رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر شەش هاووڵاتیی فەرەنسیدا دەکرد و یەکێکی دیکەشیانی بە 15 ساڵ زیندانی سزادا، ئەمەش بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش و کردنی تاوانی تیرۆریستی.
رۆژی سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، بە ئامادەبوونی پارێزەرانی بەرگریکار و نوێنەرانی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا، بڕیاری لەسەر دۆسیەی حەوت ئەندامی داعش داوە کە هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسین.
بەپێی بڕیارەکەی دادگە، شەش لەو تۆمەتبارانە سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە و تۆمەتباری حەوتەمیش بە 15 ساڵ زیندانی سزا دراوە.
ئەنجوومەنی دادوەری لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، سزادراوەکان پۆلێنی "زۆر مەترسیدار"یان بۆ کراوە، ئەمەش بەهۆی رۆڵیان لە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، تێکدانی سەقامگیری لە عێراق و سووریا، هەروەها دەستوەردان و هاندانیان بۆ کردەوەی تیرۆریستی لە وڵاتانی دیکە.
ئەو حەوت سزادراوە بەشێکن لە گرووپێکی 47 کەسیی داعش کە هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسین و لە تەممووزی ساڵی 2025 لە گرتووخانەکانی رۆژئاوای کوردستان رادەستی حکومەتی عێراق کران، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم تەواو کرا، دۆسیەکانیان بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رەوانەی دادگەی تایبەتمەند کرا.

