رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتیی نوێی دەرکرد کە رێگە بە کۆتاییهێنان و پاکتاوکردنی قۆناخ بە قۆناخی مامەڵە داراییەکان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیی گەشەپێدان بۆ وەبەرهێنان و دارایی (بانکی گەشەپێدانی عێراق) دەدات، ئەمەش لە چوارچێوەی رێنمایی و یاساکانی پەیوەست بە سزاکانی سەر ئێران دا.
بەپێی بڕیارەکەی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کە رۆژی پێنجشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، مۆڵەتە نوێیەکە سەرجەم ئەو دامەزراوە و کۆمپانیایانەش دەگرێتەوە کە بانکی گەشەپێدانی عێراق بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خاوەندارێتیی 50%یان زیاتری پشکەکانیان دەکات.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وادەی تەواوکردن و یەکلاییکردنەوەی ئەم مامەڵانەی تاوەکو کاژێر 12:01ـی شەوی 1ـی کانوونی یەکەمی 2026 درێژکردووەتەوە؛ لە هەمان کاتدا مەرجی ئەوەی داناوە کە لەم پرۆسەیەدا، هەر بڕە پارەیەک کە دەدرێت بە کەس یان لایەنێکی سزادراو و بلۆککراو، دەبێت راستەوخۆ بخرێتە نێو هەژمارێکی بانکیی بلۆککراوەوە.
وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم رێنماییە نوێیە هیچ مامەڵەیەکی دیکەی قەدەخەکراوی دەرەوەی ئەم رێنمایی و بانکە ناگرێتەوە و دەستبەجێ بە تەواوی دەبێتە جێگرەوەی مۆڵەتی پێشووی گەنجینە کە پێشتر لەو بارەیەوە دەرچووبوو.
رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2026،وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بانکەکە کە بنکەی سەرەکیی لەبەغدایە، خزمەتگوزاریی دارایی و دۆلاری ئەمریکی بۆدامەزراوەکانی حکومەتی ئێران دابین کردووە وپەیوەندیی راستەوخۆی بەو گرووپە چەکدارانەوە هەیەکە لە تارانەوە نزیکن.
دابینکردنی دۆلار بۆ تاران و گرووپە چەکدارەکان
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەم بانکە عێراقییە وەکو کەناڵێکی دارایی کاری کردووە بۆ دەربازبوون لە سزاکانی واشنتن بەسەر تاران دا، بەجۆرێک دەرفەتی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران رەخساندووە تاوەکو دۆلار لە عێراقەوە بکێشنەوە و بۆ چالاکییە سەربازی و داراییەکانیان لە ناوچەکەدا بەکاریبهێنن.
واشنتن جەختی کردەوە، ئەم سزایانە دەبنە هۆی بلۆککردنی سەرجەم سەروەت و سامانەکانی ئەو بانکە لەنێو خاکی ئەمریکادا و قەدەخەکردنی هەر مامەڵەیەکی دارایی بە دۆلار لەگەڵیدا. هاوکات هۆشداریی دایە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان کە هەر لایەنێک مامەڵە لەگەڵ ئەو بانکەدا بکات، رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.
لە نێوخۆی ئێرانیشدا، وەزارەتی گەنجینە سزای بەسەرهەردوو بانکی نێودەوڵەتیی جەزیرە و بانکی نێودەوڵەتیی چابەهاردا سەپاند کە مۆڵەتی مامەڵەکردنیان بە دراوی بیانی پێدرابوو تاوەکو بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان بەکاربهێنرێن.
سزادانی بانکەکە لە کاتێکدابوو کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی فیدراڵیی نیویۆرک چاودێرییەکی زۆر تووندیان بەسەر جووڵەی دۆلار لەعێراقدا سەپاندووە؛ لە ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا، زیاتر لە 20 بانکی ئەهلیی عێراقی لە مامەڵەکردن بەدۆلار بێبەش کران بەهۆی گومانی قاچاخکردنی دراو بۆئێران.
ئەم سزایانە لە چوارچێوەی (ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری) دایە کە لە 24ی ئابی ئەم ساڵدا لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە دەستیپێکرد، بە ئامانجی سەپاندنی سزای لاوەکی و دابڕینی تەواوەتیی هەر دامەزراوەیەکی دارایی بیانی لە سیستمی دارایی ئەمریکا کە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات.



