رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەغدا دەستیان بەسەر کارگەیەکی ساختەکردنی دەرماندا گرت کە 300 هەزار مادەی خاوی تێدا بووە بۆ ئەو ساختەکارییە. هەروەها شەش هاووڵاتی پاکستانی لەسەر ئەو کارە دەستگیرکراون.
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەو تۆڕە قوتووی دەرمانی دروستکراوی خۆماڵیان وەک دەرمانی براندە جیهانییەکان ساختە کردووە و لەزگەى ئەو کۆمپانیایانەیان لێداوە و بەسەر کۆگەکانى دەرمان و دەرمانخانەکاندا دابەشیان کردوون.
بەگوێرەی ئاژانسەکە 300 هەزار مادەی جیاواز لەو کارگەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە کە لە ساختەکردنی دەرمانەکاندا بەکارهێندراون.
بۆ ساختەکردنی دەرمان لەو کارگەیە نیشاستە و جەلی و دیکسۆن بەکارهاتووە و وەک ڤیتامین و خۆراکى تەواوکاری بەسەر دەرمانخانەکاندا دابەش کراون.
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی رایگەیاند، حەوت کەس لەسەر ئەو ساختەکارییەی دەرمان دەستگیرکراون کە شەشیان پاکستانى بوون.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەدوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، دەستیان گرتووە بەسەر سەرجەم ئەو دەرمانە ساختانەی کە بەسەر کۆگە و دەرمانخانەکاندا دابەشیان کردبوون.


