رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی عەشیرەتەکانی شنگال (نزیک لە یەبەشە) دەڵێ، بەپێی رێککەوتنی نوێ لەگەڵ حکومەتی عێراق، زیاتر لە چوار هەزار شەڕڤانی (یەبەشە) و هێزە هاوپەیمانەکانیان لەنێو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقدا جێیان دەکرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێمە ئێزدیین و نامانەوێ لەگەڵ کوردستان لە یەک دووربکەوینەوە."
شێخ دەخیل موراد، سەرۆکی دەستەی عەشیرەتەکانی شنگال لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە جەعفەر موبەشیرنیا پێشکێشی کرد، لەبارەی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی عێراق و هێزەکانی یەبەشە قسەی کرد.
سەبارەت بە وردەکاری و میکانیزمی رێککەوتنەکە لەگەڵ بەغدا، شێخ دەخیل موراد باسی لەوە کرد کە رێککەوتنەکە لەسەر یەک خاڵی سەرەکییە، ئەویش بەفەرمیکردنی ئەو هێزانەیە کە لە ساڵی 2014ـەوە لە شنگال دروستبوون و گوتی: "کۆی گشتیی ئەو هێزانەی دەچنە سەر دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق چوار هەزار و 165 شەڕڤانە کە پێکدێن لە شەڕڤانانی یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزدخان."
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی عەشیرەتەکانی شنگال، دابەشکردنی شەڕڤانەکان بەمشێوەیە دەبێت:
- هەزار شەڕڤان دەبنە حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی لیوای 74 و بەسەر دوو فەوجدا دابەش دەکرێن (فەوجی قیبلەت و فەوجی شیمالی).
- 1500 شەڕڤان دەخرێنە سەر فەوجی پاراستنی مەزارگە و شوێنە ئایینییە پیرۆزەکانی کوردانی ئێزدی.
- 1500 شەڕڤان دەخرێنە سەر میلاکی پۆلیسی خۆجێیی و پۆلیسی کۆمەڵگەیی، کە لەنێویاندا نزیکەی 200 ژنە شەڕڤانی (یەژەشە) بۆ پاراستنی ناوەند و مەزارگەکان هەن.
- شەڕڤانانی دیکە بەشێکیان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگری و بەشێکیشیان دەبنە پۆلیسی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆ.
چارەنووسی ئەندامانی بیانی و سەر بە پەکەکە
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو چەکدار و ئەندامانەی یەبەشە کە خەڵکی عێراق و شنگال نین، شێخ دەخیل موراد گوتی: "ئەوانە وەک راوێژکار لە شنگال مابوونەوە. لە قۆناخی شەڕی داعشدا وەک چۆن هێزەکانی هاوپەیمانان رۆڵی راوێژکارییان هەبوو، ئەوانیش بە هەمان شێوە بوون. ئێستا رێگە کراوەیە و دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سلێمانی، دهۆک یان هەولێر و شوێنەکانی خۆیان، هیچ رێگرییەکیان لەسەر نییە و لێکتێگەیشتن و دانوستاندن لەوبارەیەوە بەردەوامە."
شێخ دەخیل موراد باسی لەوەش کرد کە لەم رێککەوتنە نوێیەیاندا لەگەڵ بەغدا بە هیچ جۆرێک باسی مادەی 140 نەکراوە و گوتی: "ئێمە دژی مادەی 140 نین، ئەگەر بە شێوازێکی دەستووری و یاسایی جێبەجێ بکرێ، چونکە مافی قەرەبووکردنەوە بە خەڵک دەدات، بەڵام حکومەتی عێراق لە ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی شنگالدا کەمتەرخەم بووە بەراورد بە پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین."
"ئێزدیین و نامانەوێ لە کوردستان دووربکەوینەوە"
سەبارەت بە پەیوەندیی ئێزدییەکان بە گەلی کورد و هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکی دەستەی عەشیرەتەکانی شنگال رایگەیاند: "هەر کوردێک ئێزدییەکان وەک برا نەبینێت، ئەو کوردە کوردێکی تەواو نییە، هەر ئێزدییەکیش گەلی کورد بە برای خۆی نەزانێت، لە راستیی خۆی تێناگات" و ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە ئێزدیین و نامانەوێ لەگەڵ کوردستان لە یەکدی دووربکەوینەوە".
شێخ دەخیل موراد باسی لەوەش کرد کە لە ساڵی 2014 هەموو بەشەکانی کوردستان دەرگایان بۆ کوردانی ئێزدی واڵا کرد و نانی خۆیان لەگەڵ بەشکردن؛ گوتیشی: "نابێت جیاوازی و ناکۆکییە سیاسییەکان ببنەهۆی دروستکردنی دووبەرەکی لەنێوان گەلی کورد و خوشک و برا ئێزدییەکانیدا."

