نییە، لەوانەش داخستنی بارەگای کۆمپانیاکە کە بەپێی یاسای کۆمپانیاکانی عێراق تۆمار کراوە.
کۆڕەک ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەوەی پەنایان بۆ دادگە بردووە، بڕیارێکی دادوەریی بەپەلەیان بەدەستهێناوە کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی سەرۆکی دەستەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و گرێبەستی یەکلاکردنەوەکە بە کارا دەهێڵێتەوە. کۆمپانیاکە دەڵێت: "چاوەڕوان بووین دەستەکە ملکەچی بڕیاری دادگە بێت و پاساوی نوێ نەدۆزێتەوە بۆ بەردەوامیدان بە رێکارە سەرکوتکەرەکانی دژ بە کۆمپانیاکە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرمان سووڕماوە لە سووربوونی سەرۆکی دەستەکە لەسەر پێشێلکردنی یاسا و پابەندنەبوون بە بڕیاری دادگەی دادپەروەر؛ کۆمپانیاکەمان مافی خۆی دەپارێزێت بۆ داواکردنی قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانانەی کە بەهۆی رێکارە تاکلایەنانەکانی سەرۆکی دەستە و جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگەوە بەر کۆمپانیاکە کەوتوون."
کۆڕەک تیلیکۆم ئاماژە بە بەڵگەیەکی نوێ دەکات و دەڵێت، بەڵگەیەک هەیە کە دەیسەلمێنێت هەڵوێستێکی پێشوەختە دژیان هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە سەرۆکی دەستەکە ئەمڕۆ 1ی تشرینی دووەمی 2026 نووسراوێکی بۆ ناردوون تاوەکو پاساو بۆ رێکارەکانی بهێنێتەوە، لە کاتێکدا رێککەوتی 29ی تشرینی یەکەمی 2026ی پێوەیە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم پرسیار دەکات: "دوای هەموو ئەمانە، مافی خۆمانە بپرسین: ئایا لایەنی ئەقڵانی دەتوانێت پەسەندی بکات کە بڕیارەکانی بەڕێوەبەرێکی گشتی لە سەرووی بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە بن؟!"
.webp&w=3840&q=75)


