رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای مەیسان دەڵێ، تاوەکو ئێستا هیچ رێنمایی و بڕیارێکیان لە حکومەتەوە بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بە کاتی کردنەوەی دەروازەی سنووریی (شەیب) لەگەڵ ئێران؛ هەروەها رەتیدەکاتەوە هیچ قاچاخچێتییەکی مادەی هۆشبەر و سپیکردنەوەی پارە لە دەروازەکەوە ئەنجام درابێت و دەڵێت: "دۆخی ئەمنیی ناوچەکە تەواو لەژێر کۆنترۆڵدایە."
عەلا عەبیاوی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی مەیسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ زانیاری و وادەیەکمان لەبەردەستدا نییە لەبارەی کاتی کردنەوەی دەروازەکە، چونکە بڕیارەکە راستەوخۆ لە دەسەڵاتی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی بەغدایە."
رۆژی 23ی ئەم مانگە، عەبدولئەمیر تعێبان، راوێژکاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، ئێران دەروازەی شەیب بۆ "قاچاخچێتیی دراوی ساختە و مادەی هۆشبەر" بەکاردەهێنێت. سەبارەت بەو تۆمەتانەی تعێبان، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی مەیسان گوتی: "هیچ شتێکی لەو جۆرە بوونی نییە."
وەک گوتەبێژەکە دەڵێت: "دەروازەی شەیب لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ، بەرگری و یەکەکانی پشکنینەوە بە تەواوی تۆکمە کراوە، هیچ دەرفەتێک بۆ قاچاخچێتی نییە و ئەستەمە لەوێوە شتی لەو شێوەیە تێپەڕێت."
لەبارەی دۆخی مەیدانیی دەروازەکە، عەلا عەبیاوی ئاماژەی بەوە کرد: "هێزەکانی سوپا و پۆلیس لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکراوە و دۆخەکە بە تەواوی ئارامە."
گوتەبێژی فەرماندەییەکە باسی لەوەش کرد کە سەرجەم جووڵە و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە رێگەی دەروازەکەوە راگیراون، بەڵام وەک خۆی باسی دەکات ئەوە "کاریگەریی لەسەر بازاڕی نێوخۆیی دروست نەکردووە و بازاڕ ئاساییە."
رۆژی 21ی ئەم مانگە، بە بڕیارێکی حکومی دەروازەی سنووریی شەیب لە رۆژهەڵاتی پارێزگای مەیسان بە رووی ئێراندا داخرا و ئەوەش كاردانەوەی لێکەوتەوە.
هەرچەندە حکومەتی عێراق هۆکاری داخستنەکەی بۆ "نەبوونی ئامادەکاریی تەکنیکی، لۆجستی و پەرەپێدانی دەروازەکە" گەڕاندەوە، بەڵام هاووڵاتییانی پارێزگاکە و بەتایبەت شۆفێرانی بارهەڵگر، دەستیان بە ناڕەزایەتی کرد و رێگەی سەرەکیی گەیشتن بە کێڵگە نەوتییەکانی (بازرگان)یان گرت، بەو پێیەی دەروازەکە بە شادەماری ئابووریی پارێزگاکە دادەنرێت و بژێویی هەزاران خێزانی پێوە بەستراوەتەوە.
داخرانی دەروازەکە ئاڵۆزیی سیاسیشی لێکەوتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی مستەفا دەعیر محەمەداوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی بەردەم دەروازەکە کرد و هەڕەشەی راگەیاندنی "یاخیبوونی مەدەنی" و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی پارێزگاکەی لەگەڵ بەغدا کرد لە ئەگەری نەکردنەوەی دەروازەکە. ئەم هەڵوێستەش کاردانەوەی بەغدای بەدوای خۆیدا هێنا و دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی سێیەمی بەغدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان دەرکرد و هەمان رۆژی دەستگیرکردنەکەی، ئازادکرا.


