رووداو دیجیتاڵ
بانکى رافیدەین دەرگای پێشکێشکردنی بۆ وەجبەی دووەمی پێشینەی ئەلیکترۆنی کردەوە؛ ئەم بڕیارە فەرمانبەرانی دەوڵەت و خانەنشینان دەگرێتەوە کە خاوەنی کارتی بانکەکەن و مووچەکانیان لای ئەو بانکەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (28ی تشرینی یەکەمی 2026)، بانکى رافیدەین رایگەیاند: "ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی مووچەکانیان لە بانکەکەمانە، دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتنی پێشینە (سولفە) پێشکێش بکەن".
بانکی رافیدەین دەڵێت: "پێشکێشکردنی داواکارییەکان تەنیا لەرێگەی ئەپڵیکەیشنی (سوپەر کی) و بەشی تایبەت بە قەرزەکانی رافیدەین دەبێت کە بەپێی ئەو رێنماییە تەکنیکی و یاساییانە بەڕێوەدەچێت کە پێشتر پەسندکراون".
بەپێی رێنماییەکان، لە هەر قۆناخێکدا تەنیا پێنج هەزار داواکاری وەردەگیرێن، کاتێک ژمارەکە گەیشتە ئەو ئاستە، لینکەکە بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێ تاوەکو فەرمانبەرانی بانکەکە بتوانن وردبینی لە زانیارییەکان بکەن.
ئەم بڕیارە فەرمانبەرانی مەدەنی، سەربازی و خانەنشینان دەگرێتەوە کە مووچەکەیان لە بانکی رافیدەین وەردەگرن.
دوای تەواوبوونی مامەڵەکان، بڕی پارەی پێشینەکە دەخرێتە سەر ئەژماری بەکارهێنەرانی شایستە و دواتر لینکەکە کارا دەکرێتەوە.
بڕی پێشینەی بانکەکە لە 5 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 10 ملیۆن دینار، بە سوودی ساڵانەی 6٪ و دەبێت لە پێنچ ساڵدا قەرزەکە بداتەوە.


